سياسەت, جيهان, عێراق

نەزمی حەزوری: "لەکاتی راگەیاندنی گرێبەستی سەدە، سەرکۆمار ئەردۆغان هەنگاوی گرنگی نا و دژی بڕیارەکە وەستایەوە"

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری رایگەیاند، "ئەوەی ئێستا سوپای ئیسرائیل لە قودس ئەنجامی دەدات، دووبارەکردنەوەی هەمان هەنگاوە کە بەرلە ٧٣ ساڵ پێش ئێستا نای بۆ داگیرکردنی فەڵەستین".

Sarmand Hameed   | 18.05.2021
نەزمی حەزوری: "لەکاتی راگەیاندنی گرێبەستی سەدە، سەرکۆمار ئەردۆغان هەنگاوی گرنگی نا و دژی بڕیارەکە وەستایەوە"

Arbil

هەولێر - AA سەرمەند حەمید

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری رایگەیاند، "ئەوەی ئێستا سوپای ئیسرائیل لە قودس ئەنجامی دەدات، دووبارەکردنەوەی هەمان هەنگاوە کە بەرلە ٧٣ ساڵ پێش ئێستا نای بۆ داگیرکردنی فەڵەستین".

نەزمی حەزوری لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی فەڵەستین و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، هەروەها هەڵویستی بەشێک لە پارت و سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دوا.

- رووداوەکانی قودس و هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، نەزمی حەزوری لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی فەڵەستین گوتی: "ئەوەی ئێستا لە قودس روودەدات، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە رۆژی ١٥ی ئایار، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی نەکبەی فەڵەستین بوو کە ساڵیادی داگیرکاری ئیسرائیلە بۆ خاکی فەڵەستین، پێمانوایە جموجۆڵەکانی ئێستای ئیسرائیلی داگیرکەر جارێکی دیکە رووداوەکانی ساڵی ١٩٤٨ دووبارە دەکاتەوە (راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل)، لەڕێگەی دەستپێشخەری بۆ دوژمنکاری و هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا و قودسی پیرۆز، هەروەها هەوڵی راگواستن و پاکتاوکردنی دانیشتووانی گەڕەکی شیخ جەڕاح، هەروەها تەحەداکردنی موسڵمانانی گەلەکەمان هەروەها موسڵمانانی جیهانیش بەو هەنگاوانەی کە جوولەکەنشینەکانی زایۆنیزم و سەربازانی ئیسرائیلی داگیرکەر لەڕێگەی گڵاوکردنی مزگەوتی ئەقسای پیرۆز لە رۆژانی مانگی رەمەزانی پیرۆز و بەدیاریکراویی لە شەوانی پیرۆزی قەدردا، ژیانی موسڵمانانیان کردە دۆزەخ، هەروەها زیانیان گەیاند بە مەسیحییەکانیش بە هەوڵەکانیان بۆ رێگەگرتن بۆ یادکردنەوەی شەممەی رووناک و چوونە ناو کڵێسا بۆ یادکردنەوەی جەژنی قیامەت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە قەوارەی زایۆنیزم بڕوای بە پێکەوەژیانی ئایینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان کۆمەڵگا نییە".

نەزمی حەزوری رووداوەکانی ئێستای قودس دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی حکوومەتی ئیسرائیل و وڵامدانەوەی هەنگاوی سەرۆکی پیشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە ناساندی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی دەیبینین لە سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، موسڵمانان و نوێژخوێنان تەحەداکردنی گەلەکەمانە و ئەمە سیاسەتی حکوومەتی راستڕەوی ئیسرائیلە بۆ بەجوولەکەکردنی قودس، ئەم بەجوولەکەکردنە وەڵامدەرەوەی هەنگاوی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپە لە رێگەی گرێبەستی سەدە کە قودسی وەک پایتەختی یەکگرتووی قەوارەی زایۆنیزم ناساند، بەمەش ئاشووب و فیتنە و رقی چاند، بەڵام ئێمە دەڵێین قودس شاری ئاشتی، دەروازەی ئاسمانە لەسەر رووی ئەرز، گوڵی شارەکان کە پێکەوەژیانی سەرجەم ئایینەکان لەخۆدەگرێت".

- هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەبارەی رووداوەکانی قودس

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات وڵاتانی عەرەبی لە بازنەی ئیدانەکردن و دەرکردنی بەیاننامە بێنە دەرەوە و هەنگاوی کرداری دژبە ئیسرائیل بنێن و گوتی: "خواستی ئێمە بۆ هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی زۆر زیاترە، پێویستە لە بازنەی ئیدانەکردن، دەرکردنی بەیاننامە، بەداواداچوون و چاودێریکردن بێنەدەرەوە، پێویستە هەنگاوی کرداری بنێن و قەوارەی زایۆنیزم ناچار بکەن کە رێز لە پێگەی وڵاتانی عەرەبی بگرێت و پێکەوە هەڵوێست دژبە ئیسرائیل بنووێنن".

نەزمی حەزوری بە ستایشەوە باسی رۆڵی ئوردن و سعوودیە دەکات وەک دوو وڵاتی عەرەبی لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەڵەستین و لەمبارەیەوە دەڵێت: "ستایشی رۆڵی ئوردن دەکەین کە پێکەوە لەگەڵ ئێمە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و بەرگرییکردن لە قودس دەکات بەتایبەت شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ئەمەش تەواوکەری هەڵوێستی هاوبەشی فەڵەستین و ئوردنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ئاسایش و سەلامەتی قودس، هەروەها سعوودیە کە داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری ئیسلامی کردووە، بەستنی لووتکەی هاریکاری ئیسلامی هەنگاوێکی گرنگە".

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە ئیدانەی کردەوەکانی ئیسرائیلیان کردووە رایگەیاند کە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداریی دەکەن و گوتی: "سوپاسی سەرۆک، شا، میر و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەکەین کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس کردووە، پێمانوایە ئەمە پشتیوانییەکی بەهێزە، بەڵام چاومان لە هەنگاوی کرداریی بەهێزە کە ئیسرائیل ناچار بکات بە پاشگەزبوونەوە لە کردارە تاوانکارییەکانی لە بەرامبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام، مەسیحییەت و ئاسایش و سەڵامەتی گەڵەکەمان لە قودس".

- "تورکیا هەمیشە هەڵوێستی لە پێشینەی هەبوو لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی غەیرە عەرەبی"

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، نەزمی حەزوری لەبارەی هەڵوێستی تورکیا بۆ بەرگرییکردن لە دۆزی قودس گوتی: "تورکیا هەمیشە هەڵوێستی لە پێشینەی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی غەیرە عەرەبی، بەتایبەتی لە کاتی راگەیاندنی گرێبەستی سەدە سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەنگاوێکی گرنگی نا و دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و بانگەوازی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری ئیسلامی کرد لە تورکیا کە جەنابی سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ئامادەی بوون کە ئەمەش بووە بنچینەیەکی سەرەکی ئیسلامیی بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستی سەدە و ئەو ئیدانەکردنی هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپ لەو کاتەدا کە قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند".

نەزمی حەزوری بە ستایشەوە باسی لە هەوڵ و هەڵویستی مێژوویی تورکیا بۆ دۆزی فەڵەستین کرد و گوتی: "هەڵوێستی تورکیا هەڵوێستی نەگۆڕە لەبەرامبەر دۆزی فەڵەستین کە سەرکۆمار، ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە و حکوومەتی تورکیا رایانگەیاندووە، هەروەها لە ئامێزگرتنی دۆزی فەڵەستین لەلایەن گەلی تورکیاوە ئەمەش درێژکراوەی هەڵویستی رەسانەیەتی مێژووی سوڵتان عەبدولحەمیدە کە وێڕای هەموو هەوڵەکان لەو سەردەمەدا دەستبەرداری قودس و فەڵەستین نەبوو".

نەزمی حەزوری لەبارەی هەڵمەتی چڕی دیپلۆماتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو بۆ دۆزی فەڵەستین گوتی: "هەڵوێستی تورکیا هەمیشە پشتیوانێکی سەرەکی بووە بۆ تێکۆشانی گەلەکەمان و بزووتنەوەی سیاسیی لە فەڵەستین بەواتای ئەوەی کە پێویستە هەموو موسڵمانان بەرگریی لە قودس بکەن، ئەمە هەڵوێستی جوامێرانەیە، ئێمە سوپاسی سەرۆک، گەل و حکوومەتی تورکیا دەکەین بۆ لەئامێزگرتن و پشتیوانییکردنیان لە دۆزی فەڵەستین".

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی شەقامی کوردی بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین گوتی: "سوپاسی گەلی کوردستان دەکەین بۆ هەڵوێستی هاوسۆزییان لەگەڵ قودس وەک دۆزی موسڵمانان ئەمەش لە شەقام و هەڵویستی راگەیاندراو هەستمان پێکردووە، ئەمەش مایەی پێزانییە".

نەزمی حەزوی باس لە ناوەڕۆکی پەیامێکی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دەکات کە لە رێگەی کۆنسولخانەی فەڵەستینەوە ئاراستەی سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباسی کردووە و گوتی: "جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بەڕێز هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەیاندنی پەیامی زارەکی هاوسۆزی و برایەتی بۆ جەنابی سەرۆک مەحمود عەباس کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە هەستکردن بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەوەی "ئێمە دڵەکانمان لەگەڵ ئێوەدایە".

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان ئەم هەڵوێستە بە هەڵوێستێکی جوامێرانە وەسف دەکات و بە رووداوێکی مێژوویی دەیبەستێتەوە و دەڵێت: "ئەمە هەڵوێستێکی جوامێرانەیە و رەگ و ریشەیی کوردە بەرامبەر بە قودس و فەڵەستین، هەرگیز فەتوای خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەیاد ناکەین کە شەڕی لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق راگرت کاتێک کە عێراق بۆ بەرگرییکردن لە قودس سوپای بۆ فەڵەستین نارد، تاوەکو لە مێژوودا ئەوە تۆمارنەکرێت کە کورد بووەتە رێگر لە بەرگرییکردن لە قودس، چونکە قودس خواستی مەلا مستەفا بوو، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبووە".

نەزمی حەزوری راشیگەیاند کە ژمارەیەک لە کەسایەتی گرنگ و شاندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانیان کردوون و هاوسۆزی خۆیان بۆ فیداکارییەکانی گەلی فەڵەستین نیشانداوە دژبە دەستدرێژیکردنە سەر ئەقسای پیرۆز.

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان کە لەکاتی قسەکردنیدا فرمێسک لە چاوەکانی قەتیس مابوون، پەیامێکی ئاراستەی گەلی کوردستان و گەلانی ئیسلامی کرد و گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ گەلی کوردستان و سەرجەم گەلانی موسڵمانان ئەوەیە؛ وەرن پێکەوە بۆ سەرکەوتنی فەڵەستین و قودس، نا بۆ لایەنگرییکردن لە ستەم، بەڵام وەستانەوە دژبە ستەمکار، با لە ئەمڕۆوە چیتر قوربانی و جەلاد بە یەک چاو سەیر نەکرێت. قوربانی هەیە، گەلی فەڵەستین باجەکەی دەدات، جەستەی منداڵان، پیاوان و ئافرەتانی فەڵەستین پارچە پارچە دەبێت، خانوو و باڵەخانەکان بەسەر سەری هاووڵاتییانی مەدەنییدا خاپوور دەکرێت، ئەمەش جیهان بە چاوی خۆی دەیبینێت".

نەزمی حەزوری لەبارەی کردنەئامانجی میدیا و میدیاکاران لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستین گوتی: "کردنەئامانجی دەزگاکانی میدیا و میدیاکاران بە ئامانجی رێگەگرتنە لە گواستنەوەی وێنەی رووداوەکان وەک خۆی تاوەکو میدیا نەبێتە شایەتی تاوانێک لە تاوانەکانی زایۆنیزم".

کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ دەڵێن پێویستە حکوومەتی ئیسرائیل راپێچی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بکرێت بە تایبەت بەر لە مانگێک بڕیارێکی تایبەت دەکرا کە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان خاوەنی سەرەوەیی یاسایییە لەسەر خاکی داگیرکراوی فەڵەستین لە ساڵی ١٩٦٧، پەیامی دەستدرێژیکردن بۆسەر قودس، غەززە و کەناری رۆژئاوا، پێویستە ناتانیاهو و حکوومەتە توندڕەوەکەی بەرپرسیار بێت بەرامبەر یاسا، نەوەک حکوومەتی داگیرکەری ئیسرائیل دەوڵەتێکی دەرچوو لە یاسا بێت".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın