سياسەت

ئەبوبەکر هەڵەدنی باس لە پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەبوبەکر هەڵەدنی: "گەورەترین گەندەڵی لەبواری خانەنشینی سەربازییدا هەیە و ئەو پرۆژەیە هەوڵێکە بۆ چاکسازی دادپەروەرییانە"

Rewa Mahmood Hasan   | 12.01.2020
ئەبوبەکر هەڵەدنی باس لە پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

وابڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژەیاسای چاکسازی، دەستپێکێکە، هەنگاوێکی درەنگوەختە، بەڵام هەموو چاکسازی نییە، راستکردنەوەی هەڵەی ٢٨ ساڵ حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیە کە بەهەدەردانێکی زۆر هەبووە لە مووچە و ئیمتیازات، کەسانی ناشایستە بەشێوەیەکی نایاسایی خزێنراونەتە نێو سلکی مەدەنی، سەربازی و فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئەمە هەنگاوێکە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە جۆرێک لە دادپەروەریی دێنێتە کا

ئەبوبەکر هەڵەدنی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆی پرۆژەیاسای چاکسازی، دەستپێکێکە، هەنگاوێکی درەنگوەختە، بەڵام هەموو چاکسازی نییە، راستکردنەوەی هەڵەی ٢٨ ساڵ حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیە کە بەهەدەردانێکی زۆر هەبووە لە مووچە و ئیمتیازات، کەسانی ناشایستە بەشێوەیەکی نایاسایی خزێنراونەتە نێو سلکی مەدەنی، سەربازی و فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئەمە هەنگاوێکە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە جۆرێک لە دادپەروەریی دێنێتە کایەوە، بەڵام هەموو چاکسازی نییە، چاکسازی راستەقینە دەبێت لە داهاتی ناوخۆ کە پێکدێت لە گومرکەکان، فڕۆکەخانەکان، بانەوانی (موساتەحە) لە کارەبا و سامانە سروشتییەکان دەبێت لەمانە بکرێت".


- ''گەورەترین گەندەڵی لەبواری خانەنشینی سەربازییدا هەیە و ئەو پرۆژەیە هەوڵێکە بۆ چاکسازی دادپەروەرییانە''

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەبوبەکر هەڵەدنی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا کە ئایا ئەو رەخنانەی لە پرۆژە یاساکە دەگیرێت لەلایەن هەندێک نووسەر و چالاکوانی بواری مەدەنی و کەسانی یاساییەوە کە باس لەوە دەکرێت ئەم پرۆژە یاسایە بە هەوڵێک بۆ بە یاساییکردنی خانەنشینی پلەباڵاکان و بە قازانجی مووچەی ئەوان دەشکێتەوە ئاماژەی بەوەدا کە دووجۆر راوبۆچوون لەنێوان لیژنەکانی نێو پەرلەمان لەبارەی پرۆژە یاساکەوە هەیە و گوتی: "بیروبۆچوونێک هەیە پێی وایە هاوشێوەی بەغدا ١٥ ساڵ خزمەت و ٥٠ ساڵ تەمەن بکرێتە بنەمای خانەنشینان، هاوکات خانەنشینی پەرلەمانتار بە فۆرمی چوار ساڵی رابردوو هەڵبوەشێتەوە، واتە بۆ ئەوانەی کە ساڵانی خزمەتیان نییە یان تەمەنیان نییە، رای دووەم ئەوەیە خانەنشینی لە سنوورێکی گونجاودا بهێڵرێتەوە، بەڵام سەرنجەکان لەسەر پەرلەمانتار چڕبوونەتەوە، دەبێت خەڵکی کوردستان و هاووڵاتییان ئەوە بزانن کە هەرچوار خولەکەی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی ٥٠٠ کەس خانەنشین بووە، هەمووی ناکاتە سێ ملیار دینار، واتە ناکاتە لەسەدا یەکی بوودجەی هەرێم، گەورەترین گەندەڵی لە کەرتی سەربازیدا هەیە، بە ئاسایش، پێشمەرگە و خانەنشینی کەرتی سەربازیی''.

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاشکرایکرد کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان مووچەی خانەنشینی رێکبخرێتەوە بە پەرلەمانتارەکانیشەوە، چونکە نادادپەروەریی تێدایە و گوتی: ''پەرلەمانتارێک هیچ خزمەتێکی نییە بە چوار ساڵ خزمەتی پەرلەمانەوە بەم شێوەیە خانەنشین بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەمەدا نین، بەڵکو لەگەڵ رێکخستنەوەیداین، بەڵام بەشێوازێک کە شکۆی دامەزراوەکە بپارێزرێت، هاوکات دادپەروەریی دروست بکات".

- ''شەش لیژنەی پەرلەمان بەشدارن لە داڕشنتەوە و ئامادەکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی هەرێم''

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاماژە بەوە دەکات کە شەش لیژنەی پەرلەمانی بەشداربوون لە ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەدا ئەوانەش لیژنەکانی دارایی، شەهیدان، ناوخۆ، پێشمەرگە و کاروباری پەرلەمان کە ماوەی دوو مانگە سەرقاڵی داڕشتنەوەیین.

ئەبوبەکر هەڵەدنی باس لەوە دەکات کە پرۆژە یاساکە ١٩ ماددە لەخۆدەگرێت و ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەو پێشی وایە کە سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کە حەزبە چاکسازی دەکەن، دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە دەدەن بۆ تێپەڕاندن.

بەگوێرەی دەقی پرۆژە یاساكە كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتووە، دەردەكەوێت پرۆژە یاساكە لە ١٩ ماددە پێكهاتووە و ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە هۆكاری دەركردنی پرۆژە یاساكە نووسیویەتی "لەپێناوی رێكخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لەسەرجەم بوارەكانی (شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) و هەروەها تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكان و رێگرتن لە سوود وەرگرتنی ناڕەوا و نایاسایی لە تەرخانكراوەكانی بوودجەی گشتی و لەپێناوی زامنكردنی مووچەی موچەخۆر و خانەنشین و سوودمەندی چاودێری كۆمەڵایەتی شایستە ئەم یاسایە دەركراوە".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın