Buğrahan Ayhan
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری توركیا، بورهانەددین دوران ئاماژەی بەوە کرد لە قۆناغێکدا کە دەستپێشخەریە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست و ئاشتیی بەردەوام لە غەززە هیوابەخشن، دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی تەندروستیی بە ئهنقهست گشت هەوڵەکانی بەرەو ئاشتیی پەک دەخەن.
لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمهڵایهتی، دوران كاردانهوهی بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نیشاندا.
دوران ڕایگهیاند: "لە قۆناغێکدا کە دەستپێشخەریە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست و ئاشتیی بەردەوام لە غەززە هیوابەخشن، دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی تەندروستیی بە ئهنقهست گشت هەوڵەکانی بەرەو ئاشتیی پەک دەخەن".
بە ئاماژەكردن بەوەی ئەم هێرشانە کە مافی ژیانی ژنان، منداڵان و مەدەنیە بێتاوانەکان پشتگوێ دەخەن، بە ڕوونی نیشانی دەدەن حکوومەتهكهی بنیامین ناتانیاهو نایەوێت کۆتایی بە شهڕ و پێکدادانەکان بهێنێت، بەڵکو لایەنگری قووڵکردنەوەی قەیرانەکەیە و، ڕایگهیاند: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هەڵوێستێکی کاریگەرتر بنوێنێت بۆ ڕاگرتنی ئەم سیاسەتە دەستدرێژکارانەی مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکەن. وەک تورکیا بە ڕێبەرایەتی سەرکۆمارمان بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام دەبین لە پشتیوانی كردنی یاسای نێودەوڵەتیی، کەرامەتی مرۆڤ و مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین و پشتیوانی کردن لە گشت ئەو هەوڵانەی لهو پێناو هێنانەدی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بەڕێوە دەبرێن".