جيهان

لێدوانی روحانی لەبارەی ''لەدەستدانی توانای سزاکانی ئەمریکا''

- سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند کە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی گەیشتۆتە لووتکە و هاوشانی ئەمە بە کردەوە هێزی سزاکان بەرەو کۆتایی پێهێنان دەچێت.

Muhammet Kurşun,Rewa Mahmood Hasan   | 12.06.2019
لێدوانی روحانی لەبارەی ''لەدەستدانی توانای سزاکانی ئەمریکا''

Tahran

تاران - AA

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند کە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی گەیشتۆتە لووتکە و هاوشانی ئەمە بە کردەوە هێزی سزاکان بەرەو کۆتایی پێهێنان دەچێت.

حەسەن روحانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە سزاکانی ئەمریکا کرد بۆسەر وڵاتەکەی.

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاماژەی بەوەدا کە سبەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، ئابێ شینزۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێخکراوی هاریکاری شانگهای لە قرغیزستان کۆدەبێتەوە و گوتی: ''فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەمان گەیشتۆتە لووتکە و هاوشانی ئەمە بە کردەوە هێزی سزاکان بەرەو کۆتایی پێهێنان دەچێت. سزاکان و فشارەکان کاریگەریی خۆیان لەدەست دا، زیاتریش لەدەستی دەدەن".

حەسەن روحانی راشیگەیاند کە سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا لە هەلومەرجێکی باشدان، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نایەت کە تەواوی کێشەکان چارەسەر کراون و گوتی: "ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەماندا سەپاندوویەتی لە مێژوودا هاوتای نییە. ئەو سزایانەی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەسەر وڵاتەکەماندا سەپێندرا بەراورد ناکرێت بە ئابڵوقەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر وڵات".

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی راشیگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیکۆ ماس لە میانی سەردانیدا بۆ وڵاتەکەی بەئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەمریکا هەڵەی کردووە و گوتی:

''ئەوانەی خراپەی ئێمەیان دەوێت ناچاریان دەکەین دان بنێن بەهەڵەکانیاندا و دەیانخەینە سەر مێزی گفتوگۆ، دادپەروەیی و ماف. ئەو گوتارە ناپێوانەییانەی پێشتر بڵاویان دەکردەوە، ئێستا گەیشتۆتە ئاستێکی میانڕەوانە، گومان نییە کە پاشگەز دەبنەوە لە هەڵەکانیان''.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın