سياسەت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات

- ھەفتەی داھاتوو شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بوودجە سەردانی بەغدا دەکات. - بانگھێشتی لیژنەکانی (دارایی، نەوت و گاز و یاسایی) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

Hamit Hüseyin   | 11.09.2019
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات

Arbil

ھەولێر - AA

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

ماڵپەری فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ھاوبەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی هەشتی ئەیلوول لە ھەولێر بەسترا خستەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، ھەفتەی داھاتوو شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بوودجە و بەشداری ھەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی ٢٠٢٠ لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ . ھەروەھا بانگھێشتی لیژنەکانی (دارایی، نەوت وگاز و یاسایی) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ ھەرێمی کوردستان بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە ٢٠١٩/٩/١٢ شاندێکی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی ھەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبھێرێت بۆ ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە.

کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریە)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێکخستنەوەی باج.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın