Jomaa Younis
05 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2026
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ڕایگەیاند کە دوای کوژرانی چوار فەڵەستینی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، کۆی قوربانیانی شەڕی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتووەتە ٧٣ ھەزار و ٣٨١ کەس.
وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نەخۆشخانەکانی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی چوار قوربانییان وەرگرتووە، لەوانە دوو کەس بەھۆی برینەکانی پێشوو گیانیان لەدەستداوە و دوو تەرمیش لە ژێر وێرانکارییەکان دەرھێنراون. ھەروەھا یەک کەسیش بریندار بووە.
وەزارەتی تەندروستی ھیچ وردەکارییەکی لەبارەی ھۆکار و بارودۆخی مردنەکان یان برینداربوونی تازە بڵاونەکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل ھێشتا بەردەوامە لە شکاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەیەک لە قوربانییان ھێشتا لە ژێر وێرانکارییەکان و سەر شەقامەکان ماونەتەوە بههۆی ئهوهی تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی ناتوانن بگەن بە شوێنهكانیان.
وەزارەتی تەندروستی ھەروەھا ڕایگەیاند کە کۆی ئهو قوربانیانەی لەمیانی شکاندنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ تا ئێستا تۆمارکراوە، گەیشتووەتە ههزار و ٢٥٤ کوژراو، ههروهها چوار ههزار و ١٢١ بریندار.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، لە دەستپێکی شەڕەکە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ئێستا، کۆی قوربانیانی شەڕی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتووەتە ٧٣ ھەزار و ٣٨١ کوژراو، ھەروەھا ١٧٤ ھەزار و ٢٣١ بریندار.
لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی قوربانییانە، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، ئیسرائیل نزیکەی ٩٠ لە سەدی ژێرخانی مەدەنی غەززەی وێرانکردووە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان خەرجی پێویستیان بۆ نوێکردنەوەی غەززە بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار خەملاندووە.