سياسەت, عێراق

بەرھەم ساڵح پێشوازی لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھیوای کوردستانی کرد

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھیوای کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و کوردستانیان کرد.

Zana Natık Kerem   | 12.01.2021
بەرھەم ساڵح پێشوازی لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھیوای کوردستانی کرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھیوای کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و کوردستانیان کرد.

نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە بەرھەم ئەحمەد سالح لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی ھیوای کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و کوردستان و کێشە کەڵەکەبووەکان گفتوگۆیان کردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، "لە دیدارەکەدا، بەگرنگییەوە باس لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کراوە و جەختکراوەتەوە لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو و لەبار و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و گوشار" کراوەتەوە.

هەروەها هاتووە: "لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستی خستنەگەڕی گشت ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و کۆتایی ھێنان بەم دۆخە نالەبارە، ھاوکات باس لەوەشکراوە کە گرنگە بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ زامنی مافەکانی تەواوی خەڵک بکات بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیشەوە".

ھەر لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح دووپاتیکرووەتەوە کە "پێویستە درێژە بە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەر و جددی بدرێت بە ئامانجی ھێنانەکایەی خواستی ھاوبەش لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر لەبارەی دۆسێی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، وەک مافێکی دەستووری رەوا، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی ھاووڵاتییان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان".

دوێنێ دووشەممە، ١٥ ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھاوپەیمانییەکیان بە ناوی "ھیوای کوردستانی" راگەیاند و ئاماژەیان بەوە دابوو کە ئامانجیان لە دروستکردنی ھاوپەیمانییەکە، "راستکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو و کۆتاییھێنانە بە قۆرخکاری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان"ە.

ئەندامانی ھاوپەیمانیی "ھیوای کوردستانی" بریتین لە رێبوار کەریم، عەبدولباری مەجید، ئەحمەد حمە رەشید، سەلیم ھەمزە، یوسف محەممەد، بەھار مەحموود، کاوە محەممەد، ھۆشیار عەبدوڵڵا، غالب محەممەد، جەمال کۆچەر، موسەننا ئەمین، سەرکەوت شەمسەدین، رابوون مەعروف، سروە ونس و یوسرا رەجەب.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın