جيهان

کۆشکی سپی: ''کۆبوونەوەی بایدن و ئەردۆغان هەلێکە بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو''

- گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی: "دڵنیام بابەتەکانی ئاسایشی هەرێمیی باس دەکرێن کە کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها کۆرۆنا و ئابوورییش تاوتوێ دەکرێن".

Dildar Baykan   | 10.06.2021
کۆشکی سپی: ''کۆبوونەوەی بایدن و ئەردۆغان هەلێکە بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو''

Washington DC

واشنتۆن - AA

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی رایگەیاند کە لە بەرنامەی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ دەرەوەی وڵات، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کراوەتە پێشینەی کار، لەبەرئەوە دیدارەکەی ١٤ی حوزەیران دەبێتە هەلێک بۆ دیپلۆماسییەتی رووبەڕوو.

جێن ساکی لە میانی بەڕێکەوتنی جۆ بایدن لە واشنتۆنەوە بەرەو لەندەن، لەناو فڕۆکەکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا چاوەڕوانییەکان چین لە کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەردۆغان و بایدن لە ١٤ی حوزەیراندا لە بڕۆکسل رایگەیاند ''ئەو پەیوەندیە هەل و ئەو بوارانەن کە هەستیان پێدەکەین پێویستە بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەیەکەوە بەردەوام کاریان لەسەر بکەین، لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکە لەگەڵ هاوبەشێکی ناتۆدا کە ناکۆکی جیددیمان لەگەڵیدا هەیە. ئەوە هەلێکە بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو کە هەست دەکەین گرنگە پێشینەی پێ بدرێت''.

جێن ساکی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی کە ئایا لەو کۆبوونەوەیەدا چ بابەتێک تاوتوێ دەکرێن گوتی: ''دڵنیام بابەتەکانی ئاسایشی هەرێمیی باس دەکرێن کە کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەها کۆرۆنا و ئابوورییش تاوتوێ دەکرێن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەکە وردەکاری زیاتر لەبەردەستماندا دەبێت''.

یەکەم وێستگەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ دەست پێ دەکات، بەریتانیا دەبێت.

جۆ بایدن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن و شاژن ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا کۆدەبێتەوە و لە رۆژانی ١١-١٣ی حوزەیراندا بەشداری دەکات لە لووتکەی G7دا.

سەرۆکی ئەمریکا لە دوای بەریتانیا لە ١٣ی حوزەیراندا، سەردانی بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا دەکات و لە ١٤ی حوزەیراندا، بەشداری دەکات لە لووتکەی ناتۆدا و لەوێ لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-دا وەک یەکەم سەرۆک کۆبوونەوەی رووبەڕوو ئەنجام دەدات.

چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشێوەیەکی گشتگیر پەیوەندیە دووقۆڵییەکان تاوتوێ بکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ١٥ی حوزەیراندا، بەشداری دەکات لە لووتکەی ئەمریکا-یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسل و دواتر لە ١٦ی حوزەیراندا لە شاری جنێڤ-ی سویسرا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆدەبێتەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın