جيهان

لیبیا.. ژمارەی كوژراو و بریندارانی شەڕەكەی تەرابلوس لە هەڵكشاندایە

Menna Ahmed,Ali Semerci,Mohammed Baqi Hussein   | 18.04.2019
لیبیا.. ژمارەی كوژراو و بریندارانی شەڕەكەی تەرابلوس لە هەڵكشاندایە

Libyan

تەرابلوس - AA

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەنجامی پێكدادانەكانی تەرابلوسی پایتەختی لیبیادا کوژراون، بۆ 205 كەس بەرزبووەتەوە.

نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە لیبیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایگەیاند لە ئەنجامی پێكدادانەكانی تەرابلوسدا كە چواری ئەم مانگە لە نێوان ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر و ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا دەستیپێكرد، تا ئێستا 205 كەس كوژراون و 913ی دیكەش برینداربوون.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەمە خراپترین پێكدادانە كە لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا روویدا بێت.

لە لایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكانی ئۆفیسی هەماهەنگیی كارە مرۆییەكان سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، بە هۆی پێكدادانەكانی لیبیاوە، 18 هەزار كەسی مەدەنی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

رۆژی سێشەمە گوتەبێژی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تارق جاسارەڤیچ رایگەیاند کە لە ئەنجامی پێكدادانەكانی تەرابلوسدا تا ئەو كاتە 174 كەس كوژراون كە 14یان مەدەنین و 756 کەسیش برینداربوون كە 36یان مەدەنین.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın