سياسەت, عێراق

مستەفا کازمی: "هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکەینەوە"

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئیدانەی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغدا کرد و رایگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە ژمارەیەک لەو کەسانە دەستگیرکراون کە لە رووداوەکەدا تێوەگلاون و بەدوای ئەوانی دیکەشەوەن.

Sarmand Hameed   | 17.10.2020
مستەفا کازمی: "هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکەینەوە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئیدانەی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغدا کرد و رایگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە ژمارەیەک لەو کەسانە دەستگیرکراون کە لە رووداوەکەدا تێوەگلاون و بەدوای ئەوانی دیکەشەوەن.

مستەفا کازمی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە هەرسێ زمانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

کازمی نووسیوویەتی: "عێراقی هەرگیز بۆ مەرامی سیاسی دوژمنایەتی عێراقی ناکات. پێكەوە قۆناغی پێكدادانی تایفیمان تێپەڕاند و ناگەڕێینەوە دواوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا نووسیوویەتی: "هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکەینەوە".

مستەفا کازمی راشیگەیاندووە: "بەناوی گەل و دەوڵەتەوە بەرەنگاری هەر دوژمنکارییەک بەرامبەر بە عێراقییەكان دەبینەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی هەنگاوەکانی حکوومەت ئاشکرای کردووە کە ژمارەیەک لەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە بە هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پارتی لە بەغدا تێوەگلاون و نووسیوویەتی: "ژمارەیەک لە ئەنجامدرانمان دەستگیركردوون بەدوای ئەوانەی دیکەشەوەین".

پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، لەسەر رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ١٥ کەس دەستگیرکراون.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان سازكرد.

لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا.

هاوکات میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی ھێزی پاراستنی یاسا، لیوا جەواد دەڕاجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بە ھۆی ئەوەی نەیتوانیووە بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بپاریزیت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و سووتاندنی بارەگە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعڕەجی.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریداوە بە لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کارە کە سەرپێچی یاساییان کردووە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın