جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی.. ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بۆ سنووردانانه‌ بۆ هه‌ژموونی ئێران؟

ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە خوازیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریان، دەیانەوێت لە دوای شەڕ لەو وڵاتە لە قۆناغی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بەشدار بن و چاویان لە دروستکردنی پەیوەندی ئابوورییە لەو وڵاتەدا.

İhsan El-Fakih   | 21.11.2021
شیکاریی.. ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بۆ سنووردانانه‌ بۆ هه‌ژموونی ئێران؟

Istanbul

ئیستانبوڵ – AA

ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بییانه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و رێگایه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌ سووریا كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و به‌ فراوانكردنی ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م زیادبوونی ده‌ستوه‌ردانه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دابنێن.

دوای هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیی سووریا له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌ ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١١ و كشاندنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ سووریا تا رژێمی ئه‌سه‌د به‌ته‌واوی پابه‌ند ده‌بێت به‌ پاراستنی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی، په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان رژێم و وڵاتانی عه‌ره‌بی كێشه‌ی تێكه‌وت، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌نگاو نراون بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان رژێم و چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی.

ئه‌و وڵاتانه‌ی چوونه‌ته‌ ناو پرۆسه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رژێم به‌بێ گوێدانه‌ سنوورداركردنه‌ یاساییه‌كان، ده‌یانه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵیان هه‌بێت له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریا و ده‌ستكه‌وت بۆ خۆیان بچننه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندی ئابوورییش له‌گه‌ڵ رژێمدا دروست بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت جگه‌ له‌ وڵاتانی كه‌نداو، ئوردن، عێراق و لوبنان ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سووریا ببوژێننه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی پشتگیری له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دیمه‌شق و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، وای بۆ ده‌چن ژماره‌یه‌ك وڵات كه‌ ئێران-یشیان له‌نێودایه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببنه‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌.

له‌و دۆخه‌دا، ئێران له‌ ره‌وشێكدا ده‌بێت كه‌ گۆڕانكارییه‌ هه‌نووكه‌یییه‌كان له‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی سووریادا قبوڵ ب‌كات، سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی سووریا پێویسته‌ زیاتر له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بگونجێت و له‌ ئێران دوور بكه‌وێته‌وه‌.

چاودێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ئێران كه‌ نه‌یتوانیووه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی پته‌و بنه‌ماكانی ئابووریی، سه‌ربازیی و هه‌ژموونی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ سووریا بونیاد بنێت، ئه‌گه‌ری گۆڕینی ئاراسته‌ی سووریا به‌ڕووی وڵاتانی عه‌ره‌بی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئێران به‌زۆر واقیعی نازانن.

هه‌ڵمه‌ته‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ دیمه‌شق و ده‌ورووبه‌ری، سنووری لوبنان، ئوردن له‌ باشوور و عێراق-یش له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌هێزبوونی ئه‌م هه‌ژموونه‌.


- ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و رژێمی ئەسەد

پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان رژێمی ئەسەد و ئیمارات لە دوای درووستکردنی "ئەنجوومەنی پیاوانی کاری ئیمارات-سووریا" لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١وە پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە بینی.

ئەنجوومەنی پیاوانی کاری ئیمارات-سووریا، جگە لە بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان، ئامانجیان چالاککردنی رۆڵی کەرتی تایبەتە بۆ پێشخستنی ھەماھەنگیی ئابووریی لە زۆربەی بوارەکاندا و درووستکردنی وێستگەیەکی کارەبایی بە توانای ٣٠٠ مێگاوات لەلایەن ئیماراتەوە لە دیمەشق.

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی رژێمی ئەسەد، تەمام رەعد لە میانی ئەو سەردانەی کە لە مانگی ئەیلوولدا بۆ ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئەنجامی دا، لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، سوھەیل مزروعی کۆبوویەوە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جگە لە وزە پرسی هەماهەنگيى نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ کرا.


- یەکەم سەردانی ئاست باڵای ئیمارات

دوای ھەڵوێستی عەرەبی لە رەتکردنەوەی پێشێلکارییەکانی رژێمی ئەسەد و کوشتنی سەدان ھەزار مەدەنی و دەربەدەرکردنی ملیۆنەها کەس لە شەڕی ناوخۆی سووریادا کە دەیان ساڵە بەردەوامە، بۆ یەکەم جار بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی سەردانی سووریای کرد.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئا نهەیان لە نۆی تشرینی دووەمدا، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ بەشار ئەسەددا کۆبوویەوە.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان ئاماژەی بە سووربوونی ئەبو زەبی کردووە لە بابەتی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و یەکێتیی سووریا، هەروەها پاڵپشتیکردنی ھەوڵەکان بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سووریای دووپاتکردووەتەوە.

لەلای خۆیەوە، ئاژانسی ھەواڵیی رژێمی ئەسەد لە ھەواڵێکدا پشت بەستن بە سەرچاوەک لە نووسینگەی ئەسەد بڵاوی کردەوە کە ھەردوولا ھەماھەنگی و رێگاکانی پێشخستنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنانیان تاوتوێ کردووە.

راشیگەیاندووە کە ئەسەد ستایشی، "ھەڵوێستی ژیرانەی ئیمارات-ی کردووە کە ھەموو کات لە پاڵ گەلی سووریادا بوون".

لەلای خۆیەوە، ئیدارەی ئەمریکا، رەخنەی لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ دیمەشق گرت.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان، رژێمی ئەسەدی بە "دیکتاتۆری بێ بزەیی" وەسف کرد و ئەوەی راگەیاند کە ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی نەکراوە.


- هەوڵەکانی میسر بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ ئەندامێتی کۆمکاری عەرەبی

چەند ساڵێکە میسر و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبی هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی سووریا مافی ئەندامێتی لە کۆمکاری عەرەبی بەدەستبهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە هەڵپەسێردراوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا کۆمکاری عەرەبی بڕیاری دا تا کاتێک توندوتیژییەکانی سووریا دەوەستن و هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو دەبن، بەشداریکردنی رژێمی ئەسەد لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبیدا هەڵپەسێرێت، هەروەها کۆمەڵێک سزای سیاسیی و ئابووریی دیکەش سەپێندران بەسەر رژێمی ئەسەددا.


- ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆ

رژێمی ئەسەد دەزانێت کە ناتوانێت بە پشتبەستن بە رووسیا و ئێران لە بواری سەربازییەوە بچێتە بواری ئابوورییەوە و لە قۆناغی دوای جەنگدا رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووریی گەورە دەبێتەوە، هەروەها ئاگاداری ئەوەشە کە بۆ چوونە ناو قۆناغی دوای جەنگ و بنیاتنانەوەی وێرانکارییەکانی دوای جەنگ پێویستی بە چەند هەنگاوێکە.

بەمهۆیەشەوە رژێمی ئەسەد دەخوازێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت وڵاتانی کەنداو کە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزن، پتەو بکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا پێویستی بە ٣٨٨ ملیار دۆلار هەیە، بەڵام رژێمی ئەسەد بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆسەر ماڵ و حاڵیان پێویستی بە ٢٥٠-٤٠٠ ملیار دۆلار هەیە.

لەئێستادا عێراق، لوبنان و جەزائر لە لایەک و میسر، ئوردن و ئیمارات لە لایەکی دیکە هەوڵدەدەن بۆ خێراکردنی قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رژێمی ئەسەد و وڵاتانی عەرەبی، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی مانگی ئاداری ٢٠٢٢ی کۆمکاری عەرەبیدا، رژێمی ئەسەدیش بانگێشت بکرێت.

قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد نیشاندەری ئەوەیە کە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان لەوە تێگەیشتوون کە رژێمی دیمەشق ناکەوێت و بەکارهێنانی رێگای سەربازییش هیچ ئەنجامێکی نابێت.

لەم قۆناغەشدا، رژێمی ئەسەد هەوڵدەدات هێزەکانی خۆی کۆبکاتەوە، تەواوی خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە و ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی پێش ٢٠١١، هەربۆیە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە لە دوای دەستپێکی شۆڕشی گەلی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ دژبە رژێم چەکیان هەڵگرت و تا ساڵی ٢٠١٣ توانیان دوو لەسەر سێی خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکەن.

بەڵام لەئێستادا، رژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی نزیکەی سەدا ٧٠ی خاکی سووریای لەژێر دەستدایە، لەبەرامبەردا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن سەدا نۆ و رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە سەدا ٢١ی خاکی ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدایە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın