Heman Hussein Yaseen
04 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2026
خەڵکی فەڵەستین لە نەخۆشخانەی شوھەدای ئەقسا لە شاری دێربەلەح، ناوەڕاستی کەرتی غەززە تەرمی ئەو کەسانەیان بەڕێکرد کە ئێوارەی دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن ھێزەکانی ئیسرائیل لەسەر ڕێگای دەریا (ڕێگای ڕەشید) بە ئامانجگیرابوون.
کەسوکاری قوربانییەکان لە ناو نەخۆشخانەی شوھەدای ئەقسا تەرمەکانییان ئامادەکرد و دواتر بە مەبەستی ناشتنیان بەرەو گۆڕستانی شارەکە بەڕێکەوتن.
یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بەناوی، عومەر دەروێش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قوربانییەکان لە کاتێکدا بەرەو سەردانییکردنی ھاوڕێیەکیان دەچوون، بوونەتە ئامانجی ھێرشێکی ئیسرائیل، بەڕاستی ئاگربەست درۆیە، ھیچ ئاسایشێک نییە، نەتانیاھو ھێشتا بەردەوامە لە تاوانەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین".
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بەردەوامن، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام ھێرشەکانی ئیسرائیل دەبێتە ھۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ھاووڵاتییان".
بەپشتگیری ئەمریکا، ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە لە کەرتی غەززە شەڕێکی خوێناوی دەست پێکردووە، بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٧٣ ھەزار گیانلەدەستدان و زیاتر لە ١٧٤ ھەزار برینداری لێکەوتووەتەوە کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن، ئەمە جگە لەوەی کە سەدا ٩٠ی ژێرخانی ناوچەکە وێران بووە.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ١٠ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانی ڕۆژانەی کەرتی غەززە، کە بووەتە ھۆی کوژرانی ھەزار و ٢٥٠ فەڵەستینیی و برینداربوونی ١٠ کەسی دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵن وێرای دەستگیرکردنی چەندان کەسی دیکە.