جيهان

رووسیا داوادەکات رێگاکانی دابینکردنی چەک بۆ تیرۆريستان لە ئەفغانستان دابخرێن

Ali Cura   | 14.10.2021
رووسیا داوادەکات رێگاکانی دابینکردنی چەک بۆ تیرۆريستان لە ئەفغانستان دابخرێن

Moskova

مۆسکۆ- AA

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەی ئاشکرا کرد کە پێویستە بەزووترین کات رێگاکانی دابینکردنی چەک بۆ تیرۆریستان لە ئەفغانستان دابخرێن.

سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی حەڤدەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆمەڵەی دەوڵەتە سەربەخۆکاندا گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە رێگری لەو رەوشە مرۆییە بکرێت کە وای کردووە لێشاوی کۆچی پەنابەرانی ئەفغانستان بەرەو ناوەڕاستی ئاسیا زیاد بکات و گوتی: "ئێمە لەوە نیگەرانین کە تیرۆریستان و ئەندامانی گرووپە توندڕەوەکان لەژێر ناوی پەنابەردا دزە بکەنە سنوورەکانی باشوورەوە، پێویستە بەزووترین کات سەرجەم رێگاکانی دابینکردنی چەک بۆ ئەو گرووپ و لایەنانە دابخرێن".

وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش دا کە زیادبوونی هەماهەنگییەکانی کۆمەڵەی دەوڵەتە سەربەخۆکان، رێکخراوی رێککەوتنی ئاشتی گشتگیر و رێکخراوی هاوپەیمانی شانگهای، دەربارەی پرسی ئەفغانستان شتێکی گرنگە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە مانگی رابردووش لە میانی کۆبوونەوەکانی رێکخراوی رێککەوتنی ئاشتی گشتگیر و رێکخراوی هاوپەیمانی شانگهای لە شاری دووشەنبە پایتەختی تاجیکستان، ئەم بابەتە باس کراوە.

- پێویستە بەباشی هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکەی رۆژئاوا تایبەت بە هاوکاریکردنی ئاسیای ناوەڕاست بکرێت

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە درێژەی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بە پاساوی هاوکاریکردنی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، پێشنیازی پێکهێنانی هەماهەنگی ئەمنی دوولایەنەیان کردووە و گوتی: "بێگومان هەموو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە کە لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیدا سیاسەتێکی دەرەکی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام پێویستە هەمیشە بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ سوودە راستەقینەکانی ئەم جۆرە پێشنیازانە، کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی هەرێمی و ئەو بوودجانە بکرێت کە بۆیان دیاریی کراوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın