Haydar Şahin, Ahmet Kartal
16 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2026
گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسداران، ئیبراھیم زولفەقاری ڕایگەیاند کە ڕێگا بە ئەمریکا نادەن، لەوەی دەست لە گەرووی ھورمز وەربدات و جەختی لەوەش کردەوە، دەستوەردان لە گەرووی ھورمز "ھێڵی سوورە" و کە ناتواندرێت ببەزێندرێت.
ئاژانسی ھەواڵی ئێران "تەسنیم" بڵاوی کردەوە، ئیبراھیم زولفەقاری ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی ھێرشەکانییەوە، بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ "ناسەقامگیری ئاسایشی" ناوچەکە.
ھەروەھا بەپێی ئاژانسەکە، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەربە سوپای پاسداران، ئیبراھیم زولفەقاری ڕاشیگەیاندووە: "ئەمریکا وەک وڵاتێکی دەرەوەی ناوچەکە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادەین دەست لە گەرووی ھورمز وەربدات، چونکە ئەمە ھێڵێکی سوورە بۆ ئێران کە ناتواندرێت سازشی لەسەر بکرێت و ببەزێندرێت".
ئیبراھیم زولفەقاری ھۆشداری ئەوەشداوە، ئەگەر ئەمریکا ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج ئەوا لە بەرامبەردا، ئێران ھەموو ژێرخانەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.