Mustafa M. M. Haboush
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە عێراق و تورکیا دەرفەتێکی مێژووییان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی جوگرافیاکەی خۆیان بۆ بەھای ئابووری بگۆڕن، تاکو ببن بە ئەڵقەیەکی گرێدراو لەنێوان کەنداو، ئاسیا و ئەورووپا.
عەلی زەیدی گوتارێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نوسیووە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە: "لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا لە ڕووی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە بەڕێوەبردن ھەیە وەک ئاسایش، ئاو، بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، خراوەتەڕوو، ناوچەکەمان ئەمڕۆ لەبەردەم دەرفەتێکی جیاوازدایە، دەرفەتێک کە ناچارمان دەکات بە خواستێکی زیاترەوە سەیری داھاتوو بکەین، ھەروەھا پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە چۆن ئاستەنگە ھاوبەشەکان بەڕێوەببەین، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ئەو ئاستەنگانە بگۆڕین بۆ دەرفەتێک کە خۆشگوزەرانی بۆ ھەردوو گەلی عێراق و تورکیا دروست بکات".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەدا، ئەوەیشی نوسیووە: "ئەو عێراقەی ئەمڕۆ لێوەی بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەوم، ڕێگای سەقامگیریی و چاکسازیی و گەشەسەندنی ھەڵبژاردووە، کاری لەپێشنەشمان ئەوەیە ئابوورییەکی بەھێز و دەوڵەتێکی کاریگەر بونیادبنین و پەیوەندی ھاوسەنگمان ھەبێت، بەشێوەیەک ھاریکاریی لە ئاستی ھەرێمیی بکاتە بەردی بناغەی گەشەکردن".
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەشداوە کە تورکیا خاوەنی بنکەیەکی پیشەسازی پێشکەوتووە، ھەروەھا پێگەیەکی ستراتیژیی و ئەزموونێکی بەرفراوانە لە ژێرخان و وزە و گواستنەوەدا، لەمبارەیەوە نوسیوویەتی: "کاتێک سەیری توانای عێراق و تورکیا دەکەین، تەنھا سنووری ھاوبەشیان نییە، بەڵکو ڕووبەرێکی فراوانیان ھەیە بۆ بونیادنانی یەکێک لە گرنگترین ھاوبەشییە ئابوورییەکانی ناوچەکە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "جیھان ھەوڵدەدات نەخشەی بازرگانی بکێشێتەوە، چونکە ڕێڕەوە ئابوورییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتییدا، ئێستا عێراق و تورکیا دەرفەتێکی مێژوویییان ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی جوگرافیای خۆیان بۆ بەھایەکی ئابووریی بەکاربھێنن و ببنە ڕێڕەوەی پەیوەندی لەنێوان کەنداو، ئاسیا و ئەورووپادا".
عەلی زەیدی لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە گرنگی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" کردووە و نوسیوویەتی: "پڕۆژەکە نەک تەنھا کاتی گواستنەوەی کاڵا کورت دەکاتەوە، بەڵکو شاری نوێ، ناوچەی پیشەسازی و ھەزاران دەرفەتی کار دروست دەکات، جگە لەوەش ڕێڕەوێکی ئابووریی نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێت کە بەندەرەکان بە بازاڕە جیھانییەکانەوە دەبەستێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئاسایشی عێراق و تورکیا پێویستی بە ھاوکارییەکی متمانەپێکراو ھەیە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو، بەو پێیەی گەشەپێدان ئەگەر لە ژینگەیەکی سەلامەی نەبێت گەشە ناکات و نوسیوویەتی: "ئاو چیتر تەنھا پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پرسێکی گەشەپێدانە و کاریگەریی لەسەر ئایندەی ملیۆنان ھاووڵاتی ھەیە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە دۆسیەی ئاویش بە ھاوبەشی بەڕێوەببەین، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و ھاریکاری زانستی و وەبەرھێنان لە تەکنەلۆژیای سەردەم بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاسایشی ئاو و خۆراک بۆ گەلانی ھەردوو وڵات".
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەشداوە: "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە چیرۆکی سەرکەوتنی نوێ ھەیە، عێراق و تورکیاش توانای پێشکەشکردنی یەکێک لە گرنگترین ئەو چیرۆکانەیان ھەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەوەی نوسیووە: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە سەقامگیریی لە ڕێگەی ململانێیەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی ھاوبەشەوە بەدی دێت، جگە لەوەش، سەقامگیریی لە ڕێگەی کێبڕکێی نێوان دراوسێکانەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی یەکگرتنیانەوە بەدی دێت، بۆیە تا زیاتر سەرکەوتوو بین لە بونیادنانی ئەم شێوازە، ئەوە ھەموومان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستێکی سەقامگیرتر، ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر نزیک دەبینەوە".