سياسەت

لێدوانی محەمەد حاجی مەحمود لە بارەی پێکھێنانی حکوومەت و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی

ـ سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود: "ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان جددیتر بووە و رەنگە لە میانی مانگێکدا حکوومەت پێکبێت".

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 11.02.2019
لێدوانی محەمەد حاجی مەحمود لە بارەی پێکھێنانی حکوومەت و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و داوایان لێکراوە بەشداری کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەو ئاماژە بەوەش دەکات ھەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان متمانەیان بەیەک نەماوە و بە ھۆی ئەو بێمتمانەییەوە پەنا بۆ رێککەوتنی دووقۆڵی دەبەن.

محەمەد حاجی مەحمود لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ھەوڵەکانی ھەردوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رێککەوتن و ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ھاوبەش لە نێوانیان قسەی کرد و گوتی: "لە دوای ئەو رێککەوتنەی کە خۆیان ناویان لێنا رێککەوتنامەی ستراتیجی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رەنگە ئێستا و بە تایبەت لە دوای دانانی سەرکۆماری عێراق لە لایەن یەکێتی ئەو رێککەوتنە کۆتایی پێھاتبێت و لەئێستاشدا ھەردوولا ھەوڵ دەدەن رێککەوتنێکی تر ئەنجام بدەن کە ئەو رێککەوتنەش لەم حاڵەتەی ئێستادا رەنگە ئاسان نەبێت چونکە پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەنگی زیاتری ھێناوە و کورسییەکانی زیاترە و دەنگ و کورسییەکانی یەکێتی کەمترە، ئەگەر رێک بکەون پێدەچێت ئەو رێککەوتنە بۆ چەند ساڵێکی داھاتوو بەو شێوەیە بڕوات و یەکێتی بە بەشەکەی خۆی رازی نەبێت کە ئەوەش یەکێکە لە کێشەکان".

ئەو گوتی: "ئەنجامی ناکۆکییەکانی ھەردوولا ئەوەیە بگەنە رێککەوتن و کۆتایی بە کێشەکانیان بھێنن، چونکە ئەگەر ئەو دوو حزبە رێکنەکەون ئەوا رەنگە کێشە بێت بۆ ھەموو لایەک، ھەروەھا باوی سەردەمی دوو ئیدارەیش نەماوە و چارەسەر تەنھا رێککەوتنە، بەڵام دەیانەوێت چەندێک زیاتریان دەست بکەوێت لە یەکتر و لەسەر ئەوە رێککەوتنەکەیان ماوەتەوە".

محەمەد حاجی مەحمود ھەروەھا گوتی: "لە نێوان ھەردوولا بێ متمانەییەک دروستبووە، بەتایبەت لە بارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک کە دەڵێن پێویستە لە یەک رۆژدا کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک ـ یش ئەنجام بدرێت، ئەوەش بێ متمانەیی ھەردوولایە و دەترسن لەوەی ئەو بڕیارێک بدات و ئەوی تر لەدەستی دەربچێت، ئەمەش وای کردووە قسە و لێدوانی پێچەوانەی یەکتر بدەن و قسەکانیان ھاوشێوەی یەک نەبێت".

لەسەر رێککەوتنەکە محەمەد حاجی مەحمود زیاتر قسەی کرد و گوتی: "ئەو رێککەوتنانەی ھەیە لەسەر بیرە نەوت و وەزارەت و پەرلەمان و باڵیۆز و ئەوانەی ترە و زیاتر رێککەوتنەکان بۆ بەرژەوەندی حزبەکان خۆیانە نەوەک یەکھەڵوێستی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، پێم وایە ئەم رێککەوتنە نوێیەی بڕیارە لە نێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامی بدەن پەیوەندی بە متمانەی نێوانیانەوە ھەیە کە زیاتر بێ متمانەیی ھەیە لە نێوانیان و رەنگە بە نووسراو و ئیمزا بگەنە ئەنجامێک تاوەکو ھیچ لایەکیان لە رێککەوتنەکە پەشیمان نەبێتەوە".

ھەفتەی رابردوو هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە، ھەردوولا رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش بۆ نووسینەوەی رەشنووسی رێککەوتنێکی سیاسی ھاوبەش لە نێوانیاندا.

سەبارەت بە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ئەو گوتی: "لە میانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت جددیتر بوون و رەنگە گەیشتبنە ئەنجامێک، پێدەچێت یەکێتی داوای ئەوە بکات سەرەتا ھەردوولا رێکبکەون لە نێوان خۆیاندا پاشان لەگەڵ لایەنەکانی تر گفتوگۆ بکەن، بەڵام پارتی دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕان ـ یش بھێنێتە ناو گفتوگۆ و دانوستانەکانەوە کە ئەوکات دەبنە سێ لایەن، بەڵام ئەم سێ لایەنە بەلای یەکێتی ـ یەوە قبوڵ نییە، وا دیارە لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان ھەردوولا و بەپێی لێدوانەکانی خۆیان ھەندێک ھەنگاویان نابێت، بەڵام بەپێی لێدوانە جیاجیاکانی خۆیان دەردەکەوێت کە تا ئێستا ماویانە بگەنە رێککەوتن".

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پێشبینی دەکات ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ جددیتر ببنەوە و لە میانی مانگێکدا حکوومەت پێکبھێنرێت.

لە بارەی گۆڕانکارییەکان لە کابینەی نوێی حکوومەت و گۆڕانی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر کاروباری حکوومەت، محەمەد حاجی مەحمود گوتی: "ھەموو گۆڕانکارییەک و ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە بە رێچکەی ئەوەی پێشووتردا نەچێتەوە، ھەروەھا کابینەی پێشووی حکوومەت کابینەیەکی باش نەبوو لە ھەمانکاتدا پەرلەمان ـ یش بەھەمانشێوە پەرلەمانێکی باش نەبوو، بەڵام ئێستا رەنگە جیاوازی ھەبێت و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و نەوت تا ئێستا بە بەردەوامی دەفرۆشرێت، ئەوانەش وا دەکات ئەگەر بەھێواشی ھەنگاوی بۆ بنێن و باری دارایی و ئابووری باش ببێت ئەوا کابینەی حکوومەت دەتوانێت ھەندێک ھەنگاو بنێت، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە سیستەممان نییە و ئەگەر سیستەمت نەبوو ھەرچەندە کەسەکان بگۆڕیت ھەر بە دوای ئەوە رێچکەیەی پێشتردا دەڕوات کە ھەبووە".

ئەو گوتیشی: "ئێمە سیستەمی بەڕێوەبردنمان نییە لە وڵاتدا کە دەستوورە کە دەستووریش نەبوو سیستەمی حوکمڕانی دیاری ناکرێت، ئەگەر سیستەمی حوکمڕانیش دیاری نەکرا ئەوکات یاساکان رێکناخرێت و مافی تاک و کۆمەڵ و پلانی وڵات دیاری ناکرێت، ئەوانەش نەبوو ئەوکات بە میزاج کار دەکرێت، بۆیە پێویستە کاری خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دانانی دەستوور بێت و ئەوکات بتوانێت پێوەر دابنێت بۆ ئەو کەسانەی بەرپرسیارێتی لە ھەرێم وەردەگرن".

سکرتێری حزبی سۆسیالیست لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا باس لەوە دەکات لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنی براوەی ھەڵبژاردن گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و داوایان لێکراوە بەشداری حکوومەت بکەن، ئەو گوتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ کراوە و باسکراوە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆیەکی جددی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، چونکە ئەوەی تا ئێستا ھەیە تەنھا کۆبوونەوەی حزبەکانە و پەرلەمانی کوردستانیش تا ئێستا کۆبوونەوەی خۆی نەکردووە و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی دانەندراوە، بە دانانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوکات داوا لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکرێت کە حکوومەت پێکبھێنن، دوای ئەوە ئەو کەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت بەڕەسمی دەست بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان دەکات".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın