Heman Hussein Yaseen
30 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پارتی تەقەدووم، محەمەد حەلبووسی لە ھەولێر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ھاوبەشی ڕۆژنامەوانییدا تیشکیان خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان و جەختیان لە پاڵپشتی بۆ حکوومەتی عێراق کردەوە و ڕایانگەیاند کە دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت کە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی گوتی: "خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لەگەڵ بەڕێز حەلبووسی کۆبووینەوە و باسی پەیوەندیی دوولایەنەی خۆمان و حزبی تەقەدووممان کرد، لەوەی چۆن ھاوکاری و ھەماھەنگیی یەکتر بکەین، بەتایبەت لەو بارودۆخە ھەستیارەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ھاوکاریی حکوومەتی ئێستای عەلی زەیدی بکەین لەوەی بتوانینێت لەو دۆخەدا ئیدارەی ئەو ھەموو قەیرانە بکات کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ و ئامادەشین بۆ ھەموو ھاوکارییەک لەگەڵ ھاوبەشانمان لە عێراق".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدووم، محەمەد حەلبووسی گوتی: "ئەمڕۆ شەرەفمەندبووین کە سەردانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانمان کرد و لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەوە، ھەروەھا دیدارمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت، لە کۆبوونەوەکەماندا، باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاوکاریی و ھەماھەنگیی کرد بە تایبەت ئەو دۆخەی کە ئێستا ناوچەیە بەخۆیەوە دەیبینێت، ھاوکات پشتیوانی حکوومەت و سەرۆکوەزیران زەیدی دەبین بۆ پاراستنی سەروەری عێڕاق و ئەرکی ھێزە سیاسییەکانیشە کە بەرژەوەندیی خەڵک لەبەرچاوبگرن، ڕەنگە لە ڕابردوودا بۆچوونی جیاوازمان ھەبووبێت بەڵام ئێستا بەرژەوەندی باڵا وا دەخوازێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە".