جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی.. سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ٢٠٢١دا

گۆڕینی دەسەڵات لە ئەمریکا کاریگەرترین پێشهاتە لە شێوەدان بە سیاسەتی خۆرهەلاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢١دا بوو.

Prof. Dr. Kemal İnat   | 14.01.2022
شیکاریی.. سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ٢٠٢١دا

Istanbul

پرۆفیسۆر د. کەمال ئینات لە زانکۆی ساکاریا، پەرەسەندنەکانی خۆرهەلاتی ناوەڕاستی لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ مێزی شیکاری هەڵسەنگاند.

***

بانگەشە کردن لەبارەی ئەوەی کە گۆڕینی دەسەڵات لە ئەمریکا کاریگەرترین پێشهات بووە لە شێوەدان بە سیاسەتی خۆرهەلاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەڵە نابێت. دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لە ترەمپەوە بۆ بایدن لە مانگی کانوونی دووەمدا کە ترەمپ لە ژێر رۆشنایی ئیسرائیل و لۆبی چەکدا قورسایی سیاسەتی ناوچەکەی دانا، نیشانەی پرسیاری لەبارەی داهاتووی ئەو هاوپەیمانە دروست کرد کە بە پشتیوانی ئەمریکا دروستکرا و ئیسرائیل، ئیمارات، سعوودیە و میسری تیایدا کاراکتەری سەرەکی بوون.

وڵاتانی کەنداو وەک ئیمارات، سعوودیە و بەحرێن کە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ترەمپ لە ئیسرائیل نزیک بوونەوە و ئەزموونی ئەوەیان کردووە کە کڕینی چەک لە ئەمریکا بەسە، تووشی نیگەرانی جددی بوون بەرامبەر ئەگەری گەڕانەوەی بایدن بۆ سیاسەتەکانی سەردەمی ئۆباما لەبارەی ئێرانەوە. ئەو وڵاتانە کە لە سەردەمی ترەمپدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پەیڕەوی گوشارێکی قورس و سیاسەتی سەپاندنی سزایان دەکرد دژ بە ئێران، لە سەردەمی بایدندا لە لایەک دەستیان بە هەنگاونان کردووە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاراندا، لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ کاراکتەرەکانی دیکەدا وەک تورکیا کە هاوسەنگی لەگەڵ ئێران هەیە، سەرقاڵی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانن. بەشداری میری قەتەر، شێخ تەمیم لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کە سەری ساڵ لە شاری ئەلعولا-ی سعوودیە بەڕێوەچوو، بەشێکە لە پرۆسەی ئاسایی کردنەوەکە.

دەکرێت هەنگاونانی ئیمارات و سعوودیە بۆ دواوە بەرامبەر ئێران، قەتەر و تورکیاش بە رێژەیی، ئەنجامی سروشتیی شکستی سیاسەتە توند و دەستوەردانەکانیان بێت کە بە متمانە کردن بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئەو ولاتانە پەیڕەویان دەکرد. مانەوە و خۆڕاگری رژێم لە ئێران بەرامبەر سیاسەتەکانی گوشار و بەرپەرچدانەوەی ئەو گوشار و سیاسەتی سزایانە بە توانەی خۆی، وای لە حکوومەتەکانی ئەبو زەبی و ریاز کرد هەستیارتر بن لە هەنگاونان دژ بەو وڵاتە. بەهەمان شێوە مانەوەی قەتەر و خۆڕاگری بەرامبەر گەمارۆکانیان بە پشتیوانی تورکیا، ئەڵمانیا و ئێران، نیشانی ئێمەی دایەوە کە ئیمارات و سعوودیە ناتوانن بە پشت بەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل هەرشتێکیان لە ناوچەکە خواست ئەنجامی بدەن. هەروەها چاوەڕوانییەکان بۆ رووخانی دەسەڵاتی ئاک پارتی لە تورکیا بە گوشارە توندەکانی ئەمریکا و هەندێ وڵاتی ئەورووپا بێ هودە بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئیمارات هەنگاوی خێرا بنێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا.

- رەشەباکانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان

چاوەڕوانییەکان لە دووبارە نەکردنەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ لە پرسی ئێران و ئیسرائیل و هەنگاونانی حکوومەتەکەی بایدن بە ئاراستەی ئەم چاوەڕوانییانەدا، لە رەشەبەکانی ئاساییبوونەوەی رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرنگترین رۆڵیان هەبوو. لەم چوارچێوەیەدا یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانیش دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران بوو لە شەشی نیساندا. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا دەیانویست گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتننامەیەکی نوێوە بکەن کە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی ئێرانیشی لەخۆ دەگرت، بەڵام تاران ئەم داواکارییەی رەتکردەوە و لە بەرامبەردا داوای ئەوەی کرد کە بەزووترین کات سزاکان هەڵبگیردرێن. بەهۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێرانەوە بۆ ماوەیەک دانوستانەکان هەڵپەسێردران و دواتر لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا دووبارە دەستیانپێکردەوە، بەدەستهێنانی سەرکەوتنیش لە دانوستانەکاندا لە روانگەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرنگی خۆی هەبوو.

بێگومان لە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا دووەم لایەنی گرنگ، ئیماراتە. حکوومەتی ئەبوزەبی کە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی هەیە، بۆ ئەوەی بەخێرایی خۆی بۆ گونجاندن لەگەڵ حکوومەتەکەی بایدن ئامادە بکات، هەنگاوی جددی گرتەبەر بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەڕ، ئێران و تورکیا. لەم چوارچێوەیەشدا دوای رێککەوتننامەی عولا کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا لە نێوان قەتەڕ و وڵاتانی دیکەی کەنداو، واژۆ کرا، ئیمارات هەنگاوی گرنگی گرتەبەر بۆ ئەوەی لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی دۆحە فراوانتر بکات. هەروەها هەوڵەکانی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە سەردانێکی فەرمی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیمارات، شێخ تەحنون بن زەید بۆ تارانی پایتەختی ئێران، گەیشتە ئاستێکی باڵا. لە ٢٤ی تشرینی دووەمیشدا شازادەی جێنشینی ئیمارات، محەمەد بن زەید سەردانی تورکیای کرد، ئەم سەردانانەش نیشاندەری ئەوەن کە ئیمارات لە پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکاندا تا چ رادەیەک جددیە.

لە لایەکی دیکەشەوە سعوودییە کە لە پرسی یەمەندا رۆژبەڕۆژ زیاتر تەنگی پێهەڵدەچندرێت و نیگەرانی ئەوەشی هەیە کە لە دوای ترەمپ، پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆی کەم بکات، هەوڵدەدات بۆ ژیاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هەڵپەسێردراوە، ئەم هەوڵانەش یەکێک لە گرنگترین حەلقەکانی ئاسایی کردنەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدێنێت. لە مانگی نیساندا کۆبوونەوەی نێوان ئێران و سعوودیە لە بەغدادی پایتەختی عێراق و کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە میانەی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە پاکستان، ئەوەی نیشاندا کە تاران و ریاز خواستیان هەیە تا کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. بەڵام پێویستە جەخت لەوەش بکرێتەوە کە سعوودیە لە رووی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکاندا زۆر لە دوای ئیماراتەوەیە. هەروەها ئیمارات لە قۆناغی ترەمپدا لە رووی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە سعوودیە چالاکتر بوو. لە دوای قۆناغی ترەمپیش حکوومەتی ریاز لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران لە دوای هەنگاوەکانی ئەبوزەبییەوەیە.

لە بەرامبەریشدا قەتەر توانی بەبێ هیچ سازشێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئاسایی بکاتەوە کە لە ماوەی رابردوودا سزا و ئابڵوقەیان بەسەردا سەپاندبوو، ئەمەش بە مانای سەرکەوتنی دۆحە دێت. بۆ ئێرانیش هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات و سعوودیە، مانایەکی ئەرێنیان هەیە چونکە خزمەت بە هەڵوەشاندنەوەی بلۆکی بەرامبەر دەکەن. لە روانگەی تورکیاشەوە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان یان کەم کردنەوەی هەڕەشە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئەبوزەبی بۆسەر ئەنقەرە و بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

- رووی نه‌گۆڕی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل، كێشه‌ی په‌نابه‌ران و هه‌ژاری

له‌ كاتێكدا پێشهاتگه‌لێك هه‌ن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بێگومان ژماره‌یه‌ك شتی نه‌گۆڕیش له‌ئارادان. شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی سووریا و یه‌مه‌ن سیاسه‌تی په‌لامارده‌رانه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و به‌رده‌وامیبوونی ناسه‌قامگیری عێراق، به‌رده‌وامیدان به‌ شه‌پۆلی په‌نابه‌ران به‌هۆی ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ربوون له‌ ئاكامی رووداوه‌ توندوتیژییه‌كان، هه‌ژاری به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان و گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی برسێتی و نه‌خۆشییه‌وه‌، له‌ ٢٠٢١ به‌رده‌وام بوون.

شه‌ڕی ناوخۆ له‌ یه‌مه‌ن و سووریا له‌ كاتێكدا بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س له‌و وڵاتانه‌ گیان له‌ده‌ست بده‌ن، هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ هۆی دابینكردنی ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی داهات بۆ چه‌كوچۆڵ و گه‌یاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی بۆ لێقه‌وماوان وه‌ك مه‌حاڵی لێهاتووه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س به‌هۆی نه‌بوونی خۆراكی پێویست و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ژیانیان له‌ لێواری مه‌رگدایه‌. وه‌ك هه‌میشه‌ پشكی شێری ئه‌م تراژیدیایه‌ به‌ر منداڵان ده‌كه‌وێت. به‌تایبه‌ت وێنه‌ی منداڵانی یه‌مه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاژانسه‌ هه‌واڵییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، رووی ناشیرینی سیاسه‌تی هێزی بێبه‌زه‌ییانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نیشان ده‌دات.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ دیمه‌نه‌ نه‌گۆڕه‌كانی سیاسه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ٢٠٢١ په‌لاماردانی ئیسرائیله‌ بۆ سه‌ر فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ داگیركردنی خاكی فه‌ڵه‌ستینه‌كان و دروستكردنی یه‌كه‌ی نوێی نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر خاكی فه‌ڵه‌ستین. مانگی ئایار له‌ كاتێكدا سه‌ربازانی ئیسرائیل هه‌وڵیان دا ژماره‌یه‌ك فه‌ڵه‌ستینی به‌ زۆره‌ملێ له‌نێو ماڵه‌كانیان بڕفێنن له‌ گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌ڕاح له‌ قودسی رۆژهه‌ڵات گرژی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئاكامی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ زیاتر له‌ ٣٠٠ فه‌ڵه‌ستینی گیانیان له‌ده‌ست دا.
به‌داخه‌وه‌ بۆ ٢٠٢٢ هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ به‌وه‌ی په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل، گیانله‌ده‌ستدانی منداڵان به‌هۆی برسێتی و كێشه‌ی په‌نابه‌ران له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان كۆتایییان پێ بێت. هه‌نگاوه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌وانه‌یه‌ به‌رده‌وامی بده‌ن به‌ كرانه‌وه‌ی نوێ.

[پرۆفیسۆر دكتۆر كه‌مال ئینات، زانكۆی ساكاریا]

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın