جيهان, هونەر و كلتوور

ھەڵەبجە.. شوێنەوارێکی مێژوویی بەرەو لەناوچوون دەڕوات

- گوندی بەکراوا کە بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ھەڵەبجە شوێنەوارێکی مێژوویی و دڵڕفێن و سەرسەوز لە بناری گردێکی مێژوویی کە بە ناوچەی شوێنەواری دەوردراوە.

İhsan Muhammet   | 12.02.2019
ھەڵەبجە.. شوێنەوارێکی مێژوویی بەرەو لەناوچوون دەڕوات

Arbil

ھەڵەبجە - AA

شارێکی مێژوویی لە روژئاوای شاری ھەڵەبجە بەرەو لەناوچوون دەڕوات.

گوندی بەکراوا کە بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ھەڵەبجە شوێنەوارێکی مێژوویی و دڵڕفێن و سەرسەوز لە بناری گردێکی مێژوویی کە بە ناوچەی شوێنەواری دەوردراوە.

شوێنەوارێکی پێنج ھەزار ساڵی کە بە تەلبەندێکی یەک مەتری دەوردراوە لە لیواری لە ناوچووندایە.

پارێزگای ھەڵەبجە بێبەش نەبووە لە بوونی شوێنەواری دێرین ھەر بۆیە لە ناوچەکەدا لەئێستادا نزیکەی ١٥٠ ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراوە کە گرنگترین و کۆنترینیان شوێنەواری گوندی بەکراوایە کە بە کۆنترین شوێنەواری مێژوویی دەناسرێت لە ناوچەکەدا کە سەردەمەکەی دەگەرێتەوە بۆ پێنج ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا کە بۆ چاخەکانی پێش مێژوو و ناوەندی مێژوویی بە چاخەکانی بەردینی نوێ و بڕۆنزی ناسراوە. لە سەردەمی ئەکەدی و بابلی کۆن و چاخی ئاسنین و سەردەمی عەباسیدا ژیانی تیادا بەردەوام بووە.

شوێنەوارناس رێباز عبدلرەحمان لە لێدوانێکدا بو ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گردی بەکراوا کە پاشماوەی شارێکی کۆنە تا ئێستا نەتواندراوە بەڵگەی پێویست دەست بکەوێت کە ئەو شارە لە ئەسڵدا ناوی چی بووە. ئەم شوێنەوارە لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧بە فەرمی لە لایەن حکوومەتی ھەرێمەوە ناسێندراوە و دەست بە لێکوڵینەوە کراوە لە لایەن چەند تیمێکی بیانی بە ھاوکاری تیمی شوێنەوارناسانی ھەرێمی کوردستان و تواندراوە ٦٠٠ پارچە شوێنەواری تیادا بدۆزرێتەوە کە پێکھاتبوون لە گۆزە و مۆر و ئامێری ئیشوکاری رۆژانە و ھەروەھا چەقۆ و سەرەڕمی برۆنزی و جامی برۆنزی و جلوبەرگ و چەندەھا کەرەستەی تر".

ئەو گوتیشی: "شیوازی دروستکردنی خانووی ئەم شارە مێژووییە کە لە میانی لیکۆڵینەوەدا بەدیارکەوتوون شێوە ھێلکەییە کە لە بەشی سەرەوەی ئەم خانووانە دەرگای چوونەدەرەوە و ناوەوەی ھەبووە و ھەروەھا چەند پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ و گیانلەبەران کە لەناو شوێنەواری بەکراوا دۆزراوەتەوە کە مێژووی ئەم شوێنە شوێنەوارییە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی پێش نووسین و چاخی بەردینی نوێ و ئەو پارچە شوێنەوارانە لەئیستادا لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی پارێزراون".

رێباز عبدلرەحمان باسی لەوەشکرد کە بە ھۆی زۆری بوونی ناوچەی شوێنەواری لە ناوچەکەدا، شارەزوور بە دەشتی وڵاتی زاموا ناسراوە و ھەموو ئەم شوێنەوارانە لە لیستی شوێنەواری عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

رێباز عبدلرەحمان گوتی: "دوابەدوای گوندی بەکراوا ناوچەیەکی تری شوێنەواری ھەیە کە ناسراوە بە بیستان سوور کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ کە دوای کنەوپشکنین زۆربەی پارچە شوێنەوارکان کە بەدیکراون بۆ سەردەمەکانی پێش مێژوو دەگەڕێتەوە و ھەندێ لە پارچەکانی بریتین لە گۆزە کە لە بەرد دروستکراوبوون و چەندەھا کەرەستەی تر".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە باسی لە تێکچوون و رووخانی شوێنەوارەکانی کرد ناوبراو رایگەیاند "زۆرجار کەشوھەوا و باران بارینی بەردەوام دەبێتە ھۆکاری لەناوچوونی شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان، ھەروەھا نەبوونی ھۆشیاری تاک لەسەر شوێنەوارە میژووییەکان بۆتە ھۆی لەناوچوونیان".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın