Kaan Bozdoğan
10 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2026
سەرکۆمارى توركيا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵسەنگاندنی بۆ ٣٦ههمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ کرد کە بە میوانداری تورکیا لە ئەنقەرە بهڕێوهچوو.
لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بهوه کرد لووتکەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و، جگە لە سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ٣٢ وڵاتی ئەندامی ناتۆ، نزیکەی ١٠٠ وەزیر، دیپلۆماتی باڵا، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میوانان بەشداریان تێدا کرد.
سهركۆمار ئەردۆغان جەختی لهسهر ئهوه کردەوە کە لە پرۆسەی لووتکەکەدا هاوسەنگییەکی هەستیار لە نێوان دهستهبهركردنی ئاسایش لە بەرزترین ئاستدا و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان پارێزراوە و، ڕایگهیاند: "ئەو ڕێکارانەی بۆ ئاسایش، گواستنەوە، هەماهەنگی و ڕێکخستنی گشتیی گیرابوونەبەر بە وردی دانرابوون بۆ پاراستنی ئاسایشی سەرکردەکان، بەردەوامی ژیانی شارەکە و زانیاری دروست بە ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی، هەروەها بەتایبەت گرنگی بەوە درا کە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانمان پەکنەکەوێت. کتێبخانەی نیشتمانیی سەرۆکایەتی کۆمارمان وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتیی میدیا خزمەتی کرد و شوێنی کارکردن بۆ هەزار و ٨٠٠ کەس، ٤٠ ژووری مۆنتاژ و چەندین خاڵی پەخشی ڕاستەوخۆ پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسان کران".
ههروهها سهركۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بهوه کرد کە لووتکەکە بە بەشداری پێوانەیی زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ ڕۆژنامەنووس ڕووماڵ کراوە و بە هەماهەنگیی TRT لە ڕێگای ٩٦ کامێرا، ١٨ ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆ و پەخشکردن لە ٢٦ خاڵی جیاوازەوە گواستراوهتهوه بۆ سەرانسەری جیهان و، ڕایگهیاند: "سوپاسی خۆم ئاڕاستەی خوشک و برایانی ئەنقەرەیم دەکەم بۆ ئەو لێبوردەیی و میواندۆستییە بێوێنەیەی لە ماوەی لووتکەکەدا نیشانیاندا، ئەمەش هاوكار بوو لە ناساندنی ئەنقەرەکەمان. بە ناوی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسی سەرجەم ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە فیداکارانه کاریان کرد بۆ سازکردنی لووتکەکە بەبێ کێشە لە زۆر بواردا، بەتایبەت هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لە میدیاوە بۆ کاروباری تەکنیکی، لە تەندروستییەوە بۆ گواستنەوە، لە پرۆتۆکۆڵەوە بۆ خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی خواردن. سوپاسی تایبەتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، بەڕێز مارک ڕووتە دەکەم بۆ تێڕوانین و هەوڵە هاوبەشەکانی لە ئامادەکاری و سازکردنی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە".
"لووتکەکە جارێکی دیکە ڕۆڵی سەرەکی تورکیای لە پێکهاتەی ئاسایشی جیهانیدا نیشانداوە"
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگهیاند: "ئەم لووتکەیەی لە سەردەمێکدا ساز کرا کە پێکهاتەی ئاسایشی جیهانی لە ڕێگای کێبڕکێی زلهێزەکان، هەڕەشە تێکەڵاوەکان، قەیرانە هەرێمییەکان و تەکنەلۆجیا نوێیەکانەوە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، جارێکی دیکە ڕۆڵی سەرەکی وڵاتەکەمان لە پێکهاتەی ئاسایشی جیهانیدا، توانای دیپلۆماسی و بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانێتییەکەمانی نیشانداوەتەوە. دیدگای ناتۆ ٣،٠ ئامانجی بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئەورووپا و خۆگونجاندنی هاوپەیمانێتییەکەیە بە شێوازێکی ئامادەتر بۆ قۆناغی نوێ. هاوکات تورکیا بەو توانایە سەربازییەی هەیەتی، پێگەی ستراتیجی، پاشخانی دیپلۆماسی و توانای پیشەسازیی بەرگریی، لە چەقی ئەم وەرچەرخانەیەدا و وەک یەکێک لە بەهێزترین ئەکتەرەکانی ناتۆ ههڵكهوتووه".
بە ئاماژەکردن بەوەی لەو لووتکەیەی بە کۆڕبەندی پیشەسازی بەرگریی دەستیپێکرد، بابەتەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکردن، هەماهەنگی لە تەکنەلۆجیاکانی بەرگریی و دەرفەتەکانی هاریکاریی نێوان هاوپەیمانان تاوتوێ کراون، سهركۆمار ئەردۆغان ڕایگهیاند: "لە پەراوێزی لووتکەکەدا کۆبوونەوەی دووقۆڵیمان لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک ڕووتە و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، مارک کارنی و سەرکۆماری فینلاند، ئەلێکساندەر ستۆب و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کیهر ستارمەر و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فریدریش مێرز و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی بولگاریا، ڕومین ڕادیڤ و سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، ئەنتۆنیۆ کۆستا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لایهن و سەرۆکوەزیرانی مۆنتینیگرۆ، میلۆیکۆ سپایچ و سەرکۆماری سلۆڤاکیا، پیتەر پێلێگرینی و سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، ئێدی ڕاما ئەنجام دا. لەم دیدارانەدا چەندین بابەتی هەستیار تاوتوێ کران، بەتایبەت پەیوەندیە دووقۆڵییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، پیشەسازی بەرگریی، بازرگانیی، وزە، ئاسایش، ئاسایشی ئەورووپا-ئەتلەنتیک، سەکۆی ئاشتیی باڵکان، جهنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، پرۆسەی ئێران-ئەمریکا، غەززە، لیبیا، سووریا و سەقامگیریی ناوچەکە".
گوتیشی: "لە پەراوێزی لووتکەکەدا ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایش و بەرگریی لەگەڵ بەریتانیا واژوو کرا و دانوستانەکانی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ کەنەدا دەستیان پێکرد. باوەڕم وایە ئەو گفتوگۆ بنیاتنەر و بەرهەمدارانەی لەگەڵ دۆستی هێژام، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێز ترەمپ ئەنجاممان دان کە بە کاتی لووتکەکە سەردانێکی فەڕمیی بۆ وڵاتەکەمان ئەنجام دا، دەبنە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی بهرجهستهیی و گونجاو لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی وڵاتەکەمان لە بواری پیشەسازی بەرگرییدا، بەتایبەت لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی نیشتمانیمان KAAN و F-35دا".
"پێداگرانه بەردەوام دەبین لە هاوكاری كردن له فهراههمكردنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی"
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگهیاند: "لەرێگای ئەو بڕیارانەی لە لووتکەکەدا دهرمانكرد، جارێکی دیکە ئیرادەی خۆمان نیشاندا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی ناتۆ، بەهێزکردنی پهیوهندی ترانسئهتڵهنتیك و بنیاتنانی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی بەهێزتر بۆ ئەورووپا و ناتۆیەکی بەهێزتر. لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی لووتکەی ئەنقەرەدا پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بۆ ماددەی پێنجی پەیماننامەی واشنتۆن و بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ پشتڕاست کردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ههڵگرتنی بەربەستەکانی بازرگانیی بەرگریی لە نێوان هاوپەیماناندا، ڕێککەوتنەکانی نوێی دابینکردنی بەرگریی کە بڕەکەی زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە، دابینکردنی کەرەستەی سەربازیی، هاوکاری و پاڵپشتیی ڕاهێنان بۆ ئۆکراینا، لە پاڵ زیادکردنی توانای پیشەسازی بەرگریی، بەهێزتر و ئامادەکردنی هاوپەیمانێتییەکە لە بوارەکانی وەک ژیریی دەستکرد، ئاسایشی سایبەر، بۆشایی ئاسمان، بەرگریی یەکگرتووی ئاسمانیی و مووشەکی، سیستمە بێفڕۆکەوانەکان و تواناکانی لێدانی ورد لە قووڵاییدا، لە چوارچێوەی بابەتە لەپێشینەکانی لووتکەکەدا بوون. وەک تورکیا ئێمەش بەو ئەزموون، توانای سەربازی و ژێرخانی پێشکەوتووی پیشەسازیی بەرگرییەی کە هەمانە، بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی بەهێزترین بەشداری لەم پرۆسەیەدا. تورکیا تەنیا وڵاتی میواندار نییە، بەڵکو هاوپەیمانێکی سەرەکییە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارە لە تواناکانی بەرگریی، دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هاوپەیمانێتییەکەدا".
گوتیشی:"ئیرادەمان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی بەرگرییمان بۆ ئاستی سەدا ٣،٥ پێش ساڵی ٢٠٣٠. سەبارەت بەو خەرجییانەش کە پەیوەستن بە ئاسایش و خۆڕاگرییەوە، لە ئێستادا گەیشتووینەتە ڕێژەی سەدا ١،٥ی بوودجە. هەروەها ئاماژەمان بەوە کرد کە بوودجەیەکی زیادەی ٢٤ ملیار دۆلاریمان بۆ تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی و مووشەکی بۆ پرۆژەی گومهزی پۆڵاین تەرخان کردووە. بەم بۆنەیەوە پێویستە ئەوەش بگوترێت کە تورکیا لە کاتێکدا کەناڵەکانی پەیوەندی بۆ ئاشتیی لە جهنگی ڕووسیا-ئۆکراینادا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە دانبەخۆداگرتن، دیپلۆماسیی و ئاشتیی هەمیشەیی لە پرۆسەی ئێران-ئەمریکادا، هەروەها لەسەر بابەتەکانی غەززە، لوبنان و لیبیا بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە ئاگربەست، سەقامگیری و تێڕوانینی هاوکاریی فرەلایەنە. لووتکەی دوو ڕۆژەی چڕی ئەنقەرە نیشانیدا کە تورکیا كاراكتهرێكی سەرەکییە کە ئاڕاستە دەداتە کارنامەی ئاسایشی ناتۆ، کەناڵەکانی دیالۆگ لە قەیرانەکاندا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، دیدگای ئاشتیی هەرێمی دەپارێزێت و بە توانای پیشەسازی بەرگرییەکەیەوە هاوكاری بهرجهستهیی ههیه لە وەرچەرخانی هاوپەیمانێتییەکەدا. وەک تورکیا ئێمەش بە پێداگرانه بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا و هاوكاری كردن له فهراههمكردنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی".