سياسەت, عێراق

مه‌سرور بارزانی: "هه‌ندێك لایه‌ن رێگریی له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال ده‌كه‌ن''

مەسرور بارزانی: ''تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین لەسەری و بەربەستی زۆر ھەن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو خاڵانەش کە ھەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون، لەلایەن ھەندێک لایەنەوە رێگری لە جێبەجێکردنی دەکرێت"‌.

Heman Hussein Yaseen   | 07.04.2021
مه‌سرور بارزانی: "هه‌ندێك لایه‌ن رێگریی له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال ده‌كه‌ن''

Arbil

هه‌ولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە پەسەندکردنی بووجە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو کە ھەماھەنگییەکی دروست نییە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاشکرایشی کرد کە چەند لایەنێک رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال.

مەسرور بارزانی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی پەسەندکردنی بوودجە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق گوتی: ''ئێمە پابەندبوونی خۆمان بۆ حکوومەتی فیدراڵی رادەگەیەنین و چاوەڕێش دەکەین حکوومەتی فیدراڵی پابەندی خۆیان بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان رابگەیەنن".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، ئەو سێ مانگەی کە رۆیشتووە مەقاسە بکرێت، بزاندرێت کێ چەندی دەکەوێتە سەر، ئێمە لە پێش چاوی رای گشتی عێراقی و کوردستانی و جیھانی دەڵێین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، دەمانەوێت خەڵک خۆی دادوەر بێت و بزانێت حکوومەتی ھەرێم جێبەجێی کردووە، ھیوادارین حکوومەتی عێراقیش بەو جۆرە کار بکات کە بە ھەمان ئاراستە و نەفەس بێت".

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە خۆگونجان یان لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران گوتی: "سوپاسی ھەموو ئەو لایەنە سیاسی و پەرلەمانتارانە دەکەم کە باسی مووچە دەکەن بەبێ لێبڕین، دڵنیابن حکوومەت زیاتر لەوان دڵسۆزە بۆ ئەوەی لێبڕێن نەمێنێت، نامانەوێت کەس بڵێت داھات نییە و مووچە کەمە، ئێمە حەز دەکەین ئەمە روون بکەینەوە، ئێمە سێ داھاتی سەرەکیمان ھەیە، داھاتی بەغدا و نەوتی و نانەوتی، بەڵام قەرز و ئیلتیزاماتی دیکەی لەسەرە. قەرزی بانک و ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بۆ کۆمپانیای سۆمۆ و نیوەی داھاتی نانەوتی بۆ حکوومەتی فیدراڵی دەبێت، پێویستە بەراورد بکرێت لێرە داھات چەندە و چەند دەدرێتە حکوومەتی فیدراڵی و ئەوانیش چەند دەنێرن، داواشمان وایە لە حکوومەتی فیدراڵی ئەو خاڵە بەھەند وەربگرن و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی و لەکاتی خۆیدا بنێرن".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوور و رێککەوتننامەی شنگال لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی ئەم ناوچانە گوتی: ''ھێشتا مەترسی تیرۆر لەسەر عێراق بەردەوامە، مانەوەی ھاوپەیمانان بە گرنگ دەزانین، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی قسەمان کردووە، ماددەیەکی دەستوورییمان ھەیە کە ماددەی (١٤٠)ە، بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی نەھاتووەتە پێش بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو کارە، ھەندێک چارەسەری خێراش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆرییش ھەیە، بۆ نموونە ھەماھەنگی لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، بەڵام لایەنی بەرامبەر نەھاتووەتە پێش".

مەسرور بارزانی گوتیشی: ''تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین لەسەری و بەربەستی زۆر ھەن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو خاڵانەش کە ھەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون، لەلایەن ھەندێک لایەنەوە رێگری لە جێبەجێکردنی دەکرێت"‌.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پڕۆژەی چاکسازی و ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم گوتی: ''حکوومەتی ھەرێم کاری کردووە لەسەر چاکسازی و داھاتی زیادیکردووە، بەڵام دوو ھۆکار کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داھات ھەبووە، ئەوانیش پەتای کۆرۆنا و داتەپینی ئابووری لە جیھان و ناوچەکە. لە ھەندێک لە خاڵە سنوورییەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک کارەکان رێکخراون، ئەوانەی دیکەش کە ماون ھەموو گوشارێک دەکەین بۆ ئەوەی رێکبخرێنەوە و بە گوێرەی رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێم کار بکەن".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "پێشتر مەترسی لەسەر کڕیارانی نەوتی ھەرێم ھەبوو لەلایەن بەغداوە، بەڵام لەمەودوا قسە لەسەر ئەوە دەکەین و ئەو مەترسیانە نامێنن و دەتوانین گفتوگۆی لەسەر بکەین".

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانلە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەبارەی کێشەی زەوییەکانی ھەشتی حەسارۆک لە شاری ھەولێر کە ماوەی چەند سالێکە رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانییان راگیراوە گوتی: ''دەمانەوێت کێشەی ھەشتی حەسارۆک چارەسەر بکەین، داواکاری زۆر ھاتووە،‌ لەگەڵ پارێزگاری ھەولێریش قسەمان کردووە، رێگری نییە لە جێبەجێکردنی، بەڵکو پێویستە خزمەتگوزاری بۆ ببرێت، پرۆژەکە ھی پێشترە و دەستکاری زۆری زەوییەکان کراوە، بۆیە لە پێناو تێپەڕاندنی کارەکان بە شێوەی یاسایی کاری زیاتری دەوێت، لایەنی پەیوەندیداریشم راسپاردووە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın