
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی دەباشان کۆتایی هات.
کاتژمێر ١١:٣٠ی ئەمڕۆ، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی سەردانی گردی دەباشانی کرد و لەوێ لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆکان، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا .
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو، لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسیی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ھەرێم کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە.
کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاند و دواتر هەردوولا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە خۆی لە سێ خاڵدا دەبینیەوە و تیادا هاتووە:
"بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکوومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان و ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بوودجەی ٢٠٢١ فیدراڵی و پێشوازی لە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھاتووە".
هەروەها هاتووە "زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە".
ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.