سياسەت, جيهان

کۆنگرەی رۆژنامەوانیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سوید

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن: "حکوومەتی سوید لە شەڕی دژبە داعش پاڵپشتی عێراقی کردووە".

Zana Natık Kerem   | 22.11.2021
کۆنگرەی رۆژنامەوانیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سوید

Arbil

ھەولێر ــ AA

وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش ساز کرا.

سەرەتا وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسین خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندی بۆ بەغدا نیشان دا و رایگەیاند کە عێراق پەیوەندی گرنگی لەگەڵ سوید ھەیە.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیش دا کە رەوەندی عێراقی لە سوید لە بوارەکانی سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی رۆڵی گرنگ دەگێرێن و گوتی: "عێراقییەکان بەڕێژەی دوو لەسەدا لە کۆمەڵگای سویدی پێکدەھێنن".

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە حکوومەتی سوید، پاڵپشتیی عێراقی کردووە لە شەڕی دژبە داعش.

فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە لەگەڵ سوید لێکتێگەیشتنی ھاوبەشیان واژووکردووە و گوتی: "گرنگە لەگەڵ لایەنی سویدیی لەبارەی دۆسیەی پەنابەران، بگەین بە لێکتێگەیشتن".

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندی رایگەیاند، ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکەن کە لە ماوەکانی رابردوودا کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و گوتی: "پەیوەندی پتەومان لەگەڵ عێراقدا هەیە".

ئان لیندی باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا بە بەھای دوو ملیۆن یورۆ، یارمەتییان پێشکەش بە عێراق کردووە و گوتی: "ھەوڵدەدەین ھاریکاریی ھاوبەشمان لەگەڵ عێراقدا، پتەوتر بکەین".

وەزیری دەرەوەی سوید لەبارەی رەوشی ئەو کۆچبەرانەیش کە لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیرایان خواردووە، گوتی: "رەوشی کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، مایەی نیگەرانییە".

دوێنێ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی سوید، ئان لیندی بەسەردانێک، گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆمار بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın