جيهان

کاردانەوەکان سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیلەكان لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا

- یەكێتیی ئەورووپا و پەیمانی ناتۆ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیل و دەستبەسەركراوەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا.

Şerife Çetin   | 08.09.2019
کاردانەوەکان سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیلەكان لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا

Brussels Hoofdstedelijk Gewest

بڕۆكسل ــ AA

یەكێتیی ئەورووپا و پەیمانی ناتۆ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیل و دەستبەسەركراوەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا.

نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە پێشتر بۆ چەند جارێك یەكێتیی ئەورووپا جەختیكردبوویەوە لەسەر گرنگی ئازادكردنی دیل و دەستبەسەركراوەكان لە لایەن رووسیاوە.

فێدێریكا مۆگێرینی تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە گۆڕینەوە و ئازادكردنی دیل و دەستبەسەركراوەكانی لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە بەدی هاتووە كە لە لایەن كۆمەڵگەی مەدەنی، چالاكوانان و پارێزەرانەوە لەوبارەوە خرابوونەگەڕ.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەورووپا، دۆناڵد تاسك خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گۆڕینەوەی دیل و دەستبەسەركراوەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا.

دۆناڵد تاسك لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی "جارێكی دیكە داوا لە رووسیا دەكەم سەرجەم دیل و دەستبەسەركراوە سیاسییەكان ئازاد بكات و رێزیش لە یەكپارچەیی خاكی ئۆكراینا بگرێت".

هەر لەوبارەوە گوتەبێژی ناتۆ، ئوانا لونگێسكو رایگەیاند كە گۆڕینەوەی دیل و دەستبەسەركراوەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا هەنگاوێكی راست و دروستە.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا، ئوانا لونگێسكو داوای لە رووسیا كرد پابەند بێت بە بەڵێنەكانی لە رێككەوتنی "مینسك" و سەرجەم دیل و دەستبەسەركراوە سیاسییەكان ئازاد بكات.

پێشتر رووسیا و ئۆكراینا، ٧٠ دیل و دەستبەسەركراویان گۆڕییەوە كە ٣٥یان رووسی و ٣٥ی دیكەیان ئۆكراینی بوون و ٢٤ لەوانە ئەو دەریاوانە ئۆكراینیانە بوون كە دوای كێشەكانی گەرووی كێرچ لە لایەن رووسیاوە دەستبەسەركرابوون.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın