رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

خورما خواردنی دڵخوازی سەر خوانی بەربانگ

- خورما، یەکێکە لەو خواردنانەی لە جیهاندا خواستێکی زۆری لەسەرە و بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانی سەر خوانی بەربانگ. - موسڵمانان لە کاتی بەربانگ هەم وەک بەجێهێنانی سوونەتێک و هەم وەک خواردنێکی تەندروست، خورما دەخۆن.

Heman Hussein Yaseen   | 03.05.2021
خورما خواردنی دڵخوازی سەر خوانی بەربانگ

Arbil

هەولێر - AA

زۆرن ئەو خۆراکانەی کە بۆ خواردن و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان بەکار دەھێندرێن، خورما کە پێکھاتە خۆراکییەی بۆ تەندروستی مرۆڤ بە سوودە بەھۆی بوونی چەندین ماددەی سوودبەخش تیایدا، ھەر بۆیەش ھەندێکجار وەک جێگرەوی شەکر دەخورێت و لە مانگی رەمەزاندا لەسەر سفرە و خوانی زۆربەی ماڵەکان دەبینرێت و بەشێک لە ھاووڵاتییان وەک پەیڕەوکردنی سوننەت و بەشێکیش وەک چارەسەری پزیشکی پێناسەی دەکەن.

میوەفرۆشێک لە بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی رەمەزاندا لەسەدا ٩٠ی کڕیارەکانیان داوای خورما دەکەن و ئەوەش دەخاتەڕوو کە جگە لەوەی لە رووی ئایینییەوە خواردنی خورما سوننەتە، ھاوکات لە رووی تەندروستیشەوە بۆ بەھێزکردنی بەرگریی لەش بەسوودە.

حاجی سەباح کە هەروەک خۆی دەڵێت ماوەی ٣٠ ساڵە میوە دەفرۆشێت لەبارەی جۆرەکانی خورما کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خورما جۆری زۆرە، خورمای عێراقی وەک برێم، عەشرەیی و زوھیدی ھەیە، ھەروەھا خورمای مریەمی ئێرانی ھەیە و لە رووی نرخیشەوە گرانترینیان خورمای سعوودی و فەڵەستینییە".

حاجی سەباح لەبارەی خواستی ھاووڵاتییان لەسەر کڕینی خورما بۆ مانگی رەمەزان گوتی: ''خەڵک زیاتر خواستی لەسەر خورمای مەریەمی ئێرانی ھەیە کە نرخەکەی لەنێوان ھەزار و ٥٠٠ تا شەش ھەزار دینارە بەپێی کوالێتی خورماکە''.

یەکێکی دیکە لە میوەفرۆشەکان لە بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی رەمەزاندا، خورما شیفایە خەڵک بۆ تەندروستی خۆیان دەیخۆن.

میوەفرۆش عەبدولفەتاح عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''خورما بۆخۆی شیفایە بۆ نەخۆشی، ھەتا ئەوانەیشی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە خورما دەخۆن و کاریگەری لەسەر نەخۆشییەکەیان نییە، لەئێستادا خەڵک زیاتر حەز لە جۆری مریەم دەکات، ھەرچەندە من بۆخۆم ھەتا خورمای عێراقی ھەبێت، جۆری دیکەی خورما ناخۆم، بەڵام بەگشتی خورما پێویستە لەسەر سفرەکانماندا ھەبێت''.

عەبدولفتاح عەلی گوتیشی: ''ئێمە لەم مانگەدا، ھەموومان زیاتر لە چەند ساردکەرەوەیەک خورمامان ھێناوە و فرۆشتوومانە و بازاڕی فرۆشتنی خورما لە سەدا ٩٠ زیادیکردووە و لەم مانگەدا، خورما لەسەر سفرەی ھەموو ماڵێکدا ھەیە''.

هاووڵاتییەک لە بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە وەکو چارەسەری پزیشکی لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە بەردەوام خورما دەخۆن و ھۆکارەکەیشی بۆ بابەتی تەندروستی دەخاتەڕوو.

لەمبارەیەوە هاووڵاتی عیماد ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەھۆی ئەوەی کە مانگی رەمەزانە و ھاتووینەتە بازاڕ میوە و خورمای دەکڕین، بێگومان خورما خواستی لەسەرە، ھۆکارەکەیشی بابەتی تەندروستییە، چونکە ئەگەر بابەتی سوننەت بێت ئەوا ھەموو کات دەتوانرێت خورما بخۆین، بەڵام ھۆکارەکەی تەندروستییە بۆیە خەڵک بەردەوام لەم مانگەدا رۆژانە خورما دەخوات''.

خورما خواردنی دڵخوازی سەر خوانی بەربانگ

فرۆشیارێکی خورما ئاماژە بەوە دەکات کە عەجوەی سعوودی نرخی لە ھەمووان گرانترە و بەدوای ئەویش خورمای فەڵەستینی دێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە خواستی ھاووڵاتییان لەسەر خورمای عێراقی زۆرە.

فرۆشیار ھۆگر موزەفەر مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''خورما جۆری زۆرە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا، بەهۆی ئەوەی خورمای عێراقی و خورمای ئێرانی نرخیان هەرزانە خواستی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە، بۆ نموونە جۆری برێم و رووتابی عێراقی و خورمای مریەمی ئێرانی لەم مانگەدا خواستیان لەسەرە، بەڵام گرانترینیان عەجوەی سعوودیە کە نرخەکەی ٢٠ هەزار دینارە و خورمای فەڵەستینیش نرخی یەک کیلۆگرامی دەگاتە ١٥ هەزار دینارە".

هۆگر موزەفەر گوتیشی: "قەسپ کە لە دێرزەمانەوە ناوبانگی هەیە و خەڵک لەگەڵ چای دەیخوات، هەروەها قەسپی شەکرەش ھەیە، چونکە تامێکی تایبەتی ھەیە و کەمتر شیرینە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın