سياسەت, عێراق

مەسرور بارزانی: "حکوومەتی عێراق ١١ مانگە پشکی ھەرێمی کوردستانی لە بوودجەدا نەناردووە"

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "حکومەتی عێراق ١١ مانگە بەشی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە".

Sarmand Hameed   | 09.05.2021
مەسرور بارزانی: "حکوومەتی عێراق ١١ مانگە پشکی ھەرێمی کوردستانی لە بوودجەدا نەناردووە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی فیدراڵی تا ئێستا نەگەیشتووە، راشیگه‌یاند: "ماوەی ١١ مانگە حکوومەتی عێراق بەشی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە".

مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی پڕۆژەی ته‌له‌فریکی چیای زاوای گەشتیاریی لە شاری دھۆک، گوتارێکی پێشکەشکرد.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند: "ته‌له‌فریکی چیای زاوا تەنیا خزمەت بە خەڵکی دھۆک ناکات، بەڵکو سوودی بۆ تەواوی ھاووڵاتییانی کوردستان و گەشتییاران بە گشتی دەبێت".

مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە کارنامەی حکوومەت جەخت لەسەر دوو ئامانج دەکاتەوە، یەکەمیان چاکسازییە و دووەمیان ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھاتە، ئاماژەی بۆ ئەو ھەوڵ و کۆششانەش کرد کە بۆ درووستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری و کشتوکاڵی و پیشەسازی بۆ زیاترکردنی سەرچاوەکانی داھات دراون، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داھات نەبەسترێت.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆڵی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا لەپاڵ حکوومەتدا بەرز نرخاند، داواشیکرد زیاتر بەشداری لە پڕۆژەکانی حکوومەت بکەن بەئامانجی بەھێزکردنی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا، گەشبینی خۆشی نیشاندا کە داھاتوویەکی گەش چاوەڕوانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

مەسرور بارزانی گوتیشی: "بەرنامەی چاکسازییمان جێبەجێکردووە و پشت بەخودا و پشتیوانی ھاووڵاتییان بەردەوام دەبین لەسەر چاکسازی سەرەڕای بوونی ئاستەنگەکان کە ئامانجیان پەکخستنی چاکسازییە. کەس ناتوانێت رێگەمان بگرێت لە جێبەجێکردنی چاکسازی راستەقینەدا". روونیشی کردوەوە کە ھەرێمی کوردستان ساڵێکی سەختی تێپەڕکردووە، بەتایبەتیش دوای تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، کە ئەمەش کێشەی ئابووری لێکەوتەوە و کاریگەری نەرێنی لە دۆخی ئابووری و ژیانی ھاووڵاتییان کرد.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە دۆسیەی شایستە داراییەکان کرد و رایگەیاند بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتی فیدراڵی تائێستا نەگەیشتووە و رایگه‌یاند: "ماوەی ١١ مانگە حکوومەتی عێراق بەشی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ناوەستین و پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی لە تەواوی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین".

مەسرور بارزانی گەشبینی خۆیشی بە باشبوونی دۆخی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بە پشتگیری ھاووڵاتییان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت نیشاندا و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی دوو شتی گرنگن و دەبێت پارێزگاری لە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بکرێت، و ھەموو ھەوڵێکیشیان لەو پێناوەدا دەخەینەگەڕ.

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی ته‌له‌فریكی چیای زاوای گەشتیاری لە دھۆک یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکان کە بەرزییەکەی دەگاتە ٥٠٠ مەتر و درێژیەکەشی دوو ھەزار ٣٠٠ مەتر دەبێت، و تێچووی پڕۆژەکەش گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن دۆلار.

چیای زاوا لە دھۆک یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی دھۆک و بە درێژایی ساڵ خاوەن سرووشتێکی جوانە و بووەتە رووگەیەکی گرنگ بۆ ھاووڵاتییان و گەشتییاران.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın