جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی.. سەردانی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە

گرنگترین هۆکاری سەردانەکە بۆ ئەوەیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە تایبەت سعوودیە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن و گۆڕانکاری جۆراوجۆر ئەنجام بدەن لە بەرژەوەندی ئەمریکادا.

Doç. Dr. Veysel Kurt   | 15.07.2022
شیکاریی.. سەردانی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە

Istanbul

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەیسەل کورت ئەم گوتارەی لەبارەی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ بەشی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو نووسیووە.

*

لە کاتێکدا تەنگوچەڵەمەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادان، ناوچەکە بە قۆناغی گۆڕانکاری سیاسیی و کۆمەڵناسیی دینامیکدا تێدەپەڕێت، ئەم پرۆسەیە کە لە رووی سیاسییەوە وەک "گەڕانەوە بۆ قۆناغی دەسەڵاتدارێتی جاران" باسی لێوە دەکرێت لە راستیدا دەبێت دان بەوەدا بندرێت کە زۆر لەوە بەرفراوانترە. دەستکردن بە گەشتە سێ رۆژییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم روانگەیەوە گوزارشت لە چی دەکات؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێت دیسانەوە ببێتەوە کاراکتەر بۆ شێوەدانەوە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

یەکەم وێستگەی گەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ ئیسرائیل بوو، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، مەحمود عەباس سەردانی سعوودیە بکات. وێڕای ئەوەی گوتارەکەی جۆ بایدن کە لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە ناوی "بۆچی دەچمە سعوودیە" بڵاوی کردبووەوە بووەتە مایەی سەرنج. لەو گوتارەی جۆ بایدن-دا کە دەردەکەوێت لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئاستی بەرزی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، کرۆک و ئامانجەکانی سەردانەکەی پوخت کردووەتەوە. جۆ بایدن لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کردووە کە بە درێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی چی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لەبارەی پێکدادانەکانی یەمەن، عێراق، ئیسرائیل و فەڵەستین دواوە، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە چ جۆرە هەنگاوێکی ناوە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و گرنگی ئەو سەردانە لە چیدایە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هەروەها بە ئاماژەدان بە شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان گرنگی بوونی ئەمریکای لە ناوچەکە بیر خستووەتەوە.

- تەوەری سەردانەکە و ئامانجەکانی

کە سەیری گوتەکانی ئەم دواییە و گوتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دەکرێت، دەبیندرێت گرنگترین هۆکاری سەردانەکەی بۆ ئەوەیە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە تایبەت سعوودیە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن و گۆڕانکاری جۆراوجۆر ئەنجام بدەن لە بەرژەوەندی ئەمریکادا، چونکە یەکێک لەو بوارانەی کە خانەوادە ئەمریکییەکان زۆرترین داهاتی تیادا خەرج دەکەن، خەرجی سووتەمەنییە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر نرخی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٦٠، بووەتە هۆی ئەوەی رەخنەی توند لە جۆ بایدن بگیرێت. هەرچەند سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار باسی لەوە کردووە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی رووسیایە، بەڵام بەو گوتانە نەیتوانیووە خەڵکانێک قەناعەت پێ بهێنێت. بۆیە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وڵاتە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنی نەوتن، گرنگە. بەهۆی دەستپێکردن بە دانوستانەکان و زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەرلە سەردانەکە، نرخی خاوی برێنت کە گەیشتبووە ١٢٠ دۆلار بۆ خوار ١٠٠ دۆلار دابەزی. سەقامگیری نرخی نەوت، کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی هەڵئاوسانی ئابووریی لە ئەمریکا، هەڵبژاردنی ناوبڕی کۆنگرێسی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣یش.

لەگەڵ ئەوەیشدا تەوەری دووەمی سەردانەکەی جۆ بایدن پەیوەندییەکانی ئەمریکان لەگەڵ سعوودیە. کۆبوونەوەی جۆ بایدن لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کە پێشتر وشەی زبری بەرامبەر بەکار هێنابوو، بووە هۆی ئەوەی لە ناوخۆ رەخنەی زۆری لێ بگیرێت، بەڵام لە ئەگەری بوونی محەمەد بن سەلمانی تەمەن ٣٧ ساڵ بە شای سعوودیە، چاوەڕوان دەکرێت ساڵانێکی زۆر لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە و ببێتە ئەو کاراکتەرەی کە سعوودیە دەگۆڕێت. بۆیە بە گوتەکانی جۆ بایدن ئێجگار گرنگە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتە "بەرلەوەی بپچڕێن، دیسانەوە رێک بخرێنەوە".

سێیەم رۆژەڤی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ فەڵەستین و جیهانی عەرەبی، جۆ بایدن سەرەتا سەردانی ئیسرائیل دەکات و رایدەگەیەنێت کە ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی رەمزی لە سەنتەری سیاسەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکادایە، هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆکی فەڵەستین) مەحمود عەباس لە کەناری رۆژئاوا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین. بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل زۆر گرنگە کە عەباس و فەتح پێگەیەکی بەهێزیان هەبێت. لە لایەنی ناوچەییەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاو بنرێت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە چوارچێوەی "رێککەوتنی ئەبراهام". سەردانی جۆ بایدن لە ئیسرائیلەوە راستەوخۆ بۆ شاری جیددەی سعوودیە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەم دۆخە؛ جۆ بایدن دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئیدارەی ریاز بۆ راگەیاندنی ئاساییبوونەوە. جۆ بایدن بە دەربڕینی ئەوەی کە لە زۆر پرسدا جیاوازە لە ترەمپ سەبارەت بە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سیاسەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ جیهانی عەرەبی. یەکێک لە پرسە هەرە گرنگە و سەرنجڕاکێشەکان لەم سەردانەدا ئەوەیە کە ئایا سعوودیە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنێت یان نا. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ئیمتیازێکی گرنگی لە ئیدارەی سعوودیە داوە.

پرسى پێنجه‌م بریتییه‌ له‌ رێگرتن له‌ چین و رووسیا كه‌ پرسێكى دیکەى گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌. لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، روونە کە چین بەشدارییەکانی لە رووی ئابووری و رووسیا لە رووی ئاسایشەوە زیاد کردووە. جۆ بایدن دەیەوێت کە ئەوان (چین و رووسیا) کەمتر سوود لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرن، بەڵام زۆر قورسە باس لە پلانێکی بەرجەستە بکرێت بۆ ئەمە.

- چەقبەستووییەکانی جۆ بایدن

بە پشت بەستن بە گوتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقبەستوویی جیددی هەیە لە گەیشتن بەو ئامانجانەی کە لە سەرەوە کورتکراونەتەوە. سەرەتا زۆر ئەستەمە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران-دا کورتی کردبووەوە، بەم سەردانە بگەیەنێتە ئاستێکی گشتگیر و جارێکی دیکە وڵاتانی کەنداو 'رازی بکاتەوە'. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا بۆ ماوەی ١٠ ساڵە لە پێگەی خۆی وەک دابینکەری ئاسایش دوور کەوتۆتەوە، وڵاتانی کەنداو بەرەو هەوڵی نوێ هەنگاویان نا و هاوبەشی نوێیان دامەزراند. لە چوارچێوەی سەردانە سێ رۆژییەکەیدا، گواستنەوەی ئەمریکا بۆ پێگەی پێشووی لەم وڵاتانەدا بەو شێوەیە ئاسان نابێت کە چاوەڕوانی دەکات.

دووەم چەقبەستوویی جۆ بایدن ئەوەیە کە سیاسەتگەلێک دەگرێتەبەر کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دووبارە دەخاتەڕوو، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لە ستراتیجییەتی گەورەی ئەمریکادا هیچ ئاماژەیەک نییە کە بەشدارییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد بکات، بەڵام جۆ بایدن لە گوتارەکەیدا لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە سیاسەتی ئەمەریکا سەبارەت بە جێگیرنەکردنی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئیدارەی جۆ بایدن پلانێکی جیددی لەبەردەستدا نییە کە دەستی لاوازبوونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ئاسایشەوە بەهێز بکات. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەمریکا بە خۆدەربازکردن لە تێچووە داراییەکان بەرپرسیارێتی بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت. ئاسان نابێت بۆ ئەو وڵاتانە بە تایبەت سعوودیە کە هەوڵی هێنانەکایەی هاوکێشەی هاوپەیمانی جێگرەوە دەدەن، بە ئاسانی ئەمە قبوڵ بکەن.

سێیەم بنبەستیش ئەوەیە کە حکوومەتەکەی جۆ بایدن، هەوڵدەدات لە رێی کۆمەڵێک هاوکێشەی کاربەڕێکەر و سیاسەتی پارچەپارچەوە، دووبارە ناوچەکە دیزاین بکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو سیاسەتانەی ئێستای نەگۆڕێت و لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا رەفتار نەکات، پێشبینی ناکرێت ئەمریکا لە رێی هەنگاوی بچووک بچووکەوە بگاتە ئامانجی گرنگ. بەتایبەت لە سەردەمی جۆ بایدن-دا سعوودیەی هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، رووبەڕووی زۆرترین هێرشی مووشەکیی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوونەتەوە لە مێژوودا. ئەمەش پرسێکی گرنگی ئەمنییە کە متمانە بە دەسەڵاتەکەی بایدن کەم دەکاتەوە. لەپاڵ ئەمانەشدا نەخشەڕێگای حکوومەتەکەی جۆ بایدن لە بارەی دوو پرسی زۆر گرنگی ئەمنی ناوچەکە کە پرسی سووریا و یەمەنە، نەخشەڕێگایەکی زۆر تەمومژاوییە. بەکورتی وا چاوەڕوان ناکرێت ئەمریکا دەستبەرداری رۆڵی پاریزەرانەی خۆی لە ناوچەکە ببێت و لەگەڵ هاوپەیمانە نەریتییەکانیدا کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بکات.

ئەگەر لە روانگەی جۆ بایدن-ەوە تەماشا بکرێت، ئەوا ئەمریکا زۆر کاری بۆ ناوچەکە کردووە. بۆ نموونە دوای کشانەوەی لە عێراق، کارەکانی بۆ لایەنە عیراقییەکان جێهێشتووە، هەروەها لە یەمەن ئاگربەستی راگەیاندووە. ئەم هەڵوێستەش جۆرێکە لە چاوپۆشیکردن لە کاریگەری ئێران لە عێراق و یەمەن. لە کاتێکدا زۆرترین هێرش بۆسەر سەرچاوە نەوتییەکانی سعوودیە لە خاکی یەمەندا ئەنجامدراوە، جەختکردنەوەی بایدن لە ئاگربەستی یەمەن کە تەنها لەسەر کاغەز بوونی هەیە، یاخود لێدوانەکانی لە بارەی ئەوەی کە ئێران لای هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی تەنها ماوەتەوە، جێگای باوەڕ نین.

کاتێک تەماشای ئەم وێنەیە دەکرێت ئەوە دەبینرێت کە سەرۆکی ئەمریکا وێڕای بەڵێن و گوتەکانی لە بارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکە، تا ئیستاش ئاشکرا نییە ئایا چاوەڕوانییەکانی وڵاتانی کەنداو بەدیدەهێنێت یاخود نا. دەکرێت هەر لەم چوارچێوەیەشدا شرۆڤە بۆ ئەو بانگەوازانە بکرێت کە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی روون و ئاشکرا ئاراستەی ئەمریکا دەکرێن. بانگەوازەکانی وەک "پێویستە سیاسەتی (جیمی) کارتەر دووبارە زیندوو بکرێتەوە"، "پێویستە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رابەری بکات" و "پێویستە رێگری لە رووخانی ئەمریکا بکرێت" بەشێکن لەو داواکارییانەی شەقامی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن-ی دەکات و لە راگەیاندنەکانیشدا رەنگیان داوەتەوە.

بەکورتی، پێویستە سەردانەکەی جۆ بایدن بۆ ناوچەکە ئەگەر کاریگەرییەکی کاربەڕێکەرانەش دروست بکات، بەڵام وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ و سەرچاوەی سەرەکیی ئاراستەکردنی گۆڕانکارییەکانی ئێستا، تەماشا نەکرێت. تەنانەت لە بارەی پاشەکشەی جۆ بایدن لە پرسی محەمەد بن سەلمان، هەڵسەنگاندنی بابەتەکە بە "دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" هەڵسەنگاندنێکی پڕ لە زیادەڕۆییە.

د. فەیسەل کورت، زانکۆی مەدەنییەت
*بابەتەکانی ناو ئەم گوتارە بیروباوەڕی تایبەتی نووسەرن و پەیوەندییان بە سیاسەتی ئاژانسی ئانادۆڵووەوە نییە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın