سياسەت, عێراق

جووتیار عادل: "سەرۆکی حکوومەت داوا لە ھەموو لایەک دەکات خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان"

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

Sarmand Hameed   | 03.03.2021
جووتیار عادل: "سەرۆکی حکوومەت داوا لە ھەموو لایەک دەکات خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان"

Arbil

هەولێر - AA

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی ھیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لەسەر ھەموو کەیسەکان بدات.

جوتیار عادل لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە کە ھیچ کەیسێک پشتگوێ نەخرێت، لە وانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و ھاوژین و منداڵەکەی.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راشیگەیاندووە کە مەسرور بارزانی داوا لە ھەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان.

ئەم راگەیاندراوەی گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، لایەنەکان دەستیان لە كاروباری دادگا وەرداوە بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێن کە تۆمەتبارن بەهێرشکردنەسەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، غالب محەمەد.

لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی "دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادبكرێن‌ و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، بۆیە سەرۆكی حكوومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەكرد".

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاندووە "هەر ئەو حكوومەتە كە لە كەیسی دەستگیركردنی پێنج چالاكوانەكەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەكان دەكرد كە دەستوەردان لە كاروباری دادگا نەكەن، كەچی هەمان حكوومەت بەئاشكرا و بە هەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی سێ ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگری هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركراون".

ئێوارەی رۆژی هەینی رێککەوتی ٢٦ی شوباتی رابردوو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سلێمانی بە چەقۆ هێرشکرایە سەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی، غالب محەمەد و بریندار کرا.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın