Heman Hussein Yaseen
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بە پرۆتۆکۆلێکی فەرمی پێشوازی لێکرا. دواتر لە کۆشکی کۆماریی سووریا، سەرکۆماری سووریا ئەحمەد شەرع، پێشوازیی لێکرد و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی ھاوبەش، لەوانە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سووریا، دۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە و ھەروەھا بارودۆخی پەنابەرانی سووریا باس دەکرێن.
ئەم سەردانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە کە دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق، ھەوڵەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان خێراتر بوونەتەوە. ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕووی مرۆیی و ئاسایشییەوە ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە، بە تایبەتی لە پەنادانی ھەزاران پەنابەریی سووریایی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا.