جيهان

پنتاگۆن: ''رێککەوتن نەکراوە لەبارەی وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق''

- جۆن کیربی: ''لە راستییدا ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا بینیتان جەختکردنەوەمانە لەسەر گرنگیی هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق، گرنگیی ئەو ئەرکەی دژبە داعش درێژەی هەیە و لە کۆتاییشدا خواستمان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاتێکی گونجاو بۆ کشانەوە''.

Kasım İleri   | 08.04.2021
پنتاگۆن: ''رێککەوتن نەکراوە لەبارەی وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق''

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرەڕای ئەوەی لە راگەیەندراوی هاوبەشدا سەبارەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا-عێراق ئاماژەی بە رێککەوتن کراوە لەبارەی درێژەدان بە کشانەوەی سەربازانی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کیربی باسی لەوە کرد کە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەبارەی بەرواری کشانەوەی هێزەکانیان.

ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی لە ئەنجامی خولی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات دەرکرا کە بە بەشداری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەڕێوەچوو، بووەتە جێی مشتومڕ.

گوتەبێژی پنتاگۆن، جۆن کیربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و سەبارەت بەو بڕگەیەی لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە لەبارەی خولی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمریکا-عێراق کە دەڵێت ''رێککەوتن کراوە لەبارەی درێژەدان بە کشانەوەی سەربازانی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق'' بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوە هەرگیز بە واتای دەستپێکی کشانەوە نەهاتووە.

گوتیشی: ''لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بڕیاردراوە هەردوولا هەندێک کۆبوونەوەی تەکنیکی زیادە بکەن لەسەر کشانەوەی کۆتایی''.

جۆن کیربی باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بە رەزامەندی و بانگهێشتی حکوومەتی بەغدا لە عێراقە و ئەو ئەرکەی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستیپێکردووە لەسەر مانەوەی هەمیشەیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق دانەمەزراوە و حکوومەت دەمێکە گفتوگۆی کردووە لەبارەی ئەوەی کە رۆژێک سەربازانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنێتەوە.

جۆن کیربی هەروەها باسی لەوە کرد کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بوونی ئەمریکا لە عێراق و گوتی: ''لە راستییدا ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا بینیتان جەختکردنەوەمانە لەسەر گرنگیی هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق، گرنگیی ئەو ئەرکەی دژبە داعش درێژەی هەیە و لە کۆتاییشدا خواستمان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاتێکی گونجاو بۆ کشانەوە''.

گوتەبێژی پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو کە نیازی ئەمریکا بۆ کشانەوە تازە نییە، بەڵام ئەو خاڵە نوێیەی لە راگەیەندراوەکەدا هەیە لە بارەی کشانەوەوە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تەکنیکیە و گوتی: ''لەئێستادا هیچ رێککەوتنێک نییە لەبارەی ئەوەی هەندێک سەرباز کەی دەکشێنەوە''.

پێشتر حکوومەتەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کردبوو کە ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق کەمدەکاتەوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز، بەڵام حکوومەتەکەی جۆ بایدن کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا دەسەڵاتی گرتەدەست هەموو کارەکانی لەبارەی ناردنی سەرباز و کشانەوەیانی بەشێوەیەکی کاتیی هەڵپەسارد.

یەکەم کۆبوونەوەی گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمریکا-عێراق لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا ئەمجامدرا و کۆبوونەوەی دووەمیش لە نۆی ئابی ٢٠٢٠ لە واشنتۆن سازکرا.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın