Emirhan Demir
05 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2026
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بهوه كرد گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران زۆر باش بەڕێوەدەچن و، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دیمەنەکە ڕوون دەبێتەوە و گەرووی هورمزیش بە زوویی دەکرێتەوە.
لە دیمانهیهكیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ترەمپ هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤی ئێران کرد.
بە ئاماژەكردن بەوەی پلان بۆ هێرشێکی گەورە بۆ سهر ئێران داڕێژرابوو، بەڵام دوای داواکاری بەرپرسانی ئێرانی بۆ گفتوگۆ گەڕاونەتەوە بۆ دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگهیاند: "گەورەترین هێرشمان لە دوای جەنگی دووهەمی جیهانەوە ئەنجام دەدا، بەڵام پەیوەندیان پێوە کردم و بە ڕێزەوە گوتیان تکایە دەتوانین قسە بکەین؟ دەتوانین قسە بکەین؟. منیش گوتم بەڵێ، دەتوانین قسە بکەین. وەرن با ئەمه چارهسهر بكهین".
سهرۆكی ئهمریكا ترەمپ، باسی لهوه كرد بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی گفتوگۆی زۆر باشیان ئەنجام داوە و، لە چواری ئابدا تەواوی ڕۆژەکە گفتوگۆیان کردووە و، گوتی: "تاكه شتێكی گرنگ کرداره و ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکهن. دەبینین چی ڕوو دەدات".
هاوكات ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد ئەگەر لایەنی ئێرانی دەستبەرداری دانوستانەکان بێت وەڵامێکی توندیان دەبێت و، ڕایگهیاند: "ئەگەر جارێکی دیکە (لە دانوستانەکان) بكشێنهوه، زەبرێکی زۆر قورسیان بەردەکەوێت. ئەمە دەزانن، لەمە تێدەگەن. هیچ بژاردەیەکی دیکەم نییە".
گوتیشی: "بە زوویی گەرووی (هورمز) دەکرێتەوە یان زۆر به توندی (له ئێران) دەدرێت و دواتر گەرووەکە کراوە دەبێت".