Zana Natık Kerem
24 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2026
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر ڕایانگەیاند کە بەھۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ژینگەی ئەمنی لە ناوچەکە ئاڵۆزبووە و داواشیان لە ھاووڵاتییانی وڵاتەکەیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد کە لەوپەڕی ئامادەباشیدابن بۆ ئەگەری ھەر دۆخێکی چاوەڕواننەکراو.
لە ھۆشدارییەکی ئەمنییدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر بڵاوکراوەتەوە تیایدا ھاتووە: "بەھۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ژینگەی ئەمنی بە لە ناوچەکە ئاڵۆزی بووە و ئەگەری ھەیە دۆخەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکرا ئاڵۆزتر بێت".
ھەروەھا لە ھۆشدارییە ئەمنییەکەدا داوا لە ھاووڵاتییانی ئەمریکا کە ئێستا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن خۆیان ئامادە بکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانی وڵاتان لەوبارەیەوە ئاگاداری دۆخەکە بن.
لە بەشێکی دیکەی ھۆشدارییە ئەمنییەکەدا باس لەوە کراوە کە ھەندێک لە ھێڵە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا، کاتی دەستپێکردنەوەی خشتەی گەشتەکانی پێشوویان دواخستووە و ھەندێکی دیکەشیان چەندین گەشتیان بەتەواوی ھەڵوەشاندووەتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش داوا ھاووڵاتییانی ئەمریکا کراوە کە لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانی ھەولێر، سلێمانی، بەغدا و بەسرە بەدواداچوون بۆ گەشتەکانیان بکەن.
ھەر لە ھۆشدارییە ئەمنییەکەدا داوا لەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانە کراوە کە لە دەرەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، پێداچوونەوە بە گەشتەکانی ھاتن و چوون بکەن بۆ ناوچەکە.
ھەروەھا لە ھۆشدارییە ئەمنییەکەدا، ھاتووە: "دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش کراونەتە ئامانج، بۆیە ئەگەری ھەیە ئێران و ئەو گرووپانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوە یان لەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاو ھەیە لە سەرانسەری جیھان بکەنە ئامانج".
لە ھۆشدارییە ئەمنییەکاندا داوا لە ھاووڵاتییانی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە کە بە وریاوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن و رێنماییەکانی دامودەزگا ناوخۆییەکان جێبەجێ بکەن."
ھەروەھا لە ھۆشداری ئەوەش دراوە کە ئەگەری ھەیە بەھۆی خراپی دۆخەکەوە، ئاسمانیی عێراق لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دابخرێت و داوا لە ھاووڵاتییانی ئەمریکا کراوە لە ئەگەری ڕوودانی ھەر ھێرشێکیشدا، ڕوو لە شوێنە ئارامەکان بکەن و لە کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکان خۆیان بپارێزن.
لە ھۆشدارییە ئەمنییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە نێردەی ئەمریکا لە عێراق بە کراوەیی دەمێنێتەوە ھەرچەندە بڕیاری دەرچوونی ناچاریی کارمەندانیان لە ئارادایە، بەڵام ھاووڵاتییانی ئەمریکا دەتوانن پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەیان لە ھەولێر بکەن.