Laith Al-jnaidi
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەرەو ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە سنووردارکردنی وڵاتەکەی ھەنگاو دەنێت، لەوانە دەرھێنانی سووریا لە لیستی "وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر" کە لە ساڵی ١٩٧٩ دەرکراوە.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە دوای ئەوە دێت کە بە نێوەندگیری سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سعوودیە، سزاکانی یاسای قەیسەر لەسەر سووریا لەلایەن ئەمریکاوە ھەڵوشێندراونەتەوە.
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە گوتی: "ساڵی ڕابردوو بە نێوەندگیری سعوودیە و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمریکا سزاکانی یاسای قەیسەر لەسەر سووریا ھەڵوەشاندەوە".
ئەحمەد شەرع باسی لەوەش کرد کە ئێستا ئەمریکا بە ئاراستەی دەرھێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر ھەنگاو دەنێت و گوتی: "بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەرھێنانی سووریا لە لیستی "پالپشتیکاری تیرۆر" دوای ٤٥ ڕۆژ لە کۆنگرێسی ئەمریکا، دەردەکرێت".
ــ پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ڕووسیا
ئەحمەد شەرع سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا، ئەوە گوتی: "ھێشتا گفتوگۆمان لەگەڵ ڕووسیا لەبارەی داھاتووی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا تەواو نەکردووە".
سەرکۆماری سووریا گوتیشی: " ئێمە بەرژەوەندی زۆرمان لەگەڵ ڕووسیا ھەیە، لەبەر ئەوە ڕووسیا بەخێرایی لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا کردەوە".
ــ ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند کە ھەوڵدەدەن بگەنە ڕێککەوتنێکی ئەمنی ھاوسەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و گوتی: "بە بەشداری ژمارەیەک وڵات، ھەوڵدەدەین بگەیەنە ڕێککەوتنێکی ئەمنی بۆ ئەوەی فشار بخرێتە ئیسرائیل تا سیاسیەتێکی ھاوسەنگ لەگەڵ سووریا پەیڕەو بکات و ئاشتییەکی گشتگیر بەدی بێت، بێ ئەوەی سووریا دەستبەرداری مافی خۆی بێت لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو".
ــ سنووردارکردنی چەک لە لوبنان لەلایەن حکوومەتەوە
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع سەبارەت بە دۆسیەی بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە لوبنان، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پاڵپشتی سەروەریی دامەزاروە فەرمییەکان لە لوبنان دەکات و جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لە لوبنان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەنجامی کارەساتباری لێکەوتووەتەوە.
ئەحمەد شەرع گوتیشی: "پاڵپشتی لە حکوومەتی لوبنان دەکەین لەبارەی سنووردارکردنی چەک، ھەروەھا بڕیارەکەی لەسەر ئاشتی و جەنگ".
ئەحمەد شەرع ڕاشیگەیاند: "ئێمە ھەوڵدەدەین ڕێگاکانی چارەسەر پێشکەش بە حکوومەتی لوبنان بکەین، بێ دەستوەردانی سەربازی لە لوبناندا بکەین".
- پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق، بەردەوام بەرەو باشی دەچن.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامدا کە لە میانیدا باسیان لە ڕێڕەوی سیاسی سووریا و کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بەو گروپە چەکدارانەی کە لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا جیگیرکراون کردووە.
ــ گەڕانەوەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار پەنابەری سووریایی بۆ زێدی خۆیان
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تا ئێستا، سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەحمەد شەرع سەبارەت بە دۆسیەی کورد لە وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەشدا کە مەرسوومێکی فەرمی بۆ پێدانی مافی ھاووڵاتیبوون "ڕەگەزنامە" بە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس کە پێشتر بێبەش کرابوون، جگە لەوەش دانیان ناوە بە مافە کلتورییەکان و پێدانی پشووی نیشتمانی کوردی وەک "پشووی فەرمی لە سووریا".
ــ گەشەکردنی وەبەرھێنان لە سووریا
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع لەبارەی دۆخی ئابووری لە وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە کە بەشێوەیەکی بەرچاوە، وەبەرھێنان لە سووریا گەشەی کردووە.
ئەحمەد شەرع ڕاشیگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦، سێ ھەزار و ٧٠٠ ھێڵی نوێی بەرھەمھێنان لە سووریا دامەزرێندراون.