Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
23 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2026
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھەزار و ٣٠٠ جوولەکەی پەڕگیر لە ژێر پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل، ھەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودسی ڕۆژھەڵات.
ھەزار و ٣٠٠ جوولەکە پەڕگیرە لەسەر بانگەوازی گرووپە ڕاستڕەوە ئیسرائیلییەکان بە بۆنەی بەناو "وێرانکردنی پەرستگا"، ھەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا.
شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایانگەیاند کە سەدان جوولەکەی پەڕگیر لە ژێر پاسەوانی پۆلیسی ئیسرائیل بە گرووپ لە دەروازەی ئەلمەغاریبەوە ھەڵیان کوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان لە کاتی نوێژی بەیانیدا، پۆلیسی ئیسرائیل ئاستەنگی لەبەردەم نوێژخوێناندا دروست کردووە، بۆ ئەوەی نەتوانن بۆ ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بچنە ناو مزگەوتی ئەقساوە.
ھەروەھا شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەشدا، ئەو جوولەکە پەڕگیرانەی کە ئەمڕۆ ھەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا، ڕێوڕەسمی خوێندنەوەی تەلمودییەیان لەناو حەوشەی مزگەوتەکە ئەنجامدا.
جوولەکەکان لە ٢٠٠٣ەوە تاکو ئێستا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکان و بەشێوەی تاکلایەنە و بە پاڵپشتی پۆلیس ھەڵدەکوتنە سەر مزگەوتی ئەقسا و لەبەرامبەردا فەرمانگەی وەقفە ئیسلامییەکان لە قودس بەردەوام دوای کردووە کە ھەڵکوتانە سەر مزگەوتەکە بوەستێندرێت.
ساڵانە جوولەکەکان بە ڕۆژووکردن و مانگرتن یادی وێرانکردنی پەرستگا دەکەنەو و بانگەشەی ئەوە دەکەن پەرستگای یەکەم لە ساڵی ٥٨٦ پێش زاینی لەلایەن بابلییەکان و پەرستگای دووەم لە ساڵی ٧٠ی زاینی لەلایەن ڕۆمەکانەوە وێرانکراون.