رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

سنی سنیانێ.. یارییەکی کۆنی عێراقییەکان له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا

- یاری سینی سنیانێ کە تورکمانەکانی عێراق شەوانی رەمەزانی خۆیانی پێی بەڕێ دەکەن، ئێستاکە بە بێ گرنگیدان بە نەتەوە و ئایینە جیاجیاکان، هەموو پێکهاتەکان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە.

Heman Hussein Yaseen   | 11.05.2021
سنی سنیانێ.. یارییەکی کۆنی عێراقییەکان له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا

Arbil

هه‌ولێر - AA هێمن حوسێن

ھەندێک یاری ھەن کە مێژوویەکی کۆنیان ھەیە و لە دێرزەمانەوە خەڵک بۆ خۆشی خۆیان ئەنجامی دەدەن و هەندێک لە یارییەکانیش بەشێوەی کۆمەڵ ئەنجام دەدرێن.

یاری سنی سنیانێ یان سنی و زەرف کە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، ئیتر دەستە دەستە ئارەزوومەندانی ئەم یارییە لە پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و تا نزیک پارشێو ئەم یارییە ئەنجام دەدەن.

لە ھەولێریش بەھۆی کەشێکی تایبەت و بوونی چەندین پێکھاتە تیایدا، ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، یاریزانان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی یاری سینی سنیانێ دەکەن و چەند یاریزانێک بەشێوەی تیم دابەش دەبن.

یاری سنی سنیانێ لە سنییەک و ١١ زەرف پێکدێت لە شتێکی بچووک لە یەکێک لە زەرفەکان دەشاردرێتەوە و لەلایەن دوو تیمی سێ کەسییەوە ئەنجام دەدرێت، یاریزان دەتوانێت لە کۆی ١١ زەرف، نۆ دانەی بەتاڵ بکاتەوە و دوو دانەیشی وەک گوڵ لێبدات.

یه‌كێك له‌و یاریزانانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی یاریكردنی سنی سنیانێیه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م یارییه‌ به‌هۆی بوونی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌ولێر و كه‌ركووك، ساڵانه‌ به‌رده‌وام له‌و دوو شاره‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

یاریزانی سنی سنیانێ، حیکمەت فەتاح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت: ''یاری سنی سنیانێ لە مانگی رەمەزان ئه‌نجام ده‌درێت، بەتایبەت لە شاری ھەولێر و کەرکووک و ئەمساڵ لە سلێمانیش ئەنجامدرا''.

حیكمه‌ت فه‌تاح گوتی: ''ئەم سینییە واتایەکی خۆی ھەیە، بە مانای ساڵ دێت، زارەکان بە مانای مانگ دێن، رەمەزانەکە سوڵتانی مانگەکانە، ئێمە چێژی لێ دەبینین و مانگی رەمەزان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و جاری وا ھه‌یە تا پارشێو له‌ یاریكردن به‌رده‌وام ده‌بین''.

به‌گوته‌ی حیكمه‌ت فه‌تاح له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا چه‌ند خولێك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیمی براوه‌ خه‌ڵاتی كۆتایی وه‌رگرێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: ''له‌م مانگه‌دا خولێک دەکەینەوە بۆ ٣٢ تیم و له‌ كۆتاییدا یەک تیم دەمێنێتەوە و خەڵاتی کۆتایی وەردەگرێت، گەڕانی سنییەکە ١١ زارە له‌ یارییه‌كه‌یدا دوو گوڵ دەتوانی لێدەی و نۆ بەتاڵ بکەی''.

له‌باره‌ی ژماره‌ی نمره‌ی یارییه‌كان و شێوازی بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌، حیكمه‌ت فه‌تاح گوتی: ''یارییەکان ١٠١ یان ١٥١ نمرەیە، رۆژانە شه‌ش یاری ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ر یارییه‌ك شه‌ش كه‌س تیایدا به‌شداره‌ واتا به‌ گشتی ٣٦ كه‌س یاریی ده‌كات''.

ئه‌گه‌رچی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژیان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌گوته‌ی حیكمه‌ت فه‌تاح، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر یاری سنی سنیانێ نه‌بووه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: ''کۆرۆنا ھیچ کاریگەری نەبووە و پارساڵ ھەموو شوێنێک قەدەغە بوو، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ پایسکیل ھاتوچۆمان دەکرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی یاری سنی سنیانێ، به‌ڵام ره‌چاوی دۆخی ته‌ندروستیمان ده‌كرد و ئەو قەرەباڵغییەمان دروست نەدەکرد''.

سنی سنیانێ.. یارییەکی کۆنی عێراقییەکان له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا

ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ شێوازێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، هه‌ردوو تیمه‌كه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر داده‌نیشن و به‌ درێژایی یارییه‌كه‌ گۆرانی و قۆریات ده‌گوترێت، زۆرجاریش له‌كاتی بردنه‌وه‌ی تیمێك، ده‌هۆڵ و زوڕنا لێ ده‌درێت و چه‌ند خوله‌كێك ده‌بێته‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ، هاوكات یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ براوه‌كه‌، سنییه‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌ری داده‌نێت و سه‌ما ده‌كات و ئاماده‌بووانیش چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın