جيهان

لە سەردەمی ناتانیاهودا نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی شەهیدبوون

- لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی شەهیدبوون و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

Mustafa Deveci   | 16.09.2020
لە سەردەمی ناتانیاهودا نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی شەهیدبوون

Quds

قودس - AA

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کە ئیمارات و بەحرێن رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واژووکردووە، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان لەنێودایە شەهیدبوون و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

بێنیامین ناتانیاهو کە یەکێکە لە گەورە ئەندازیارانی ئەو گوشار و پێشێلکاریانەی دەرهەق بە فەڵەستین کراوە و بە بۆچوونی راستڕەوی توندئاژۆ ناسراوە لە کاتێکدا سەرۆکایەتی وەزیرانی بەڕێوەبردووە کە سوپای ئیسرائیل دوو هێرشی خوێناوی بۆسەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو ئەنجامداوە.

حکوومەتەکەی بێنیامین ناتانیاهو کە کابوسی فەڵەستینیەکانە و هێشتا بەردەوامە لەسەر دەسەڵات، سەردەمێکی خوێناوی بەڕێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئیسرائیل B'Tselem لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە تا ئێستا کە ناتانیاهو بێ پچڕان پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەڕێوەبردووە، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی لە هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلدا لە کەناری خۆرئاوا و کەرتی غەززەی گەمارۆدراودا، شەهید بوون.

لەو فەڵەستینیانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا شەهیدبوون، ٧٩٩یان منداڵ و ٣٤٢شیان ژن بوون.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهودا، کەرتی غەززە قورسترین زیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی داوە.

ناتانیاهو کە حەوت جار پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیلی بەڕێوەبردووە لە ساڵی ٢٠١٢دا، فەرمانی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە دەرکرد بە ناوی ''ئۆپەراسیۆنی کۆڵەکەی هەور'' و هێرشی ''ئۆپەراسیۆنی هێڵی پاراستن'' لە ساڵی ٢٠١٤دا.

ئەو دوو هێرشە کە لە پاڵ زیانی گیانیی، زیانێکی زۆریان بە کەرتی غەززە گەیاند بە گەورەترین هێرشی ئیسرائیل دادەنرێن بۆسەر فەڵەستین لە ساڵانی رابردوودا.

بەهۆی ئەو هێرشەی سەردەمی فەرمانڕەوایی بێنیامین ناتانیاهو کە ئیسرائیل لە هەشتی تەمووزدا کردیە سەر کەرتی غەززە، ساڵی ٢٠١٤ بوو بە خوێناویترین ساڵ لە مێژووی فەڵەستیندا.

بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئیسرائیل بە درێژایی ٥٠ رۆژ شەش هەزار هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچەکە و نزیکەی ٥٠ هەزار هێرشی بە تۆپ و تانک کردووەتە سەر کەرتی غەززە.

لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا، دوو هەزار و ٢٥١ فەڵەستینی شەهید بوون کە ٥٥١یان منداڵ و ٢٩٩یان ژن بوون، زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش برینداربوون و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ منداڵ بێ باوک بوون.

بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی فەڵەستین لە هێرشەکاندا، ٢٨ هەزار و ٣٦٦ خانوو زیانیان بەرکەوتووە، لەوانەش سێ هەزار و ٣٢٩یان بەتەواوی رووخاون و ٢٣ هەزار و ٤٤٥یان بەشێکیان رووخاون.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژێرخانی کەرتی غەززە زیانێکی زۆری بەرکەوت و ٦٥ هەزار فەڵەستینی بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل لە سەردەمی ناتانیاهودا، کۆمەڵکوژیەکی نوێیان لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ناوچەکە ئەنجامدا.

لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئاشتیی ''رێپێوانی گەورەی گەڕانەوە'' کە لە ٣٠ ئاداری ٢٠١٨ لە سنووری کەرتی غەززە دەستیپێکرد و چەندین مانگی خایاند، سەربازانی ئیسرائیل گولـلەی راستەقینە و هێزی لە رادەبەدەریان دژبە فەڵەستینییەکان بەکارهێنا.

لە خۆپیشاندانەکاندا کە تەلەڤیزیۆنە ناوخۆییەکان راستەوخۆ دەیانگواستەوە، سەربازانی ئیسرائیل بە بەرچاوی جیهانەوە فەڵەستینیەکانیان کۆکوژ دەکرد.

هاوکات لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهودا لە پاڵ کۆکوژیەکاندا، گوشاری سەر فەڵەستینیەکانیش تا دێت زیادتر دەبێت.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın