جيهان

زیاتر لە شەش هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن

- هەرچەندە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی داوە لەسەر خاکەکەی بەڵام بەپێی داتاکان زیاتر لە شەش هەزار سەربازى بیانی لە عێراقدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و پەیمانی ناتۆدا هەن.

Hawkar Yaseen   | 10.06.2021
زیاتر لە شەش هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن

Arbil

هەولێر - AA

هەرچەندە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە بەڵام هێشتا ئەو هێزانە وەک خۆیان ماون و هەندێک لە هێزەکان باس لە زیادبوونی ژمارەشیان دەکرێت.

لە عێراقدا لە چوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتیدا هێزە بیانییەکان لە ئەرکدان، پەیمانی ناتۆ و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش.

لە پێش دەرچوونی بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، هێزەکانی ناتۆ لە عێراقدا ژمارەیان ٥٠٠ سەرباز بوو بەڵام سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری زیادکردنی ژمارەکەیان درا.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە ١٨ی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند ''بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بڕیارمانداوە ئەرکی ناتۆ لە عێراق فراوان بکەین، ژمارەی کارمەندانمان لە ٥٠٠ کەسەوە دەگەیەنینە چوار هەزار، چالاکی مەشقەکانمان زیاتر لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراق و لە ناوچەکانی دەرەوەی بەغدا دەبێت و ئەرکی هێزەکانمان لە عێراق مەشق و راهێنان دەبێت بە هێزە عێراقییەکان ''.

پەیمانی ناتۆ لە ئێستادا ٣٠ وڵات تیایدا بەشدارە و هێزیان لە ناتۆدا هەیە، پێکهاتوون لە ئەمریکا، بەریتانیا، تورکیا، ئیسپانیا، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا، رۆمانیا، پورتوگال، پۆڵەندا، نەرویج، هۆڵەندا، مەکدۆنیای باکوور، لۆکسمبۆرگ، مۆنتیگرۆ، لیتوانیا، لاتیڤیا، ئیتاڵیا، ئایسلاند، هەنگاریا، یۆنان، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیستوانیا، دانیمارک، چیک، کرواتیا، کەنەدا، بوڵگاریا، بەلجیکا و ئەلبانیا.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە رۆژی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا ئەمریکا بڕیاری پێکهێنانیدا بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی داعش لە هەریەک لە عێراق و سووریا.

لە رۆژی چوار و پێنجی ئەیلولی ٢٠١٤ لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆدا وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری بانگهێشتی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی کرد بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش، هەر زوو وڵاتانی ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا پشتیوانیان بۆ ئەمریکا دەربڕی بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش، دواتریش بەشێکیان لە چوارچێوەی ناتۆ بەشداربوون و بەشێکیشیان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشیان پێکهێنا کە تاوەکو ئێستا ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.

هێزەکانی ئەمریکا وەک سەرکردە و پێکهێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەستپێشخەربوون لە وەشاندنی گورزی سەربازیی لە تیرۆرستانی داعش، لە شەڕی دژ بەو رێکخراوەدا بە هێزی سەربازیی شەڕکەڕ هەم بە فڕۆکەی جەنگی و هەمیش بە هاوکاری لۆجستی و چەک و تەقەمەنی و هاوکاری مرۆیش بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕەکەدا بەشداربوون.

هێزە ئەمریکییەکان بەپێی داتا راگەیەندراوەکانی خۆیان لە سەرەتادا پێنج هەزار سەربازبوون، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ژمارەی هێزەکانیان کەمکرایەوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز.

ئەم هێزانە لە چەند بنکەیەکی سەرەکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە فرۆکەخانەی بەغدا سەرەکیترینیانن بەڵام لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازیی هەریر و چەندین بنکەی دیکەی لاوەکیش هێزی ئەمریکی جێگیر کراوە.

جگە لە ئەمریکا هێزەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش کە بەشی زۆریان مەشقپێکەر و راهێنەر و راوێژکارانی سەربازین، نێردراوی وڵاتانی دیکەی ئەندامن لە هاوپەیمانێتییەکەدا، هەرچەندە ژمارەی ورد و دروستییان بە تەواوی دیار نییە بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن ژمارەیان بەفەرمی زیاد دەکرێت بۆ پێنج هەزار کەس لە سەرباز و راهێنەر و راوێژکارانی سەربازی.

فەرەنسا: لە سەرەتای پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، فەرەنسا یەکەمین وڵات بوو کە پشتیوانی بۆ ئەمریکا دەربڕی و لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا یەکەمین هێرشی بۆسەر تیرۆرستانی داعش ئەنجامدا، دواتریش فەرەنسا بە هێزی مەیدانی هەم بە مەشقپێکەر و راهێنەر و راوێژکاری سەربازیی، هەمیش بە هاوکاری لۆجستی و سەربازیی و مرۆیی لە هاوپەیمانێتییەکەدا بەشداربوو.

بەپێی داتای فەرمی سوپای فەرەنسا، ٢٠٠ سەرباز و راهێنەر و مەشقپێکەری لە عێراقدا جێگیرکردووە کە ١٦٠یان راوێژکار و راهێنەرن.

هەرچەندە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠دا بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای فەرەنسا ئەو وڵاتە بڕیاریدابوو هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و دواتریش گوتەبێژی ئەوکاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "ئەو هێزانەی فەرەنسا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراقدا بوون، بە تەواوی كشانەوە و بنكەی سەربازیی ئاسمانی قائیم-یان رادەستی هێزەكانی عێراق كردەوە" بەڵام هێزەکانی فەرەنسا تاوەکو ئێستاش رۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و لە دواهەمین ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگەش لە سنووری گەرمیان هێزی زەمینی و ئاسمانی فەرەنسا لە راوەدوونانی پاشماوەکانی داعشدا بەشداربوون.

بەریتانیا: هێزێکی دیکەی کاریگەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەریتانیا لە چوارچێوەی هەردوو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش و ناتۆدا هێزی لە عێراقدا هەیە، هێزەکانی بەریتانیا چ وەک هێزی شەڕکەر چ وەک راوێژکاری سەربازیی و راهێنەر و مەشقپێکەر، مەشق بە سەربازانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن چ وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان و قوربانییانی جەنگ بەشدار بوون.

رۆژی ١٨ی شوباتی ئەمساڵ ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بێن واڵاس رایگەیاند، چالاکییەکانیان لە عێراق زیاددەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ئێستا ١٧٩ سەرباز و ئەندامی سوپای بەریتانیا لە عێراقدا کوژراون.

بەپێی داتای فەرمی راگەیەندراو، بەریتانیا ١٠٠ سەربازی لە عێراقدا هەیە، بەڵام هەموو سەرچاوە نا فەرمییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی سەربازان و راوێژکارانی بەریتانیا لە عێراق زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، دوای ئەوەش کە ناتۆ بڕیاریدا هێزەکانی لە ٥٠٠ راوێژکاری سەربازییەوە بۆ چوار هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە عێراق زیادبکات، حکوومەتی بەریتانیاش رایگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زیاتری سەرباز و راوێژکاری سەربازیی رەوانەی عێراق دەکەن.

ئەڵمانیا: هێزێكی دیکەی گەورەی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشە، لە سەرەتای شەڕی دژ بەو گرووپە تیرۆریستییەوە بەشدارە و جگە لە بەشداری سەربازەکانی ئەرکی سەرەکی راهێنان بووە بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و تاوەکو ئێستاش لەسەر ئەو ئەرکەی چ لە عێراق چ لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەڵمانیا هاوکارییەکی گەورەی پێشمەرگە و سوپای عێراقی کردووە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی نوێ و دیارترین چەکیش کە ئێستا لە دەستی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندایە میلان بوو.

بەپێی داتا نافەرمییەکان ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش ٥٠٠ سەرباز و راوێژكاری سەربازیی لە عیراقدا هەیە.

لەکۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا پەرلەمانی ئەو وڵاتە مانەوەی هێزەکانی خستە دەنگدانەوە و ٤٣١ پەرلەمانتار دەنگیان بە مانەوەی هێزەکانیان دا لە عێراق و ٢٠٩ پەرلەمانتاریش دژی بوون، بەمەش مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ١٥ مانگ درێژکرایەوە و تاوەکو ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دەمێننەوە.

هۆڵەندا: یەکێکی دیکەیە لە هێزە بەشدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هێزەکانی هۆڵەندا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و هێزەکانی ناتۆشدا بەشدارن و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩شدا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڕیاریدا تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانیان لە چوارچێوەی هەردوو هاوپەیمانێتییەکەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بمێننەوە کە رۆڵیان مەشق پێکردن و راهێنانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە.

هۆڵەندا پێشتر ٦٠ سەربازی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و ٢٠ سەربازیشی لە ناتۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبوو، کە ئەرکیان راهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە لەسەر چەند تەکنیکێکی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە کە بەپێی داتاکانیان لە سالی ٢٠١٥ەوە مەشقیان بە نزیکەی ١٠٠ هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی کردووە.

لەدوای هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا، حکوومەتی هۆڵەندا بڕیاریدا ١٥٠ سەربازی دیکەی بنێرێتە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەرکی سەرەکی ئەم سەربازە نوێیانەش پاراستنی بنکە سەربازییەکان و پێدانی راوێژی سەربازی و راهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە.

ئیتاڵیا: زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هێزەکانی ئیتاڵیا لەرووی ژمارەوە لەدوای ئەمریکا دووەم گەورەترین هێزی بیانین لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆڵی سەربازانی ئیتاڵیا مەشقپێکردن و راهێنان و فێردکردنی تەکنیکی نوێی شەڕ بوو بە هێزەکانی پیشمەرگە و سوپای عێراق.

بەپێی لێدوانێکی پێشتری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، بۆ میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٧دا ئیتاڵیا ٨٠٠ سەرباز و راهێنەر و مەشقپێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو.

ئەرکی سەرەکی هێزەکانی ئیتاڵیا زیاتر راوێژی سەربازی و راهێنان و کردنەوەی بنکەی مەشق بووە، جگە لەوەش لە شەڕەکاندا رۆڵی رێکخەر و زانیاری پێدەر دەبینن بە هێزە شەڕکەرەکان و راوێژی سەربازییان پێدەدەن لەڕێی شارەزایانی سەربازیی خۆیان هەم پلانی شەڕکردن و هەم زانیاری هەواڵگریی دەدەن بە هێزە شەڕکەرە مەیدانی و ئاسمانییەکان.

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی دژە تیرۆری عێراقیشدا لە سنووری کفری کە رۆژی ٦ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ئیتاڵیا وەک زانیاری پێدەر و رێکخەر لە شەرەکەدا بەشداربوون.

بەلجیکا: لەسەرەتای شەڕی داعش لەنێو هاوپەیمانی دژبە داعش بە هێزی ئاسمانی لەڕێگای شەش فرۆکەی F16 بەشداریی لە شەڕەکەدا کرد، دواتریش وەک هەنگاوی یەکەم لە شوباتی ٢٠١٥دا حکوومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا ٣٥ سەرباز و راهێنەر بنێرێتە عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ کە ٢٠یان راهێنەر و راوێژکاری سەربازیی بوون بۆ راهێنان بە هێزە عێراقییەکان و ١٥شیان وەک سەرباز بۆ پاسەوانی لەو راهێنەرانە هاتبوونە عیراق.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هێزی بەلجیکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراقدا هەن و ئەرکی سەرەکیشیان راهێنان و مەشقپێکردنی سەربازانی عێراقییە.

دانیمارک: لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤دا بڕیاریدا بۆ بەشداریی لە شەڕی دژبە داعش حەوت فرۆکەی جۆری F16 رەوانەی عێراق بکات بۆ بۆردومانکردنی مۆڵگە و پێگەکانی داعش، جگە لەوەش ژمارەیەک سەرباز و راهێنەری ناردە عێراق بۆ هاوکاریکردن و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان.

لەماوەی مانەوەی ئەو هێزەی دانیمارک لە عێراق جگە لە مەشق و راهێنان لە چەندین ئۆپەراسیۆن و پرۆسەی سەربازی مەیدانی و ئاسمانیی دژبە داعشدا بەشداربوون.

شوێنی مانەوەی هێزەکانی دانیمارک لە عێراق بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدە لە پارێزگای ئەنبار، لەدوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، دانیمارک سەرجەم چالاکییەکانی لە عێراقدا راگرت و لەدوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانیش بۆسەر بنكەکە، لەپێناو پاراستنی گیانیان سەرجەم سەربازانی دانیمارک گواسترانەوە بۆ كوێت کە ژمارەیان ١٣٠ سەرباز بوون.

وەزیری بەرگریی دانیمارك، ترین برامسن رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٠ لە لێدوانیکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "مانگی رابردوو ژمارەیەک لە هێزەکانمان لە ترسی دۆخی ئەمنی گواستووەتەوە بۆ کوێت، بەڵام لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە دەست بە هێنانەوەیان دەکرێت بۆ شوێنی خۆیان لە بنکەی عەین ئەسەد".

ئیسپانیا: لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای پرتوگال بنکەی مەشق و راهێنانیان کردەوە و راهێنانیان بە زیاتر لە ٥٠ هەزار سەرباز و پۆلیسی فیدراڵی عێراق کردووە.

هێزەکانی ئیسپانیا لە عێراق نزیکەی ٣٢٠ سەربازن، ٢٤٠ سەرباز و راوێژکار و راهێنەریان ئەرکی راهێنان و مەشقپێکردنی سەربازانی عێراق بووە و ٨٠ کەسیشیان لە بنکەی سەربازیی تاجی دەمێننەوە کە سەربە هێزی ئاسمانی ئیسپانیان و ئەرکیان ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان بوو لە عێراقدا.

نەرویج: لە سەرەتای دەستپێکردنی شەری دژبە داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە پێنج یەکەی سەربازیی بەشداریکرد کە ئەرکیان چاودێریکردن و راهێنان بوو بە هێزەکانی عێراق و هێزی پیشمەرگە، ژمارەی سەربازانی نەرویج بە راهێنەر و مەشقپێکەرانەوە لە عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش ٧٠ کەسن و ئەرکی سەرەکیشیان راهێنان و مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان و پیشمەرگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاراییان بوو.

هەنگاریا: زیاتر لە ٢٠٠ سەرباز و راوێژکار و راهێنەری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەرکی سەرەکییان راهێنان و مەشقپێکردنی هێزەکانی پیشمەرگەیە و تاوەکو ئێستا چەندین خولی راهێنان و مەشقپێکردنی چڕییان بۆ هێزەکانی پیشمەرگە کردووەتەوە.

هەنگاریا تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ تۆن کەرەستە و چەک و پێداویستی سەربازیی پێشکەشی وەزارەتی پیشمەرگەی هەرێمی کوردستان کردووە و بەشی زۆری ئەو چەک و تەقەمەنیانەش راستەوخۆ دراوە بە پێشمەرگە.

کەنەدا: لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی شەری دژبە تیرۆر لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و ناتۆ ٦٩ سەربازی تایبەتی ناردە هەرێمی کوردستان بۆ راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و شەش فرۆکەی F16شی لە کوێت جێگیرکرد بۆ لێدان لە مۆڵگە و پێگەکانی داعش.

هێزەکانی کەنەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە ٤٠٠ سەرباز و راهێنەر، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی یەکەکانی مەشق و راهێنان کەنەدا بەشی زۆری سەربازەکانی کشاندەوە و تەنیا ١٠٠ سەربازی لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش هێشتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەندێک لە میدیا جیهانییەکان پەیمانی ناتۆ دوای بڕیاری زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق، فشاری لە کەنەدا کردووە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ٢٠٠ سەربازی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا.

ئوستڕالیا: لە سەرەتای بڕیاردان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بڕیاریدا ببێت بە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ەوە ئوستڕالیا ئامادەكاریی بۆ بەشداریكردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش کرد و ٦٠٠ سەربازی خۆی ناردە ئیمارات بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێن.

جگە لەوەش لەو یەكە سەربازییە، هەشت فڕۆكەی جۆری "سوپەر هۆرێنت" و فڕۆكەیەكی رادار و فڕۆكەیەكی دابینكەری سووتەمەنی فڕۆكەكانی جێگیرکرد، دواتریش هەموویان لە شەڕەکاندا بەکارهاتن.

هێزەکانی ئوستڕالیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر ئەرکیان مەشقپێکردن و راهێنانی سەربازانی عێراق و پێشمەرگە بوو لەسەر تەکنیکی نوێی شەڕکردن و راهێنانیان لەسەر چەکە نوێکان.

هەریەک لە وڵاتانی یۆنان، نەمسا و پۆلۆنیا و چەند وڵاتێکی دیکە بە هاوکاری مرۆیی و راهێنانی سەربازیی بەشداربوون لە هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش.

لە وڵاتانی ئاسیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایوان و سەنگاپوور بە هاوکاری مرۆیی هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد.

لە وڵاتانی عەرەبیش سعوودییە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە هاوکاریکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، سعوودیە خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بەرووی هێزەکانی هاوپەیماناندا کردەوە وەک بنکەیەکی زەمینی بۆ لێدان لە داعش، جگە لەوەش چەند فرۆکەیەکی سعوودی لە هێرشەکاندا بەشداربوون، هەندێک سەرچاوە باس لە بوونی هێزی سعوودیش دەکەن لە خاکی عێراقدا.

جگە لە سعوودیە هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، میسر و ئوردن لە هاوکاریکردنی هاوپەیمانییەکەدا بەشداربوون.




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.