سياسەت

كۆبوونه‌وه‌ی نهێنیی حكوومه‌ته‌كه‌ی مادورۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا

- سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆلاس مادورۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، جۆرج ئاریزا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ ڤێنیزوێلا، ئێلیۆت ئه‌برامس به‌نهێنیی له‌ نیویۆرك كۆبووه‌ته‌وه‌.

Zehra Ulucak,Hemın Othman Mohammed,Ramal Abdullah Mahmood   | 15.02.2019
كۆبوونه‌وه‌ی نهێنیی حكوومه‌ته‌كه‌ی مادورۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا

Ankara

ئه‌نقه‌ره‌ - AA

سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا، نیكۆلاس مادورۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، جۆرج ئاریزا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ ڤێنیزوێلا، ئێلیۆت ئه‌برامس به‌نهێنیی له‌ نیویۆرك كۆبووه‌ته‌وه‌.

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سۆشییه‌تت پرێس (AP)، مادورۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نهێنیی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌بووه‌ و، پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ به‌ سه‌لامه‌تی له‌و كه‌مپینه‌ بێ هاوتایه‌ ده‌رده‌چێت كه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆئه‌وه‌ی ناچاری بكه‌ن ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌.

مادورۆ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌كانی نیویۆركدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئاریزا به‌ تایبه‌تی بانگهێشتی نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ ڤێنیزوێلا ئه‌برامس-ی كردووه‌ سه‌ردانی وڵاته‌كه‌مان بكات به‌ ئاشكرا یان نهێنیی و، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ریه‌ك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ چه‌ند كاتژمێرێكی خایاندووه‌.

نیكۆلاس مادورۆ ئومێدی خواست له‌ كورتترین ماوه‌دا له‌گه‌ل سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ كۆببێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی پاش بڕیاری ئه‌مریكا بۆ ناساندنی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆنی ڤێنیزوێلا، خوان گوایدۆ وه‌ك سه‌رۆكی كاتیی ده‌وڵه‌ت سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

به‌رپرسێكی حكوومه‌تی ئه‌مریكا كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت له‌ واشنتۆن باسی له‌وه‌ كرد كه‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكی ده‌خوازن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڤێنیزوێلا كه‌ مادورۆشیان له‌نێودایه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ده‌ستاوده‌ستكردن و راده‌ستكردنی حكوومه‌ت.

دوو به‌رپرسی ڤێنیزویلی كه‌ ناویان پارێزراوه‌ رایانگه‌یاندووه‌ له‌ سه‌ر داوای ئه‌مریكا دوو كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان ئاڕێئزا و ئابرامس ئه‌نجام داون.

ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌ "دوژمنكارانه‌" ناوبردووه‌ كه‌ له‌ ‌ له‌ ٢٦ی كانوونی دووه‌م ئه‌نجام دراوه‌ و دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ش له‌ كه‌شێكی كه‌مێك گرژتردا له‌ ١١ی شوبات ئه‌نجام دراوه‌.

مادورۆ به‌ پێویستی زانی هه‌موو ڤێنیزویلییه‌كان كاردانه‌وه‌یان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی تره‌مپ "ده‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی" له‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵبگرێت كه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی نه‌وته‌ له‌ جیهان و گوتی: "دۆناڵد تره‌مپ به‌ ده‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی زیان به‌ ڤێنیزوێلا ده‌گه‌یه‌نێت".

مادورۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا داهاتی نه‌وت و سامانی ده‌ریایی ڤێنیزوێلای بلۆك كردووه‌ كه‌ به‌ میلیاران دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت "پاشماوه‌ی" قوتووه‌كانی هاوكاری مرۆیی له‌ جبه‌خانه‌یه‌كدا ناردووه‌ بۆ سنووری كۆڵۆمبیا و گوتی: "پاره‌مان لێ ده‌دزن و دواتر ده‌ڵێن 'لێره‌ ئه‌و پاشماوانه‌ وه‌ربگرن'، له‌و رێگایه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێین 'نا بۆ خۆده‌رخستنی نێوده‌وڵه‌تی' كێ بیه‌وێت هاوكاری ڤێنیزوێلا بكات به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازی لێ ده‌كه‌ین. به‌ڵام توانای ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پاره‌ی پێداویستییه‌كانمان بده‌ین".

مادورۆ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وێڕای ئه‌و گوشاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیانه‌ی خراونه‌ته‌ سه‌ری له‌ ده‌سه‌ڵات نایه‌ته‌ خواره‌وه‌ و ده‌ستله‌كارناكێشێته‌وه‌.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın