سياسەت, جيهان

لە گوتاری ماڵئاواییدا ترەمپ هیوای سەرکەوتنی بۆ بایدن خواست

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ: ''ئەم هەفتەیە حکوومەتێکی نوێ سوێند دەخوات و دەست بە کار دەبێت و، ئێمە نزای بۆ دەکەین سەرکەوتووبێت لە پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەمریکا''.

Dildar Baykan   | 20.01.2021
لە گوتاری ماڵئاواییدا ترەمپ هیوای سەرکەوتنی بۆ بایدن خواست

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە گوتاری ماڵئاواییدا رایگەیاند ''ئەم هەفتەیە حکوومەتێکی نوێ سوێند دەخوات و دەست بە کار دەبێت و، ئێمە نزای بۆ دەکەین سەرکەوتووبێت لە پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەمریکا''.

پێش چەند کاتژمێرێک لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن، ترەمپ گوتاری ماڵئاوایی پێشکەش کرد.

ترەمپ کە پێشتر ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی بە فێڵ دادەنا، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند ''ئەم هەفتەیە حکوومەتێکی نوێ سوێند دەخوات و دەست بە کار دەبێت و، ئێمە نزای بۆ دەکەین سەرکەوتووبێت لە پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەمریکا''.

لە گوتارەکەیدا ترەمپ باسی لە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی کرد لە شەشی کانوونی دووەمدا و، گوتى: ''بە هۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر کۆنگرێسمان هەموو ئەمریکییەکانی ترساند. توندوتیژی سیاسی، هێرشێکە کراوەتە سەر هەموو شتێ کە وەک گەلی ئەمریکا گرنگیی پێدەدەین. ئەوە هەرگیز پەسەند نییە. ئێستا دەبێت لە دەوری بەها هاوبەشەکانمان کۆببینەوە و چارەنووسی هاوبەشمان دروست بکەین''.

ترەمپ ئەوەی وەبیرهێنایەوە پێش چوار ساڵ لەمەوبەر وەک کەسێک کە پێشتر لە سیاسەتدا نەبووە هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە و هاتووەتە واشنتۆن و، گوتيشی: ''ژیانی پێشترم لەدوای خۆم جێهێشت و، هەنگاوم بۆ گۆڕەپانێکی زۆر سەخت نا. ئەو گۆڕەپانە خاوەنی توانایەکی زۆرە ئەگەر بەشێوەیەکی رێک بەڕێوەببرێت''.

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا ئەمریکا کاری باشی کردووە، کارەکانی پێکوتەی بە ''موعجیزە پزیشکی'' ناوزەند کرد.

ترەمپ باسی لەوە کرد کە وەک سەرۆک هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کاری لەپێشینەی بووە و، گوتی: ''تا ئام کاتە لە دووی ئاسانترین رێگا نەبووم، لە راستییدا ئەگەر تەماشاکەن ئەمە قورسترینیان بوو. لانی کەم رێگاکانی رەخنەگرتنیشم هەڵنەبژارد. شەڕی زۆر سەختم کرد، بژاردەی زۆر سەختم هەڵبژارد، لەبەرئەوەی ئێوە منتان بۆ ئەوە هەڵبژارد''.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو کە ئازادی رادەربڕین یەکێکە لە بەردە گرنگەکانی بناغەی وڵات و، رایگەیاند ''ئەگەر بیرمان بچێت کە کێین و چۆن گەیشتووینەتە ئێرە ئەو کات رێگە دەدەین بە گوشاری سیاسیی و کەسەکان بکرێنە لیستی رەشەوە. ئەوە نایەت بە عەقڵدا. هەڵگرتنی دۆخی ئازادی و مشتومڕی کراوە پێشێلکاریە بەرامبەر بەها سەرەکیيەکان و نەریتەکانمان''.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەیش کرد کە لە سەردەمی چوار ساڵی سەرۆکایەتیەکەدا، تاک لایەنە لەو رێککەوتنە نێودەوڵەتیانە کشاوەتەوە کە خزمەتیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نەکردووە و، گوتی: ''ئێستا وڵاتانی ناتۆ بە بەراورد بە چەند ساڵی پێشتر سەدان ملیار دۆلار زیاتر دەدەن. نایەکسانیەک لەئارادابوو. تێچووی هەموو جیهان ئێمە دەماندا''.

هەروەها ترەمپ باسی لە تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کوشتنی قاسم سولەیمانی کرد و، رایگەیاند ''لە ئەنجامی بوێری دیپلۆماسی و بنەمای راستەقینەمان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر رێککەوتننامەی ئاشتیی مێژووییمان ئەنجامدا و سەرکەوتووبووین تیایاندا. ئەوە بەرەبەیانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە''.

هاوکات ترەمپ باسی لەوە کرد کە سەربازانی ئەمریکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هێناوەتەوە نیشتمان و، گوتى: ''بەتایبەتی شانازی دەکەم کە لەو دەیان ساڵانەدا یەکەم سەرۆکی ئەمریکام جەنگێکی نوێم هەڵنەگیرساندووە''.

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، باسی لەوە کرد کە رۆژی چوارشەممە حکوومەت رادەستی بایدن دەکات و، رایگەیاند: ''دەمەوێت ئەوە بزانن کە ئەو بزوتنەوەیەی ئێمە دەستمان پێکردووە هێشتا سەرەتایە''.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın