سياسەت, جيهان

وەزیری دەرەوەی حكوومه‌تی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت: "دەمانەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا دروست بکەین"

لە ئەفغانستان وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت، ئەمیرخان موتتەقی، رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا دروست بکەن.

Sayed Khodaiberdi Sadat, Bilal Güler   | 15.09.2021
وەزیری دەرەوەی حكوومه‌تی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت: "دەمانەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا دروست بکەین"

Afghanistan

کابوڵ - AA

لە ئەفغانستان وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت، ئەمیرخان موتتەقی، رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا دروست بکەن.

ئەمیرخان موتتەقی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانيدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە کابوڵ، ئاماژەی بەوە کرد، هاوشێوەى وڵاتانی دیکە دەیانەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیادا دروست بکەن.

موتتەقی ئەوەی راگەیاند کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە پەیوەندییدان و گوتی: "چاوەڕوانیمان لە تورکیا ئەوەیە لە پاڵ خەڵکی ئەفغانستان بن و ھاوکار بن لە کارەکانی ژێرخان بەتایبەتی بنیاتنانەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ. لەسەر ئەم بابەتانە لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیداین. رەنگە لە نزیکترین کاتدا گفتوگۆكانمان بگاتە ئەنجام".

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت، ئاشكراشی كرد، کە تورکیا خاوەنی حکوومەتێکی باشە.

- بەڵێنی پێدانی یەک ملیار دۆلار ھاوکاری بە ئەفغانستان

ئەمیرخان موتتەقی باسی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "دۆخی مرۆیی لە ئەفغانستان" کرد کە لە جنێڤ پایتەختی سویسرا بەڕێوەچوو، و ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئەرێنی پێشوازییان لە بەڵێنی بەخشینی زیاتر لە یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بە ئەفغانستان لەو کۆنفرانسە کردووە و سوپاسی کردن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکەن کە ھاوکارییان بەخشيوە و جەختی لەوە کردەوە کە ھاوکارییەکان بە شێوەیەکی شەفاف دابەش دەکەن.

موتتەقی جگە لەوە داوای لە بانکی گەشەپێدانی ئاسیا و بانکی گەشەپێدانی ئیسلامی کرد کە ھاوکاری گەشەپێدانی ئەفغانستان بکەن و گوتی: "بلۆک کردنی پارەکانی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە، ھەنگاوێکی بێ بەزەییانەیە. پێویستە پرسە مرۆییەکان بە پرسی سیاسییەوە نەبەسترێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێوەیەکی پارێزراو رێگەیان بە یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا داوە لە وڵاتەکە بکشێنەوە و رایگەیاند، ئەمریکا لە بری سوپاس کردنی ئەفغانستان پارەى يەدەگى بلۆک کردووە.

وەزیری دەرەوەی حكوومه‌تی تاڵیبان به‌ وه‌كاله‌ت، ئاماژەی بەوە کرد دەیانەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتاندا، له‌ نێویشیاندا ئه‌مریكا، دروست بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت واشنتۆن فشار نەخاتە سەر ئەفغانستان.

ئەمیرخان موتتەقی باسی له‌وه‌ش كرد، تاڵیبان بۆ باشتر کردنی دۆخی ئابووريی وڵاتەکە دەرفەتی وەبەرھێنان لە ئەفغانستان زیاد دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد کە کارەکانيان بەو ئاڕاستەيە بەردەوامە.

موتتەقی ئەوەشی خستەڕوو کە لە بابەتی پێکھێنانی حکوومەتی کاتیی ئەفغانستان زۆربەی وڵاتان کاردانەوەی ئەرێنییان ھەبووه‌ و کاردانەوەی ژمارەیەکی کەمی وڵاتانيش نەرێنی بووە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın