سياسەت, جيهان

چاوشئۆغڵو: "پێویستە ئەمریکا لەبری تۆمەتبارکردنی تورکیا واز لە سیاسەتی هەڵە بهێنێت"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو: "پێویستە حکوومەتی ئەمریکا، لەبری ئەوەی تورکیا تۆمەتبار بکات، خۆی واز لەم سیاسەتە هەڵانەی خۆی بهێنێت. هەروەها راستگۆیانەتر لەگەڵ کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا، مامەڵە بکات".

Behlül Çetinkaya, Mehmet Şah Yılmaz   | 09.10.2021
چاوشئۆغڵو: "پێویستە ئەمریکا لەبری تۆمەتبارکردنی تورکیا واز لە سیاسەتی هەڵە بهێنێت"

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دەربارەی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ درێژ کردنەوەی بڕیارنامەی سووریا و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە تورکیا، رایگەیاند: "پێویستە حکوومەتی ئەمریکا، لەبری ئەوەی تورکیا تۆمەتبار بکات، خۆی واز لەم سیاسەتە هەڵانەی خۆی بهێنێت. هەروەها راستگۆیانەتر لەگەڵ کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا، مامەڵە بکات".

چاوشئۆغڵو و هاوتا ڤەنزوێلاییەکەی، فێلیکس پلاسێنسیا دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵییان لە شاری ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد.

لە میانەی کۆنگرەکەدا چاوشئۆغڵو باسی لەو نامەیە کرد کە حکوومەتی واشنتۆن بۆ درێژ کردنەوەی بڕیارنامەی سووریا پێشکەشی کۆنگرێسی کردوە و رایگەیاند: "پێش هەموو شتێک ئەم نامەیە نامەیەکی لەبەرگیراوەیە. پێشتریش حکوومەتی واشنتۆن ئەو رستە و پەرەگرافانەی ناو نامەکەی بەکارهێناوە. لە راستیدا حکوومەتی ئەمریکا کاتێک نامە ئاراستەی کۆنگرێس دەکات یاخود کاتێک زانیاری بە گەلی ئەمریکا دەدات، راستییەکان ناڵێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئەمریکا، پەکەکە-ی وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساندوە بەڵام لەگەڵ یەپەگە هەماهەنگی دەکات و بەشێوەیەکی زۆر جدیی پشتیوانی دەکات.

چاوشئۆغڵو، جەختی لەوەش کردەوە کە بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، ئەم کارە تاوانە و رایگەیاند: "ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئامانج لە مانەوەی ئەمریکا لە سووریا، بەرەنگاربوونەوەی داعش نییە، ئەوە ئێمە بووین کە بەرەنگاری داعش بووینەوە. تاکە سوپایەک لەسەر ئاستی رێکخراوی ناتۆ و جیهان کە شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ داعش کرد سوپاکەی ئێمە بوو".

ناوبراو، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە ئەنجامی ئەم بەرەنگاربوونەوەیەدا نزیکەی چوار هەزار تیرۆرست کوژراون، باسی لەوەش کرد کە بۆ رێگری کردن لە بەهێزبوونی داعش لە ئەفغانستان کۆبوونەوە لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامدراوە و گوتیشی: "باشە کێ ئەم تیرۆرستانەی لە سووریا-وە برد بۆ ئەفغانستان؟ ئەوان کە دەڵێن یەپەگە بەرەنگاری داعش بووەتەوە، تیرۆرستانی داعشیان لە هەندێک شارەوە بە پاس گواستەوە و دواتر بە فڕۆکە بردیانن بۆ ئەفغانستان".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەتە بێبەرنامەکانی ئەمریکا وەک چۆن لە ئەفغانستان و عێراق بووەتە جێگای مشتومڕ ئاواش لە ئەورووپا و ناتۆ بووەتە جێگای مشتومڕ، راشیگەیاند: "کاریگەری سیاسەتە بێپلانەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەبیندرێن هەروەها لەو ناوچەیەی سووریا-ش دەیبینین. ئەمریکا لەو ناوچەیە پشتیوانی رێکخراوێکی تیرۆرستی دەکات کە هەوڵ بۆ درووستکردنی جووداخوازی و دابەشبوونی سووریا دەدات. پێویستە حکوومەتی ئەمریکا، لەبری ئەوەی تورکیا تۆمەتبار بکات، خۆی واز لەم سیاسەتە هەڵانەی خۆی بهێنێت. هەروەها راستگۆیانەتر لەگەڵ کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا، مامەڵە بکات، چونکە هەڵەی زۆر لەو زانیارییانەدا هەیە کە بە کۆنگرێسی داوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın