جيهان, عێراق

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر سەردانی بابەشێخی کرد

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای بە مەبەستی پیرۆزباییکردن بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک رابەری ئایینی ئێزدییەکان، سەردانی بابەشێخی ئێزدییان، بابەشێخ عەلی شێخ ئەلیاس لە کۆمەڵگای شیخکا سەربە قەزای شێخان کرد.

Heman Hussein Yaseen   | 01.12.2020
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر سەردانی بابەشێخی کرد

Arbil

هەولێر - AA

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای بە مەبەستی پیرۆزباییکردن بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک رابەری ئایینی ئێزدییەکان، سەردانی بابەشێخی ئێزدییان، بابەشێخ عەلی شێخ ئەلیاس لە کۆمەڵگای شیخکا سەربە قەزای شێخان کرد.

ھاکان کاراچای پشتگیری خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئێزدییەکان دووپاتکردەوە، ھاوکات بابەشێخ عەلی وێرای بەخێرھێنانی کۆنسولی تورکیا، ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا کرد لە پەیوەندیی و ھەماھەنگی و پێکەوەژیان و ئەوەیشی خستەڕوو کە تورکیا ھاوکاری ئێزدییەکان بووە.

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "سەدان ھەزار ئیزدی لەدەست زوڵم و زۆرداری ئاوارەی دھۆک بوون و ئێستا دەمانەوێت ئێزدییەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. پێمان وایە کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە دەبێت لە سنوورەکە دەربکرێت و دواتر ئێزدییەکان دەتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان. ئاواتمان ئەوەیە برایانی ئیزدی بەخۆشی و ئارامی بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و ‌حاڵی خۆیان".

هاکان کاراچای گوتیشی: "کۆماری تورکیا بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی یارمەتییەکانی لە سەرانسەری جیھان دەگەیەنێتە دەست ئەوانەی کە پێویستیانە. سەردانی کەمپەکانی ئێزدییەکانمان کردووە و یارمەتییەکانمان پێ گەیاندوون و سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەین بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان. لە چوارچێوەی ئەو یارمەتیانەیشدا، ئەمڕۆ لەگەڵ سه‌رۆكایه‌تی ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی (TIKA) سەردانی لالش دەکەین. ھەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە چۆن بتوانین یارمەتییان بدەین".

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی شنگال گوتی: "پێشتریش لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە راگەیاندراو دەرکراوە و ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بێت بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە بە ھەر شێوازێک بێت. ھەمووتان دەزانن کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لەژێر ناوی جیاجیا سەرچاوەی کێشەکانە و بووەتە کۆسپ لەبەردەم گەڕانەوەی ئیزدییەکان. کەواتا دەبێت ئەوە کۆتایی پێ بێت. بۆیە ئێمە پشتیوانی لە ئامانجەکانی رێککەوتننامەی ھەولێر و بەغدا دەکەین کە کۆتایی دەھێنێت بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ناوچەکە".

رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی رابردوو، بە ئامادەبوونی میری ئێزدییان، میر حازم میر تەحسین بەگ و ژمارەیەکی زۆر لە گەورەپیاوان و ھاووڵاتییانی ئێزدی لە رێورەسمێکدا، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس وەک بابەشێخی ئێزدییان دەستبەکاربوو.

پێگەی بابەشێخ، بەرزترین پلەی ئایینی ئێزدیەکانە و بە رابەری روحییان ھەژماردەکرێت و دوای ٤٠ رۆژ تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوایی بابەشێخ، ئەگەر کەس بۆ ئەو پۆستە خۆی بەربژێر نەکرد، ئەوا بەربژێرێک بۆ ئەو پێگەیە لەلایەن جڤاتی روحانی و میری ئێزدییان دادەنرێت.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın