سياسەت, عێراق

روونکردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست ده‌درێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌باس فه‌تاح: ''لەو بارودۆخەی ئێستا وەکو پەرلەمانتار کە نەتوانین چاودێری حکوومەت بکەین و نەتوانین ھیچ پڕۆژەیاسا و بڕیارێک جێبەجێ بکەین، ناکرێت راستییەکان بە خەڵکی کورستان رانەگەیه‌نین''.

Heman Hussein Yaseen   | 03.12.2019
روونکردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست ده‌درێت

Arbil

هه‌ولێر - AA

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌باس فه‌تاح (سەربە فراکسیۆنی یەکێتی) رایگەیاند كه‌ ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی فراکسیۆنی یەکێتی پێشکەشی دەکات پەکبخرێت.

عه‌باس فه‌تاح له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا گوتی: ''به‌داخه‌وه‌ له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست نەخراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان''.

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌باس فه‌تاح گوتیشی: ''فەرمانبەرانی گرێبەست کە ماوەی چەندین ساڵە بە گرێبەست دەوام دەکەن، رۆژانە خەڵکێكی زۆر پرسیارمان رووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ لەو بارودۆخەی ئێستا وەکو پەرلەمانتار کە نەتوانین چاودێری حکوومەت بکەین و نەتوانین ھیچ پڕۆژەیاسا و بڕیارێک جێبەجێ بکەین، ناکرێت راستییەکان بە خەڵکی کورستان رانەگەیه‌نین''.

عه‌باس فه‌تاح له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان ٢٠ پڕۆژه‌یاسای پێشنیازكردووه‌ و تا ئێستا هه‌نگاوی به‌ره‌وه‌پێشچوونی بۆ نه‌نراوه‌ و گوتی: ''راستە سێ لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێکھێنەری ئەو حکوومەتەین، فراکسیۆنی یەکێتی ٢٠ پرۆژەیاسای پێشنیازکردووە، لەسەره‌تای دەستبەکاربوونی پەرلەمان ھیچ جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکان نەبووە، ھەر پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت پێویستە ھەموومان پشتگیری بکەین بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوەی دەبینین و تێبینی دەکرێت ھەست دەکرێت دەیانەوێت ئه‌و ھەموو پڕۆژە یاسایانەی فراکسیۆنی یەکێتی پێشکەشی کردووە پەکبخرێت''.

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌باس فه‌تاح گوتیشی: ''پڕۆژەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست کە چاوەڕوان دەکرا لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، حکوومەت دوای ٢٣ رۆژ وەڵامی داوەتەوە دەڵێت ھیچ بارگرانییەکی دارایی دروست ناکات، بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی ٢٩ هەزار و ٨٨٦ فەرمانبەری گرێبەست ھەیه‌ کە بوودجەکەیان دەگاتە ١٤ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار، ئەگەر بکرێنە ھەمیشەیی بوودجەکەیان دەبێت بە ١٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار''.

عه‌باس فه‌تاح گوتیشی: ''دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان خستیە بەرنامەی کار، رۆژی دواتر حکوومەت داوای کرد پڕۆژەکەی بۆ بگەڕێننەوە، گوایا ھەندێك کەموکوڕی لە ئامارەکە ھەیە بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن، بەڵام بەھیچ جۆرێک پەیڕەوی ناوخۆ رێگا بە پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی نادات پرۆژەکە بۆ حکوومەت بگەڕێنینەوە، بەڵام لە پێناو ئەوەی ئاڵۆزی لە نێوان فراکسیۆنەکان دروست نەبێت، دوو ھەفتە مۆڵەت بە حکوومەت درا بۆ ئەوەی ئامارەکان تەواو بکەن، بەڵام بەداخەوە نووسراوی حکوومەت دەڵێت نەمانتوانیووە ئامارەکان رێکبخەین لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەین تەواوی بکەین''.

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌باس فه‌تاح جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كار و گوتی: ''دەبوو لەمیانی ٢١ رۆژدا لیژنەی یاسایی راپۆرتی بۆ ئامادەبکرێت و لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٧ رۆژ، ئەو پڕۆژەیە نەک نەخراوەتە بەرنامەی کار، به‌ڵكو تەنھا ئاگادار کراوینەتەوە کە ھێشتا حکوومەت ئامادە نییە، بۆیە پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران ئامادەکاری بکەین بۆ ئەوەی ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەی نەخرێتە بەرنامەی کار لە ھەفتەی داھاتوو بخرێتە بەرنامەی کار و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت''.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın