جيهان, عێراق

وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەرێمی کودستان دەکات

- وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.

Heman Husseın Yaseen   | 15.01.2020
وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەرێمی کودستان دەکات

Arbil

بەغدا - AA

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر کۆبێتەوە وەک ھەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەکیم لە تویتێکدا ئاشکرای کردبوو کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان سەردانی بەغدا دەکات.

محەمەد عەلی حەکیم ئەوەیشی خستبووەڕوو کە ئامانج لە سەردانەکەی محەمەد بن عەبدولرەحمان بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

دواتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا جەختی لەوە کردەوە کە رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بەسەردانێک دەگاتە بەغدا و لەمیانی سەردانەکەشدا بەجیا لەگەڵ سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەکیم کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای بەغدا، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.