سياسەت

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.

Heman Hussein Yaseen   | 15.09.2021
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک دەخرێتەڕوو کە بریتیین لە؛ خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بە ئاراستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و رۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ پیادەکردنی مافی دەنگدان.

ئاماژە بەوەیش کراوە کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە؛ بەدواداچوونی ھەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە ٦٣ لە یەکی ئەیلوولی ٢٠٢١ تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارھێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی ھاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاندووە کە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر، بڕیاردان لەسەر رەشنووسی (پلانی نیشتمانیی ھەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری خرایەڕوو بۆ ئەنجوومەن و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها رەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی پاڵپشتی گەشەپێدانی رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق) کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە ھەماھەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابووری، ناوخۆ) ئامادەکراوە، دەخرێتەڕوو.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın