جيهان

عێراق.. نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناتوانن پێداویستی بنەڕەتی رۆژانە دابین بکەن

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان: ''نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناتوانن پێداویستی خۆراکی رۆژانە دابین بکەن''.

İdiris Okuduci   | 14.01.2021
عێراق.. نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناتوانن پێداویستی بنەڕەتی رۆژانە دابین بکەن

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

لە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناتوانن پێداویستی خۆراکی بنەڕەتی رۆژانە دابین بکەن.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکیدا کە سەبارەت بە رەوشی مرۆیی ٢٠٢٠ لە عێراق بڵاویکردەوە، باس لەوە کراوە کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس ناتوانن پێداویستی خۆراکی رۆژانە دابین بکەن.

لە راپۆرتەکەدا ریزبەندی ئەو پارێزگایانە خراوەتەڕوو کە بەدەست دابینکردنی خۆراکەوە دەناڵێنن، مووسڵ سەدا ٢٠، دیالە سەدا ١٥، کەرکووک سەدا ١٤ و بەغدا سەدا ١٠.

بەرپرسی عێراقی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، عەبدولڕەحمە میهاج لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلسەباح، کە رۆژنامەیەکی نیمچە فەرمی عێراقە، ئاماژەی بەوە کرد رێژەی هەژاری کە لە وڵاتدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە پەیوەندی بە رەوشی ئابوورییەوە هەیە کە وڵاتی تێکەوتووە.

میهاج ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانییدا و کەمبوونەوەی بەرهەم، بەشێوەیەکی بەرچاو داهاتی عێراقی کەمکردووەتەوە.

هەروەها میهاج باسی لەوە کرد کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا نرخی هەندێ کاڵای هاوردەکراو بەرزبووەتەوە و، ئەوەیش کێشەی بۆ دەستەبەرکردنی خۆراکە بنەڕەتیەکان دروست کردووە.

عێراق کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوتە و دابەزینی نرخەکەشی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتەکەی دروست کردووە.

حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کە دووچاری سەختی بووەتەوە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، پرۆژە یاسایەکی ناردە پەرلەمان و تێپەڕێندرا کە رێگەی لەبەردەم قەرزکردنی ناوخۆیی کردەوە بە بڕی ٣٤ ملیار دۆلار.




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın