جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی/ داعش لە عێراق و سووریا.. ھەڕەشەی سنووردار و پاشەکشەکردنی قەڵمرۆیی

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چی دیکە توانای نەماوە پەلاماری جۆریی بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایشی نیشتمانیی و ھەرێمیی ئەنجام بدات، جگە لە پەلامارە دەگمەنەکانی وەک پەلامارەکەی سەر گرتووخانەی پیشەسازیی لە شاری حەسەکە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا.

Zana Natık Kerem   | 28.07.2022
شیکاریی/ داعش لە عێراق و سووریا.. ھەڕەشەی سنووردار و پاشەکشەکردنی قەڵمرۆیی

Arbil

ئیستانبوڵ ــ AA

دوای ئەوەی داعش لە مانگی ئاداری ٢٠١٩دا، سەرجەم ناوەندە شارنشینەکانی لە عێراق و سووریا لە دەست دا، لەئێستادا دەستی کردووە بە پەیڕەوکردنی ستراتیجییەتێكی نوێ.

ئەو ستراتیجییە نوێیە پشتی بەستووە بە تێکەڵکردنی ھێرشەکان لەگەڵ گرووپە بچووکەکان لەو ناوچانەی کە لەڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرن، ھەروەھا ھێرشەکان لە چاندنی بۆمب، کردەی خۆکوژی و تێکدانی ژێرخان بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتەکان، خۆیان دەبیننەوە.

ــ ھەڕەشەیەکی سنووردار

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، ھەروەھا لە ساڵی رابردوودا ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەرکی ھێزەکانی لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی ھاتووە و گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نوستووەکانییەوە، ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.

ھێشتا ژمارەیەک لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین کەوتوونەتە بازنەی ھەڕەشەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

ئەوەیش بەھۆی ئەوەی کە ھێشتا تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە خۆیان حەشارداوە و کردەی تیرۆریستیی ئەنجامدەدەن کە زۆر جار ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج کە کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.

لە بەرامبەردا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بەردەوام ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، ئەوەیش بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسی و ھەڕەشەکانی داعش و لاوازکردنی و بۆ بەرگرتن لە دووبارە گەڕانەوەی بۆ ئەو ناوچانە.

بەم دواییانە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە بیابانەکانی نەینەوا، ئەنبار و زنجیرە چیاکانی حەمرین، مەخمور و مەکحول سەربە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین و کەرکووک، ھەروەھا دەورووبەری قەزای سامەڕا و باکووری پارێزگای بەغدا و ناوچەکانی دیکە ئەنجام دا.

لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکان، بەئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی داعش و دەستگیرکردن و کوشتنی تیرۆریستانی رێکخراوەکە، ھەروەھا خاپوورکردنی حەشارگەکان، لاوازکردنی توانای شەڕکردنی رێکخراوی داعش ئەنجامدران، لەبەرامبەردا، داعش ھێرشەکانی لە دەورووبەری سامەڕا باکووری بەغدا لە چیای مەخمور و کەرکووک و ژمارەیەک ناوچەی دیکە، چڕترکردووەتەوە.

لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، لایەنە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاندبوو کە ١٠ بۆ ١٥ تیرۆریستی داعش زنجیرەیەک پەلاماریان لە قەزای سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامداوە و لە ئاکامدا، شەش پۆلیسی فیدراڵیی کوژراون و حەوتی دیکەیش برینداربوون.

پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە سامەڕا دوای دوو رۆژ لەو ئۆپەراسیۆنە دێت کە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لە ناوچەکە ئەنجامدرا کە لە میانیدا دەستبەسەر ٣٠٠ گولـلە ئار بی جی، ٣٥ ھاوەن و ٣٢ گولـلە ھاوەندا گیرا.

لە رۆژی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی ھێزەکانی سەرایا سەلام-یان دا لە قەزای سامەڕا و لە ئاکامدا، دوو چەکداری سەرایا سەلام کوژران.

سەرایا سەلام باڵی چەکداری رەوتی سەدرە کە ئاسایشی ژمارەیەک ناوچەی قەزای سامەڕا دەپارێزن.

لە میانی چەند مانگی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دەستگیرکردن و کوشتنی سەرکردە و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە شوباتی رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بەناو ئەمیری داعش، ئەبو ئیبراھیم قوڕەیشی کوژرا.

ئەمریکا بە ھەماھەنگیی لەگەڵ عێراقدا کاردەکات بۆ زیادکردنی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوانیان بە ئامانجی بەرگرتن لە گەڕانەوەی رێکخراوەکە، ئەوەیش بەپێی رێککەوتننامەیەکی نوێ ستراتیجیی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە پەراوێزی لووتکەی جیددە بۆ ئاسایش و وزە لە سعوودیە واژوویان کرد.

بەپێی رێککەوتننامە ستراتیجییەکە، ھەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دووپات دەکەنەوە، ھەروەھا سووربوونی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە ھەماھەنگیی ئەمنی نێوان ھەردوولات نیشانداوە، ئەوەیش لە پێناو دەستەبەرکردنی نەگەڕانەوەی داعش.

لە روانگەی ئەمریکاوە، ھێشتا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، ئەوەیش لە رێگای چەکدارکردنی ئەندامانی نوێی بۆ رێکخراوەکە لە سەربازگە تایبەتەکانی لە سووریا.

لە راپۆرتێکدا کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەکردووە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش تواناکانی خۆی پاراستووە بۆ ئەنجامدانی پەلامار لە عێراق بە تایبەتیش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک و سەڵاحەددین.

ــ ھەڕەشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامە

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی پێیوایە کە جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھیچ مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی عێراق دروست ناکات، ئەوەیش لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام دراون و لە ئاکامدا، ژمارەیەکی زۆر لە حەشارگەکانی رێکخراوەکە خاپوورکراون، ھەروەھا ریزەکانی رێکخراوەکە لاواز کراوە و ھێڵەکانی گەیاندن و پشتوانیی لەنێوان چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق بچڕاوە.

لەئێستادا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پەلامارەکانی زیاتر لە گوندەوار، بیابانەکانی سنووری عێراق-سووریا، ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای عێراق و ھەروەھا ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا ئەنجام دەدات.

لە راستییدا، ھێشتا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پێکھاتەی خۆی لە عێراق پارستووە، بەڵام ھێز و تواناکاانی لە عێراق لاوازبووە، چونکە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە لە عێراق داگیریکردبوون لەدەستی داوە، بەپێچەوانەی سووریا کە ھێشتا رووبەرێکی فراوانی لە بیابانەکانی پارێزگاکانی حمس و دێرازۆری داگیرکردووە.

بەڵام رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چی دیکە توانای نەماوە بۆ ئەنجامدانی پەلاماری جۆریی بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایشی نیشتمانیی و ھەرێمیی، جگە لە پەلامارە دەگمەنەکانی، وەک پەلامارەکەی سەر گرتووخانەی پیشەسازیی لە شاری حەسەکە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا.

داعش کە لە میانی ئەمساڵد، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی لەدەستداوە، بە توانایەکی کەمەوە ھەوڵی چەکدارکردنی ئەندامانی نوێ دەدات، ھاوکات راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای دارایی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کەمی کردووە کە ساڵانە رێکخراوەکە، ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ سەرجەم ویلایەتەکانی لە ناوەڕاست و باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا تا باکووری ئەفریقا خەرج دەکات.

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەھۆی لەدەستدانی ئەو ناوچە شارنشینانەی کە داگیرکردبوون، بەناچاری خەرجییە داراییەکانی بۆ مووچەی چەکدارەکانی کەمکردووەتەوە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی لە ئەرکە کارگێڕیی و ئەمنییەکان دوور خستووەتەوە و تەنھا ئەرکی شەڕکردنی پێ سپاردوون.

ــ شەڕی تاقەتپڕۆکێن

لەئێستادا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئەنجامدانی پەلامارەکانی زیاتر پشت بە قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی ھێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و ئەو کەسانەیش کە ھاوکارییان دەکەن، بکاتە ئامانج.

ئەوەیش یارمەتیدەر دەبێت بۆ تواناکانی داعش لە رووی پارەدارکردنی پەلامارەکانی، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر بۆ رێکخراوەکە ئەوەیە، چەکدارەکانی خۆی بپارێزێت.

بەڵام لەم ماوەی دواییدا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە چەکدارکردنی ئەندامانی نوێ بۆ ناو رێزەکانی بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە، بەتایبەتی کە پاڵپشتی سوننەکانی ئەو ناوچانەی کە لە ساڵانی ٢٠١٤دا و ٢٠١٧ داگیرکردبوون لەدەستداوە.

ئەمەیش بۆ چەندین ھۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە نەبوونی مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە لە ساڵانی رابردوودا داگیرکردبوون، پەلەکردن لە سەپاندنی تێگەیشتنی خۆی بۆ ئیسلام، ھەروەھا گرتنبەری رێوشوێن لە سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو کەسانەی کە ھاوکارییان لەگەڵ حکوومەتدا کردووە یان ئەو کەسانەی کە سەرپێچی رێوشوێنەکانی رێکخراوەکەیان کردووە، ھەروەھا نەبوونی داھاتی دارایی پێویست لەلایەن ڕێکخراوەکەوە، بێ توانایی قەرەبووکردنەوەی زیانە مرۆییەکانی بە تایبەتیش کە لە ئاستی سەرکردایەتییدا بەر رێکخراوەکە کەوتووە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەوا مانای ئەوە نییە کە داعش بەتەواوی ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە رێکخراوەکە لاواز بووە.

دەکرێت ئەوە دووپات بکرێتەوە کە داعش بە ھەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت، بەتایبەتیش دوای کوژرانی ئەمیرەکەی، ئەبوبەکر بەغدادی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤دا لە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، بەناو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند، دوای ئەوەیش کە جێگرەوەکەی، ئەبو ئیبراھیم ھاشمی قوڕەیشی لە شوباتی ٢٠٢٢دا کوژرا.

ھاوکات رێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەک ھەولێک بۆ پارێزگارییکردن لە مانەوەی خۆی و کاریگەرییەکەی، لە بەھاری ٢٠١٩ەوە شەڕی تاقەتپڕۆکێن بەرامبەر بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەریی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە داعش ھەوڵدەدات زۆرترین زیانی ماددیی بەو ئامێر و کەرەستانە بگەیەنێت کە دەبینە ھۆی کەمبوونەوەی دەرامەتە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın