Zana Natık Kerem
13 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگھێشتی ھاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت لە بەغدا، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانییەکەدا کرد.
کۆبوونەوەکەی ھاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت شەوی ڕابردوو لە بەغدا ئەنجامدرا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدیش تیایدا بەشداربوو.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون، ھەروەھا لەبارەی بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوە و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتە لەسەر گرنگی سەردانەکە لە بەرژەوەندیی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، داکۆکی لە پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن و ڕەتکردنەوەی شەڕ و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە کراوە و لەوبارەیەوە ئامادەیی عێراقی نیشان دراوە، بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەی بەیەکگەیشتن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.