Haydar Karaalp
17 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2026
بهمهبهستی هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی هاریکاریی لە پرۆژەکانی پەرەپێدانی پاڵاوگە و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی له ئهمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وزەی ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل، دارین ودس کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق، زەیدی له درێژهی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە بارەگای ئێکسۆن مۆبیل لە هیوستن لەگەڵ ودس و ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە کۆبووەتهوە.
لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی ئاماژەی بهوه کرد حکوومەت پێداگرە لەسەر گەشەپێدانی بوارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و، داوای کرد ئێکسۆن مۆبیل بەشداری بکات لە پلانەكانی بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن و دەرهێنانی نەوتی عێراق.
هاوكات زەیدی بانگهێشتی کۆمپانیاکەی کرد بۆ هاوبەشی و وەبەرهێنانی درێژخایەن و، سەرنجی خسته سهر گرنگی جێبەجێ کردنی پرۆژەکان بە خێرایی.
سهرۆكوهزیرانی عێراق زەیدی، باسی لهوه كرد ئامانجیانە کۆتایی بە پێویستی هاوردەکردنی غازی سروشتی بهێنن بۆ بەکارهێنانی لە وێستگەکانی کارەبای عێراقدا، لەم چوارچێوەیەشدا کۆکردنەوەی تەواوی ئەو غازەی لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا دەردەچێت و کۆتاییهێنان بە سووتاندنی غاز کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت کاری لەپێشینەیانه.
زەیدی ئهوهیشی خستهڕوو كه بهمهبهستی ههمهچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی خاوەن بەهای گرنگ لە بەرامبەر ئاستەنگە ئابوورییەکاندا. پلانیان ههیه بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی ئێکسۆن مۆبیل یەکەی نوێی پاڵاوگە دابمەزرێنن.
له بهرامبهردا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێکسۆن مۆبیل ودس زانیاری دەربارەی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە عێراق و ناوچەکە و توانای تەکنیکی پێشکەش کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کەرتی نەوتی عێراق دەرفەتی گرنگی وەبەرهێنان و هاوکاری دەڕەخسێنێت.
بە ئاماژەکردن بە گرنگی پابەندبوون بە پێوەرە ژینگەیییەکان و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، ودس باسی لهوه كرد کۆمپانیاکەی خوازیاری هاریکاریی نزیکه لەگەڵ عێراق.