Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند پەیوەندی مێژوویی و بەرژەوەندی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێراندا ھەیە.
عەلی زەیدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تاران بەڕێکەوتین و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانەی کە جێگای بایەخی ھاوبەشن، هەروەها لەبارەی ھاریکاری دوولایەنە و ڕاوێژکارکردن سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان و ھەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕاشیگەیاندووە: "عێراق و ئێران پەیوەندی مێژوویی، شارستانی و سنووری جوگرافی، ھەروەھا بەرژەوەندی ھاوبەش کۆیاندەکاتەوە، ئەمەش پێویستی بە بەردەوامبوونی کارکردن بە گیانی گفتوگۆ، ھاوکاریی و ڕێزگرتنی یەکتر ھەیە بەشێوەیەک کە گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی بۆ ھەردوو وڵات بەھێز بکات و بەشدار بێت لە پاڵپشتییکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لەسەر ھەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی".
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی زەیدی بەغدای پایتەختی جێھێشتووە و بەرەو ئێران بەڕێکەوتووە.
چاوەڕوان دەکریت سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە سەردانەکەی بۆ ئێران، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات لەنێویاندا پرسی وزە، بازرگانی، گواستنەوە و کشتوکاڵ.